لەبەرەبەیانی رۆژی ٢٢ حوزەیرانی ٢٠٢٥ ، ولایە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، گورزێکی ئەسمانی ئەنجامدا، کە دامەزراوە و بەرنامە ئەتۆمیەکانی ئێرانی، لە نەتەز، و ئەسفەهان و فۆردوا کردە ئامانج. هەروەها سەرۆکی ئەمریکا، دۆنالد ترامپ بەشێوەیەکی فەرمی ئەم ئۆپەراسیۆنەی ڕاگەیاند، بەم شێوەیەش سنورێکی دانا  بۆ ئەو سیاسەتە گومڕاییانەی کە بەڕێوبەرایەتیەکەی بۆ جاری دووەم، ئاماژەی بە ئەگەری گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە کردبوو، بۆ ئەو قەیرانەی، کە پەیوەندی بە بەرنامەی ناوەکی ئێرانەوە، هەیە.

    ئەم گورزە سەربازیە، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ بەهانانەوە چوونی دەوڵەتی نازیی ئیسرائیل، کە لە بەرواری ١٣ ی حوزەیران، بە بیانوی راگڕتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران،  هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران دەستپێکرد. ئەو بیانوە دژ بەیەکانەی کە لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلیەوەد ەخرێنەڕوو، هەر لە وێرانکردنی دامەزراوە ئەتۆمیەکانەوە بۆ بە ئامانجگرتنی موشەکە بالیستیەکان، دواتر کارکردن بۆ گۆڕینی ڕژێم یاخود تیرۆرکردنی مورشیدی باڵا عەلی خامینەیی، ڕەنگدانەوەی سەرلێشێواویەکی سەربازی و سیاسیە، کە ئامانج لێیان ڕاپێچکردنی ناوچەکەیە بە تێکڕا، بەرەو نێو جەنگێکی کراوە، لەپێناو  دەرچوون لەو گیرخواردنەی کە  لە ئەنجامی بەرپاکردنی جەنگ دژ بە ئێران دووچاری بووە.

    هاتنەناوەوەی راستەوخۆی ئیدارەی ئەمریکا، بۆ نێو ئەم جەنگە، لەڕاستای ئەو ئیستراتیجیەی دایە، کە ئامانج لێی پارێزگاریکردنە لە پێگەی خۆی، وەک تاکە جەمسەر لە نێو سییستەمی جیهانی و  پێشگرتن بە داشکانی باڵادەستیەکەی. بانگەوازکردنەکانی ترامپ بۆ رژێمی ئێران بۆ خۆبەدەستەوەدان یاخود گەڕانەوە بۆ سەرمێزی گفتوگۆ ، بەدوای گورزە سەربازیەکە، ئەمانە جگە لە جۆرێک لە کردەوەی بەڵتەجیانە، هیچی دیکە نین، کە ئامانج لێیان داسەپاندنی دەسەڵاتداریەتی ئەمریکی- ئیسرائیلیە، بەسەر ناوچەکەدا، لەپێناو جێبەجێکردنی ئەم ئیستراتیژیە.

    حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، زۆر بەتوندی سەرکۆنەی ئەم گورزە سەربازیانە دەکات، کە شارەکانی ئێرانی کردۆتە ئامانج، باجی ئەم کردەوانە، چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش لە ژیان و ئاسایش و سەلامەتی و ئارامیان دەیدەن. هەروەها ئەو بانگەشە بێبنەمایانەی ئیدارەی ئەمریکا و ڕاگەیاندنە بەکرێگیراوەکانی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران پووچەڵ دەکاتەوە. هاوکات حزب بانگەوازی هەموو هێزە کرێکاری و ئازادیخواز و مرۆڤدۆستەکان دەکات، بۆ ڕاوەستانەوە بەرامبەر ئەم  سیاسەتە دوژمنکارانەیە و بەرگرتن بە شەقاوەچێتی ئەمریکی – ئیسرائیلی، کە هەڕەشە لە گەلانی ناوچەکە و جیهان دەکەن.

    حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق

    ٢٢ ی حوزەیران ٢٠٢٥

    Share.