بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی تیری ١٤٠٤، بەرامبەر بە ٢٢ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بە بۆردومانکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەڕێگەی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی بی-2 و مووشەکی کروزی ئەمریکییەوە، سێبەری ڕەشی شەڕێکی وێرانکەر بە دەرئەنجامە تێکدەر وکۆنەپەرستانەکانیەوە، سایەی بەسەر خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا بەرینترکردەوە. ئەم هێرشە، لە سەروبەندی دانوستانەکاندا، بە شێوەیەکی کرداری، جەنگی گەیاندە قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزتر و زۆر مەترسیدار، بۆ خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەتیش بۆ خەڵکی ئێران.

    جینۆساید لە کەرتی غەززە، هێرشی تاکلایەنەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هێرشی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بە پشتیوانی بێدرێغی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا، گۆشەیەکن لەو دونیایەی کە سەرانی  “جیهانی ئازاد” بۆ ملیارەها کەس لە سەرانسەری ئەم هەسارەیەدا دروستیان کردووە. جیهانێک کە میلیتاریزم و تیرۆری دەوڵەتی و چەتەگەری و پووچبونی یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بوونەتە بەشێک لە ناسنامەکەی. جیهانێک بە بێ هیچ پێوەرێکی مرۆیی، جیهانێک کە بەهای گیانی مرۆڤەکان، جیهانگیر نیە.

    دەسەڵاتێک کە بۆمبی ئەتۆمی بەکارهێناوە، دەسەڵاتێک کە لەژێر بیانۆی لەناوبردنی چەکی کۆمەڵکوژ، عێراقی کردە وێرانە، دەسەڵاتێک کە بەبیانوی جەنگ دژ بە تیرۆریزم، ئەفغانستانی  ڕادەستی باندێکی کۆنەپەرست و دژە مرۆیی کرد، ئەمڕۆ بەناوی “جەنگ بەرامبەر ئێرانێکی ئەتۆمی” و “بەرگریکردن لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” خەڵکی بێگوناهی ئێران دەکاتە قوربانی ئامانجە کۆنەپەرستەکانی خۆی. دەسەڵاتێک  کە لەژێر ئاڵای درۆینەی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆر و مەلاکان و ئازادکردنی خەڵکی ئێران و بە زەمینەخۆشکردن بۆ مەترسیدارترین باندە کۆنەپەرستەکان، لە فاشیستە ئارییەکانەوە تا باندەکانی موجاهیدینی خەڵق و باندە فاشیەکانی ناسیونالیزمی کورد، مەترسی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی کۆمەڵگە، لەپێش چاوی حەپەساوی خەڵکی دنیادا داناوە.

     حزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی) هێرشەکانی ئەمریکا، وەک کردەوەیەکی مەترسیدار و سەرەڕۆیانە، بەتوندی سەرکۆنە دەکات و دەستەی فەرمانڕەوای ئەو ووڵاتە بە بەرپرسیاری راستەوخۆ دەزانێت بەرامبەر ئاکامەکان و مەترسیە هەمەلایەنەکانی بۆ سەر خەڵکی ئێران و خەڵکی ناوچەکە و جیهان.

    هاوکات حزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)، هاوکاری و بەرگری  دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی، لەم سەرکێشیە سەربازیە و ئەم جەنگە مەترسیدارە، کە دامێن و مەودا و ئاکامە گشتیەکانی، بۆ کەس ڕۆشن نیە، بە بەشداری راستەوخۆ لە جەنگ و بۆمبارانکردن دەزانێت.

    ئێمە بانگەوازی کرێکارانی جیهان، ڕێکخراو و ناوەندەکانی دژ بە جەنگ و ئاشتیخواز و بەشەریەتی شارستانی و مرۆڤدۆست، دەکەین، کە نارەزایەتی بەرفراوان و گشتگیر و چالاکی دەستبەجێ و کرداری ئەنجامبدەن، لە پێناو  بەرگرتن بە ماشینی جەنگی ئەمریکا – ئیسرائیل و هاوبەشەکانیان. خەڵکی ئێران زیاتر لە چوار دەیەیە، ڕۆژانە  و لە هەموو لایەکەوە، لە پێناو ئازادی ، خۆشگوزەرانی، ئاسایش و یەکسانی دژ بە جمهوری ئیسلامی، لە تێکۆشاندان. خەڵکی ئێران  نە خوازیاری جەنگ و بۆمبارانکردنن لە هەر لایەکەوە بێت، وە نە لە خەباتیاندا لەپێناو جیهانێکی بێ جەنگ وهەژاری و بێبەشی، پێویستیان بە رزگارکەرانی تاوانکار، بە قەسابەکانی خەڵکی غەزە و خوڵقێنەرانی جەنگ و نائەمنی و وێرانکاری  وکوشتاری خەڵکی بێگوناه لە ناوچەکە، هەیە.

    حزبی حیکمەتیست( خەتی ڕەسمی)

    ١ی تیری ١٤٠٤/  ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥

    Share.