بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق سەبارەت بە گیان لەدەستدانی هاوڕێ ساڵح هادی {ئەبو هەببە}
بە داخ و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی گیان لەدەستدانی هاوڕێ ساڵح هادی {ئەبو هەببە}، ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لە ڕێکخستنەکانی بەغدامان پێگەیشت کە ئەمڕۆ، پێنجی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە ئەنجامی خوێنبەربوونی مێشك، لە نەخۆشخانەی ( نەخۆشیەکانی مێشك- الجملة العصبیة) لە شاری بەغدا دوا ماڵاوایی کرد.
گیان لەدەستدانەکەی کاریگەرییەکی ئازاربەخشی لە دڵی هەموو ئەو کەسانەدا بەجێهێشت کە دەیانناسی، هاوڕێی بوون و لە کاروانی تێکۆشاندا شانبەشانی دەجەنگان.
هاوڕێ ساڵح هادی پەیوەندی بە کۆنگرەی ئازادیی عێراقەوە کرد؛ کە لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٠٥ دا دامەزرا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرش و داگیرکردنی عێراق و سیاسەتەکانی داگیرکاری لە لایەک و تێرۆریزمی ئیسلامی سیاسی لەلایەکی دیکەوە. ئەم دوو ڕەوتە ژیانی ملیۆنان کەسیان وێران کرد و شارەکانی عێراقیان کردە مەیدانی کوشتار و خوێنڕشتن.
لە ماوەی خەباتیدا لە ڕیزەکانی کۆنگرەی ئازادیی عێراقدا، کە هاوڕێ ساڵح هادی لە ساڵەکانی سەرەتای دامەزراندنییەوە پەیوەندی پێانەوە کرد، لە ساڵی ٢٠٠٧دا وەک ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی هەڵبژێردرا و دواتر بوو بە سکرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی. لە کۆتایی هەمان ساڵدا، پەیوەندی بە ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقەوە کرد و خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی لە ناو حیزبدا درێژە پێدا.
هاوڕێ ساڵح هادی بەردەوام بوو لەسەر تێکۆشانی لە ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا و یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری، کە لە کۆنگرەی یەکەمی ئەو ڕێکخراوەدا، کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە بەغدا بەڕێوەچوو، وەک ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی هەڵبژێردرا.
هاوڕێ ساڵح هادی ساڵانی زۆری تەمەنی خۆی بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و یەکسانی تەرخان کردبوو. ئەو بە دڵسۆزی و بەردەوامی لە خەبات، ڕۆحی هاوڕێیەتیی بەرز و پێداگری لەسەر پرەنسیپەکانی خۆی ناسراو بوو.
گیان لەدەستدانی هاوڕێ ساڵح هادی، زیانێکی قورس و ئازاربەخشە بۆ حیزب، بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە، بۆ کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری، هەروەها بۆ هەموو هاوڕێیان، دۆستان و خۆشەویستانی. بەڵام دڵنەواییی ئێمە ئەوەیە کە میراتی خەباتگێڕانەی درێژەی دەبێت و یاد و بیرەوەرییەکانی هەمیشە لە ڕێگای خەباتمان بۆ ئازادی و یەکسانیدا بەزیندوویی و درەوشاوە دەمێنێتەوە.
بە بۆنەی ئەم لەدەستدانەوە، گەرموگوڕترین سەرەخۆشی و هاودەردیی خۆمان پێشکەش دەکەین بە:
- خێزان و کەسوکاری هاورێی ساڵح هادی
- هەموو هاوڕێیانی لەناو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری و یەکێتیی عەرەبیی ئەلیکترۆنی.
- دۆستان و خۆشەویستانی و هەموو ئەو کەسانەی دەیانناسی و هاورێ و هاوخەباتی بوون و وەکو مرۆڤێکی رەوشتی بەرز و خاوەن پرەنسیپ ناسیویانە.
بژی یادی هاوڕێ ساڵح هادی {ئەبو هەببە} !
