لە یادی حەوتەمین ساڵی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر

داواکارییەکانی جەماوەری ڕاپەڕیو بەسەرنەچوون و شەڕی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی هەرگیز ناوەستێت!

 

حەوتەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی تشرین-ئۆکتۆبەر، ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریە گەورەیەی کە بناغەی دەسەڵاتی تایفی و تەنانەت هەموو سیستەمی سیاسی عێراقی هەژاند، دەکەینەوە. لەو ڕاپەڕینەدا سەدان هەزار گەنج و کرێکار و زەحمەتکێش و جەماوەری بێبەش هاتنە دەرەوە و داوای کار و ژیانی شایستە و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییان دەکرد، هەروەها داوای کۆتاییهێنان بە سیستەمی پشکپشکێنەی نەتەوەیی و تایفی و دەسەڵاتی تایفی، و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سێکولاریان دەکرد کە دین لە دەوڵەت جیا بکاتەوە، و ماف و ئازادییە فەردی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ هەموو هاووڵاتییان دابین بکات، بەبێ هەر جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی یان نەتەوەیی یان دینی یان مەزهەبی.

جەماوەری عێراق لەم ڕاپەڕینەدا قوربانیەکی زۆری داوە. نزیکەی ٨٠٠ گەنج بە فیشەکی میلیشیاکان و هێزە ئەمنییەکان کوژران، و هەزاران کەسی دیکە بریندار بوون، تەنها لەبەرئەوەی داوای کۆمەڵێك مافی سەرەتاییان دەکرد: وەک دەرفەتی کار کە ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکات، و سیستەمێکی دڵنیایی کۆمەڵایەتی کە بێکاران بپارێزێت، و هەروەها خوازیاری داهاتوویەک بوون کە حیزبەکانی ئیسلامی سیاسی و هێزە نەتەوەیی و تایفییەکان و بەرژەوەندی و کاریان کە تەنها بریتیە لە دزی و تاڵانی، بەسەریاندا باڵادەست نەبن. ئەم گەنجانە چەکیان لەدژی دەسەڵات و بۆ دەستکەوت و ئیمتیازات بەرزنەکردەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ئاشتیانە چوونە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان و داوای ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند و کۆمەڵگەیەکیان دەکرد کە مرۆڤ تێیدا بەهۆی ئینتمای نەتەوەیی یان دینی یان مەزهەبی لە مافەکانی بێبەش نەکرێت.

دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ، هێشتا ئەو داواکارییانەی کە هۆکاری ڕاپەڕینەکە بوون لەجێگای خۆیاندا ماونەتەوە، لە کاتێکدا ئازار و ناڕەحەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و گەنجانی بێکار بەردەوامە، چونکە دەسەڵات وەڵامی بە هیچکام لەو داواکاریانە نەداوەتەوە کە جەماوەری بێبەش بۆی هاتنە مەیدان، و هەروەکو چۆن دەستبەرداری سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نەبووە کە ملیۆنان کەس بەرەو هەژاری و بێکاری و نەبوونی ئاسایشی ژیان دەبات. بەڵکو ئەم هێرشەی دوایی حکوومەت بۆسەر ئاستی ژیانی جەماوەری عێراق، لە ڕێگەی کەمکردنەوەی نرخی دینار  کە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و تێچووی ژیانی لێکەوتووە، دووبارە سروشتی چینایەتی ئەم دەسەڵاتە و ئامادەیی بۆ سەپاندنی بارگرانی قەیران و سیاسەتە ئابوورییەکانی بەسەر شانی کرێکاران و کارمەندان و خانەنشینان و چینە هەژارەکاندا ئاشکرا دەکات.

حکوومەتێك کە دەستەوەستانە بەرامبەر بە دابینکردنی دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری گشتی و دڵنیایی کۆمەڵایەتی، باکی بەوە نیە کە کۆمەڵێك بڕیار دەربکات کە ئازارەکانی خەڵک زیاد دەکات و توانای ئەوان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان کەم دەکاتەوە. لەکاتێکدا داوا لە کرێکاران و زەحمەتکێشان دەکرێت پشتێنەکانیان ببەستن و قورسایی ئاکامەکانی ئەم سیاسەتانە هەڵبگرن، سیستەمی گەندەڵی و ئیمتیازات و پشکپشکێنە بەردەوامە لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هێزە دەسەڵاتدارەکان. ئەمەش ڕووخساری ئابووری و کۆمەڵایەتی هەمان سیستەمی سیاسییە کە بە فیشەک و کوشتن و سەرکوتکردن بەرەنگاری ڕاپەڕینی تشرین-ئۆکتۆبەر بووەوە.

ئێمە، لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، جەخت لەوە دەکەینەوە کە داواکارییەکانی ڕاپەڕینی تشرین-ئۆکتۆبەر ڕەوایەتی خۆیان لەدەست نەداوە، و خوێنی قوربانییەکانی نابێت ببێتە تەنها یادی ساڵانە یان بۆنەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی دروشم. دڵسۆزی بۆ ئەو ڕاپەڕینە پێویستی بە بەردەوامبوونی تێکۆشان هەیە بۆ بەدەستهێنانی داواکارییەکانی، و بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتانەی کە هەژاری و بێکاری و نایەکسانی قووڵتر دەکەنەوە، بۆ وەستانەوە دژی هەموو جۆرە سەرکوت و تەنگەبەرکردنەوەیەکی ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و ڕێکخستن.

لەسەر ئەم بنەمایەش، جەخت لەسەر ئەم داواکارییانە دەکەینەوە:.

١/ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکارانەی کە توانای کڕینی جەماوەر کەم دەکەنەوە، و بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخ و تێچووی ژیان، و ئەنجامدانی ڕێکاری کردەیی بۆ پاراستنی داهاتی کرێکاران و کارمەندان و خانەنشینان و چینە کەمدەرامەتەکان.

٢/ دابینکردنی دەرفەتی کاری ڕاستەقینە بۆ گەنجان و بێکاران، و کۆتاییهێنان بە بێکاری و هەژاری و نەبوونی ئاسایشی ئابووری، و دڵنیابوون لە مافی هەموو مرۆڤێک بۆ کار و ژیانی شایستە.

٣/ پەسەندکردنی دڵنیایی کۆمەڵایەتی گشتگیر بۆ بێکاران، و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ئەوانەی ناتوانن کار بەدەستبهێنن، و فراوانکردنی چەتری پاراستنی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەک کە مافە بنەرەتیەکان بۆ هەمووان دابین بکات.

٤/ دابینکردنی کرێ و مووچە و خانەنشینی شیاو، و پاراستنی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و کارمەندان و خانەنشینان، و ڕەتکردنەوەی سەپاندنی بارگرانی قەیرانە ئابوورییەکان و سیاسەتە شکستخواردووەکانی حکوومەت بەسەریاندا.

٥/ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کوشتن و بریندارکردن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، و ئاشکراکردنی هەموو ئەوانەی تێوەگلاون لە تاوانی کوشتنی خۆپیشاندەرانی تشرین-ئۆکتۆبەر، و کۆتاییهێنان بە دەربازبوونیان لە سزا، و دڵنیابوون لە مافی خێزانەکانی قوربانییەکان بۆ زانینی ڕاستی و بەدەستهێنانی دادپەروەری.

٦/ دابینکردنی خوێندنی خۆڕایی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن، و دەستبەرکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ بەدەستهێنانی خوێندنی باش بۆ هەموو هاووڵاتییان، بەبێ گوێدانە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیان.

٧/ دابینکردنی مافی نیشتەجێبوون و دابینکردنی کرێی گونجاو.

٨/ دابینکردنی چاودێری تەندروستی و دەرمانی خۆڕایی.

٩/  دان نان بەشێوەی رەسمی بە بەهاو بایەخی کاری چاودێری کە ژنان ئەنجامی دەدەن.

١٠/ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تایفی و سیستەمی بەشبەشێنەی نەتەوەیی و تایفی کە شەرعیەت دەدات بەو دەسەڵاتەو پشتی پێ دەبەستێت، و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سێکولار کە دین لە دەوڵەت جیا بکاتەوە، و ئازادی و یەکسانی و مافە فەردی و کۆمەڵایەتیەکان دابین بکات، و مافی مرۆڤ بۆ هەڵبژاردنی شێوازی ژیان و باوەڕەکانی بپارێزێت بەبێ دەستێوەردانی دەوڵەت یان هێزە دینی و ناسیۆنالیستەکان.

١١/ دەستبەرکردنی ئازادی خۆپیشاندان و ڕێکخستن و مانگرتن و ڕادەربڕین، و ڕێزگرتن لە مافی کرێکاران و جەماوەر بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانیان، و بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکان بۆ ملکەچکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و سەندیکایی و بێدەنگکردنی دەنگەکانی ناڕازی.

ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر ڕووداوێکی کاتی نەبوو لە مێژووی نوێی عێراقدا، بەڵکو دەربڕینێک بوو لە ململانێیەکی قووڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە نێوان جەماوەرێک کە بەدوای ژیانێکی ئازاد و شایستەدا دەگەڕێت، و سیستەمێکی فەرمانڕەوا کە بەرگری لە بەرژەوەندی و ئیمتیازاتەکانی خۆی دەکات لەسەر حسابی کۆمەڵگە. ساڵانی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە گۆڕینی ڕووخسارەکان لە دەسەڵاتدا، بەبێ دەستکاریکردنی بنەماکانی سیستەمی سیاسی و ئابووری  ئێستا، ناتوانێت ئارەزووەکانی جەماوەر بەدیبهێنێت.

بەدەستهێنانی داواکارییەکانی تشرین-ئۆکتۆبەر لەرێگای پشتبەستن بە بەڵێنەکانی هێزە فەرمانڕەواکانەوە نایەتەدی، بەڵکو بە ڕێکخستنی تێکۆشانی کرێکاران و گەنجان و بێکاران و ژنان و هەموو توێژە زیانلێکەوتووەکان، و یەکگرتووکردنی ڕیزەکانیان لە بزووتنەوەیەکی گەورەی سەربەخۆدا، کە داواکارییەکانیان بسەپێنێت و مافەکانیان لە دەسەڵات وەربگرێتەوە.

لە یادی حەوتەمین ساڵی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەردا، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق پەیمانی خۆی نوێ دەکاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە تێکۆشان بۆ ئەو ئامانجانەی کە جەماوەر بۆ بەدەستهێنانیان هاتنە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان، و بانگهێشتی هەموو ڕێکخراوە کرێکارییەکان و هێزە ڕزگاریخوازەکان و جەماوەری تینووی ئازادی و یەکسانی دەکات بۆ زیندووکردنەوەی یادی ڕاپەڕینی تشرین-ئۆکتۆبەر. ئەو خوێنەی ڕژاوە بانگەوازمان دەکات کە نەهێڵین قوربانییەکانیان ببێتە لاپەڕەیەکی لەبیرکراو، و لە تێکۆشانی ڕۆژانەماندا دژی بێکاری و هەژاری و گرانی و سەرکوت و جیاکاری داواکارییەکانیان بە زیندووی بهێڵینەوە.

شکۆ بۆ ئەوانەی ژیانیان لە ڕاپەڕینی تشرین-ئۆکتۆبەردا کردە قوربانی!

ئازادی بۆ ئەو زیندانییانەی بەهۆی تێکۆشان و ناڕەزایەیەوە زیندانی کراون!

بژی ڕاپەڕینی تشرین-ئۆکتۆبەر، و بژی تێکۆشانی کرێکاران و جەماوەر بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد و سێکولار و یەکسان و خۆشگوزەران!

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق

٢٢–١٠–٢٠٢٥

 

Share.