تەنگەژەی ئابوری عێراق!

    عوسمانی حاجی مارف

    ئەمریکا بەدوای کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق، گوایە ئەرکێکی سەربازی ١٢ ساڵەی کۆتایی پێدەهێنێت، نەک ‘داگیرکاری”، بەڵام پەیوەندی و بەرژەوەندیەکانی دەپارێزێت کە لە بوونی هێزە سەربازیەکانی زیاتر پەلدەکێشێت، کە پەیوەندیە ئابوری و دارایی و هاوکاریە ئەمنیەکان و بەرژەوەندی کۆمپانیاکانە، واتە قۆناغێکی نوێ لە  هەژمونی و پەیوەندیەکانی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا دەست پێدەکات، قۆناغێک کە تیایدایە، پرسیارەکە لەسەر ئەوەیە کە ئەمریکا چ ئامڕازێکی کاریگەری دەهێڵێتەوە بۆ سنوورەکانی ڕۆڵی دوای کشانەوەکە.

    تەنانەت دوای کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق، واشنتۆن کەرەستەیەکی دارایی کاریگەری لە دەستدایە، کە پەیوەندی بە داهاتی نەوتی عێراقەوە هەیە، تا ئێستاش لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک دانراوە، ئەم پەیوەندیە گرنگە، چونکە بەغدا پشت بە نەوت دەبەستێت کە نزیکەی ٪٩٠ ی بودجەی دەوڵەت دابین دەکات، هەروەها پێویستی بە دۆلارە بۆ دابینکردنی دارایی بازرگانی و هاوردەکردن.

    بەڵام داسەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا، بەغدا ڕوبەڕوی دووفاقیەک دەکاتەوە، بەغدا پێویستی بەوەدەبێت کە خۆی لەو سزایانە بپارێزێت، کە دامەزراوە داراییەکان و کۆمپانیاکانی مامەڵەکردن لەبەرامبەر تاراندا دەکاتە ئامانج، بەڵام لە هەمانکاتدا حکومەتی عێراق ناتوانێت پەیوەندیە بازرگانی و داراییەکانی لەگەڵ تاران بپچڕێنێت. کەمبونەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەتی عێراق بوارێکی کەمی بۆ مامەڵەکردن هەبێت. ئەم دوو فاقیەی بەغدا، لەلایەک دەیخاتە نێوان فشارەکانی ئەمریکا بە ئامانجی سنووردارکردنی ئەو کەناڵانەی کە تاران بۆ دەربازبون لە سزاکان بەکاری دەهێنێت، لەلایەکی ترەوە پێویستیەکی عێراق بۆ پاراستنی پەیوەندیە بازرگانی و داراییەکانی لە گەڵ ئێران کە نوێنەرایەتی بەشێکی گرنگی چالاکی هاوردە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن.

     لەگەڵ فراوانبوونی گەمارۆ لاوەکیەکان، ناکۆکی ئەمریکا و ئێران لە تاراندا قەتیس نەماوە، ئێستا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراقە و کاریگەری لەسەر بانک و کۆمپانیا و بازاڕەکانی هەیە. دوایین هەڵمەتی ئابووری ئەمریکا جیاوازە لە چاو سزاکانی پێشوودا، بەو پێیەی سزاکان چیتر دوولایەنە نین، تەنیا تارانیان کردۆتە ئامانج، بەڵکو درێژبوونەتەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانە دەرەکیەکانیشی بگرێتەوە، لە ڕێگەی چڕکردنەوەی سزا لاوەکیەکانەوە.

    بە ئامانجگرتنی بانکەکان، بەندەرەکان، کۆمپانیاکانی بیمە و کۆمپانیاکانی گواستنەوە کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن لە وڵاتانی وەک عێراق، تورکیا، ئیمارات، چین.

    حکومەتی بەغدا لە نێوان چەقۆی پابەندبون بە فشارەکانی ئەمریکا و سەنگەری ئەو پەیوەندیە جیۆ-ئابووریانەی کە عێراق بە ئێرانەوە دەبەستێتەوە، خۆی لە دڵی زریانەکەدا دەبینێتەوە، مەسەلەکە تەنها پەیوەندی بە پابەندبون بە ڕێوشوێنەکانی ئەمریکاوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کاردانەوەی ئەگەری لەسەر بانکەکان و بازاڕی ئاڵوگۆڕ و ڕۆیشتنی کاڵاکانەوە هەیە، لە کاتێکدا کە ئابووری عێراق لە ئێستاوە ڕووبەڕووی فشاری زیاتر بۆتەوە. زۆربەی بانک و دامەزراوە دارییەکان و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی پارەی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن، چ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە، هەموویان دوای پاکێجی نوێی سزاکان، کەوتوونەتە ژێر چاودێری ئەمریکاوە. کاریگەری نەرێنی گەورە لەسەر سەقامگیری دراوی ناوخۆی و ناجێگیری بازاڕەکانی نرخی ئاڵوگۆڕ هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئیدارەی ترەمپ ئامانجی بڕینی هەموو ئەو ڕێگایانەیە کە تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکان بەکاری دەهێنێت، عێراق دەبێتە قوربانی یەکەم.

    هەستیاری ئەم مەسەلەیە تەنیا کەرتی دارایی نەگرتۆتە خۆی، بەو پێیەی قەبارەی بازرگانی نێوان بەغدا و تاران زیاتر حساباتی حکومەتی عێراق ئاڵۆزتر دەکات، بەپێی ئامارە فەرمیەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار، کە کۆمەڵێک کاڵا لەخۆدەگرێت لەوانە خۆراک و بەرهەمە بەکارهێنراوەکان. توندکردنەوەی سزاکان و سنووردارکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەغدا ناچار دەکات بەدوای دەروازە و بازاڕە بەدیلەکانی هاوردەکردندا بگەڕێت، ئەمەش ڕەنگە تێچووی بودجەی دەوڵەت زیاد بکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی هەناردەکردنی نەوت بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە.

    ئەوەی شایانی باسە مەرج نییە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ببێتە هۆی وەستانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بەتەواوی، تەنانەت ئەگەر عێراقیش پابەند بێت بەو ڕێوشوێنانەی ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی، چونکە سزاکان هەرچەندە بەرفراوان بن، نابێتە هۆی پچڕانی تەواوەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران، ڕۆژانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بە کەڵک وەرگرتن لە دراوە ناوخۆییەکانیان، دیناری عێراقی و تمەنی ئێرانی بەڕێوەدەچێت، دوور لە باڵادەستی دۆلاری ئەمریکیەوە.

    عەلی زەیدی، پەیامی لە ئیدارەی ترەمپەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە پێویستی پچڕاندنی پەیوەندیە ئابووری و بازرگانیەکان لەگەڵ ئێران و کارکردن بۆ بڕینی ڕۆیشتنی دۆلاری ئەمریکی لە عێراقەوە بۆ ئێران، لە پێناو ئەوەی بەغدا نەکەوێتە ژێر سزاکانی ئەمریکاوە. حکومەتی زەیدی، لە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندی و هاریکاری ئابووریە لەگەڵ ئەمەریکا، نەک تەنها یارمەتیدانی عێراق بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابوری ئێستای، بەڵکو دڵنیابون لەوەی هیچ سزایەک بەسەر عێراقدا نەسەپێندرێت و پەیوەندی نێوان واشنتۆن و بەغدا بگۆڕێت بۆ پەیوەندیەکی هاوبەشی و هاوکاری ئابووری، هەروەها ترسی ئەوە هەیە کە سزاکانی ئەمریکا بۆ دامودەزگاکانی عێراق درێژببێتەوە، ئەگەر هاوکاریە ئابووری و داراییەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت، ئەگەر واشنتۆن بڕیاری توندکردنەوەی ڕێوشوێنە سزاییەکانی بدات، ئەوا دامەزراوە داراییەکانی عێراق دەتوانن خۆیان لەبەردەم سزاکاندا ببیننەوە کە ئابوری عێراق بە زەحمەت بەرگەی کاردانەوەکانی دەگرێت، بەتایبەتی لە ئێستادا.

    لەلایەکی دیکەوە حکومەتەکەی زەیدی ڕووبەڕووی فشارەکانی تاران دەبێتەوە بۆ ئەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا پشتگوێ بخات و کەناڵە ئابووری و بازرگانیەکانی نێوان هەردوو وڵات بپارێزێت. کۆماری ئیسلامی ئێران دوای ڕاگەیاندنی هەڵمەتی سزاکانی ئەمریکا بە خێرایی پەیوەندیان بە بەرپرسانی عێراقەوە کردووە بۆ ئەوەی جەخت لەسەر پێویستی پابەندنەبوون بەو سزایانە بکەنەوە. بەرپرسانی ئابووری و سیاسی ئێران لەم دواییانەدا سەردانی بەغدایان کردووە بۆ داڕشتنی پلانێک بۆ بەڕەنگاربوونەوەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و دڵنیابوون لە بەردەوامی پەیوەندیە بازرگانی و داراییەکانی نێوان هەردوو وڵات، تاران دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی بازاڕی عێراق وەک شوێنی سەرەکی بۆ بەرهەمەکانی بمێنێتەوە، هاوکات عێراقیش وەک دەرگای پشتەوە بەدەستهێنانی دۆلاری ئەمریکی بپارێزێت. هەروەها ئێران پێشنیاریان بۆ زەیدی کردووە بۆ ئەوەی بەشێک لە کەشتیە نەوتهەڵگرەکانی عێراق بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، لەبەرامبەر پابەندنەبوونی عێراق بە سزاکانی ئەمریکا، ئەمەش زەیدی دەخاتە نێوان دوو بژاردەی قورسەوە، لەوانەش هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ کەمکردنەوەی تەنگەژەی ئابووری، هاوکات دوورکەوتنەوە لە مەترسی توڕەکردنی واشنتۆن و بەرکەوتنی عێراق بۆ سزاکانی ئەمریکا.

    ئێران قسەکانی خۆی لە دژی ئەو وڵاتانە پەرەپێدا کە ڕەنگە پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن، هەروەها هەڕەشە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە دەکەن کە هاوکاری ئەمریکان لە جێبەجێکردنی گەمارۆ سەپێنراوەکانی سەر ئێران. بەڵام پێدەچێت لەباری عەمەلیەوە ئەگەری ئەوە کەم بێت کە ئێران عێراق بکاتە ئامانج، ئەگەر پابەندیش بێت بە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، چونکە چەندین کەناڵی پشتەوە هەن بۆ هاریکاری ئابووری نێوان ئێران و عێراق.

    گەورەترین کاردانەوەی نیگەرانی لایەنەکانی حەشدی شەعبی نزیک بە ئێران، ڕەنگە کۆمپانیا نەوتیە ئەمریکیەکان بکەنە ئامانج کە لە عێراق کاردەکەن، تا فشار بخەنە سەر واشنتۆن بۆ ئەوەی سزا ئابووریەکانی لەسەر تاران سووک بکات، سیناریۆیەکی لەو شێوەیە کاردانەوەی نوێ دەخاتە بەردەم حکومەتی عێراق، ئەمەش بە دڵنیاییەوە عێراق بەرەوڕووی سزاکانی ئەمریکا دەبێتەوە و عێراق لە قەیرانێکی ڕاستەقینە ڕادەگرێت.

    توانای واشنتۆن بۆ سزادانی ئەو قەوارانەی کە لەڕووی ئابووریەوە لەگەڵ ئێراندا هاوکاری دەکەن، گوشاریشە بۆ سەر بەغدا، بەڵام مەرج نییە بە مانایکۆتایی هاتنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان هەردوو وڵات بێت. سزاکان بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراق پەکدەخەن و فشارە داراییەکان لەسەر حکومەت زیاتر دەبن، بەڵام، مەرج نییە ئەمە ببێتە هۆی داخستنی سەرجەم کەناڵە بازرگانیەکانی نێوان بەغدا و تاران، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێگایانەی کە بوار بە بەشێک لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دارایی نێوان هەردوو وڵات دەدەن بەردەوام بێت.

    گرنگی ئەو کەناڵانە زیاتر دەبێت، چونکە هەندێک ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران پشت بە دراوە ناوخۆییەکان دەبەستێت، ئەمەش پێویستی بەکارهێنانی دۆلار لە هەندێک مامەڵەدا کەمدەکاتەوە و توانای ئەوە دەدات بە بازرگانان بۆ درێژەدان بە هەندێک لە چالاکیەکانیان لە دەرەوەی ئەو سیستمە داراییەی کە واشنتۆن چاودێری دەکات. سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هەرچەندە کاریگەر بن، ناتوانن کەناڵە بازرگانیە فەرمی و نافەرمیەکانی نێوان دوو وڵات لەناوببەن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی دوور و درێژی تاران لە مامەڵەکردن لەگەڵ سزاکان و دۆزینەوەی ڕێگەی بەدیل.

    بەم پێیە، بۆ بەغدا، قەیرانەکە تەنیا پەیوەست نیە بە پابەندبوون یان ڕەتکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بە توانای حکومەتەوە هەیە بۆ بەڕێوەبردنی تۆڕێک لە بەرژەوەندیە تێکەڵاوەکان: پاراستنی پەیوەندیە ئابووریەکانی لەگەڵ ئێران، پاراستنی دامەزراوە داراییەکانی لە سزا لاوەکیەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی ڕۆیشتنی نەوت و بازرگانی، هەروها ڕێکخستن و پاراستنی ئارامی پەیوەندی ئابوری لەگەڵ هەرێم، لە کاتێکدا کە ژورە مانۆڕیەکانی ئابووری عێراق بەرەو بچووکبوونەوە دەچێت و ئاڵوگۆڕی خێرای دۆخەکە و ململانێکان هەر ڕۆژە دیاردەیەک نیشان ئەدات.

    Share.