مەراسیمی رێزلێنانی هاوڕێ مستەفا یونسی لە شاری تۆرنتۆ
رۆژی شەممە ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، کۆمیتەی رێکخستنی کەنەدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەناو کۆڕی هاوڕێیانی حزبی و دۆست و ئاشنایانی لەشاری تۆرنتۆ لە کەنەدا، مەراسیمێکی رێزلێنانی بۆ خەبات و ژیان و تێکۆشانی بۆ هاوڕێی ئازیز مستەفا یونسی کادری بەرجەستەی حزب و ڕاویژکاری کۆمیتەی کەنەدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەڕێوەبرد.
سەرەتای مەراسیم بە سرودی ئەنتەرناسیۆناڵ و خولەکێك بێدەنگی بۆ رێزنان لە ژیان و خەباتی هاوڕێ مستەفاو هاورێیانی گیانبەختکردوی رێگای ئازادی و سوشیالیزم دەستی پێکرد. پاشان هاوڕێ ئاراس رەشید بەرپرسی کەنەدای کۆمیتەی رێکخستنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، وتەی کۆمیتەی پێشکەش کرد. لە ووتەکەیدا ئاماژەیدا بە دەروو نەخشی هاورێ مستەفا وەکو کۆمۆنیستی پەیگیر و ماندوونەناس و و خاوەن بروای قایم بە خەباتی رێکخراوی کۆمۆنیستی و هەروەها کادرێکی کۆمۆنیستی کرێکاری و تێکۆشەرێکی جدی بۆ بەدیهێنانی دنیایەکی باشتر. پاشان هاوڕێ عادل ئەحمەد بەرپرسی رێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقی خوێندەوە کە بەوبۆنەوە بڵاوکرابوەوە.
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا پەیامی حزب و لایەنەکان خوێنرایەوە کە بۆ مەراسیمەکە ناردبوویان. هەروەها هاوڕێ جەلال سەعید بەرپرسی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی لەکەنەدا، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەڕۆڵی هاوڕێ مستەفا کرد وەکو کەسێکی چالاكا هەڵسوڕاوی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی و هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی لە دۆسیەی پەنابەران کرد. دواتر هەندێ هاورێ و دۆستی هاورێ مستەفا یادگاریەکانی خۆیان لەگەڵ هاورێ مستەفا بۆ ئامادەبووان گێرایەوە.
لە چوارچێوەی مەراسیمەکەدا کلیپێکی ڤیدیۆیی بە مۆسیقا و وێنە و ڤیدیۆوە بەشێک لەژیان و تێکۆشان و هەڵسوڕانی هاوڕێ مستەفا یونسی نیشاندرا، کە لەلایەن هاوڕێ کاوان قادرەوە ئامادەکرابوو بەدەنگی هاوڕێ دیار بەرزنجی ژیاننامەکەی تۆمارکرابوو.
شایانی باسە مێزکتێبی حزب کە بڵاوکراوەکانی حزب و کتێبی جۆراوجۆری تێدابوو، بەشێکبوو لە سیمای ناو هۆڵی مەراسیمەکە. لە کۆتاییدا بە سرودی ئینتەرناسیۆنال کۆتایی بە مەراسیمە هێنرا.
