گفتوگۆ لەگەڵ نادیە مەحمود یەکێك لە دامەزرێنەرانی ( هاوپەیمانی ئەمانی ژنان-تحالف امان النسوي) سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی بەغدا و بەسرە دژی یاسا و مدەوەنەی جەعفەری

ئۆکتۆبەر: رۆژی ١٦ ی مانگ لە هەردوو شاری بەغداو بەسرە خۆپیشاندانێکی جەماوەری دژ بە هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عێراق و بەدیاریکراوی مدونەی جەعفەری بەڕێوە چوو. ئەوانەی باگەوازیان بۆ کرد کێ بوون و بەشداربوان کێ بوون؟ ئایا تەنها ژنان بوون یاخود پیاوانێکیش بەشداربوون؟  تا چ رادەیەك ئەم مدەوەنەیە زیانی بە پێگەی و مافەکان و کەسایەتی ژنان گەیاندوە؟ داواکارییە سەرەکییەکان چی بوون؟

نادیە مەحمود: هاوكات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە گۆڕەپانی تەحریر لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، هەڵمەتێکی دیجیتاڵیی جیهانیش بۆ پشتیوانیکردنی ژنانی عێراق دژی مدەوەنەی جەعفەری دەستیپێکرد. بەشێوەیەک لاپەڕەکانی تویتەر (ئێکسی ئێستا) پڕبوون لە سەدان هەزار پەیامی هاوسۆزی بەتایبەتی لەگەڵ ژنانی عێراقدا، جگە لە هاوسۆزی لەگەڵ ژنانی سعودیە و لیبیا. دوای بەردەوامبوونی ئەم هەڵمەتە بەرفراوانە بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە، کۆبوونەوەیەک (وەستانێک) لە گۆڕەپانی تەحریر ڕاگەیەندرا.

بە وردی بۆ ئێمە ڕوون نییە کێ بانگەوازی بۆ ئەم کۆبوونەوەیەی کردووە لەم ڕۆژە دیاریکراوەدا. بەڵام لە شەشەم ڕۆژی مانگی ئۆکتۆبەردا، دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر ڕاگەیاندن و پەسەندکردن و بڵاوکردنەوەی مەدۆنەکەدا لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقیدا، کە بڵاوکردنەوەی لە وەقائیعی عێراقیدا بەپێی یاسا واتە چوونە بواری جێبەجێکردنەوە. بۆیە هەندێک ڕێکخراو هەبوون جەختیان لەسەر ڕێکخستنی چەندین چالاکی بەم بۆنەیەوە دەکردەوە، و ڕێکخستنی ئەم خۆپیشاندانەش کاری سەرەکی بوو بۆ یادکردنەوە و سەرکۆنەکردنی دەرچوونی ئەم مدەوەنەیە. چەندین ڕێکخراو بەشدارییان لەم کۆبوونەوەیەدا کرد، لەوانە هاوپەیمانییەکەی ئێمە (هاوپەیمانیی ئەمانی ژنان) و زیاتر لە دووسەد ژن و ئەو دایکانەی بەوهۆیەوە تووشی زیان بوون یاخود دایکی ئەوژنانە و خێزانەکانیان بەشدرابوون.

بەشداریی پیاوانیش هەبوو، بەڵام بەراورد بە ژنان کەم بوو. دایکەکان و چالاکوانانی ڕێکخراوەکانی ژنان لە پێشەنگی ئەم چالاکییەدا بوون. زۆرینەیان ئەو دایکانە بوون کە لەمێردەکانیان جیابووبونەوە و لە پلەی یەکەمدا هەڕەشەی لەدەستدانی منداڵەکانیان لەسەر بوو.

ئەم مدەوەنەیە زیانی گەورەی بە پێگە، ماف، کەرامەت و سەلامەتیی دەروونی و جەستەیی ژنان گەیاندووە. لەڕاستیدا مدەوەنەکە پڕییەتی لە بڕگەی خراپ بەرامبەر مافەکانی ژنان لە لایەنی جۆراوجۆرەوە؛ بۆ نموونە: مافی ژنان بۆ جیابوونەوە تەنها لە سێ هۆکاری شەرعیدا کورتکراوەتەوە. بەڵام ئازادیی داوە بە پیاو کە کۆنتڕۆڵی جووڵەی هاوسەرەکەی بکات، و ئەگەر ڕەتی بکاتەوە بە “ناشزە” (یاخیبوو) ئەژمار دەکرێت و بەمەش مافی نەفەقەی نامێنێت. مافی فرەژنی پیاو بێ ئەوەی پێویست بێت ڕەزامەندیی هاوسەری یەکەم بەدەستبهێنێ، بەپێچەوانەی یاسای ژمارە ١٨٨ ەوە.  بڕیاری جیابوونەوەی ژن ئەگەر لەلایەن داوەریشەوە پەسەندکرابێت، ناچێتەبواری جێبەجێبوونەوە ئەگەر دەسەڵاتی ئایینی یان مەرجەعی ئایینی پەسەندی نەکات! کاتێک باباتەکە پەیوەندی بە مافی ژنانەوە دەبێت لە تەڵاقدا ڕۆڵی دادوەر کۆتایی پێهاتووە!  ژن تەنها چارەکی (١/٤)ی ئەوەی هاوسەرەکەی جێیدەهێڵێت (میرات)ی بەردەکەوێت، و بمێنێتەوە دوای مردنی هاوسەرەکەی ناتوانێت لەناو ماڵی هاوسەرەکەیدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەفڕۆشرێت و لە بەهای فرۆشتنەکە چارەکێکی دەدرێتە دایکەکە و ئەوانی تری دەدرێتە ئیمام. وە چەندین بڕگەی تر لە یاسای جەعفەری کە پێشێلکاریی مافەکانی ژنان دەکات، وەک هاوسەرگیریی کچانی منداڵ (قاسرات) و هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاکان… هتد.

بەڵام گەورەترین مەسەلە کە لە سەرەوەی لیستی داواکارییەکانەوە بوو، چارەنووسی منداڵان بوو، بەوەی کە مدەوەنەکە بڕیاریداوە مافی بەخێوکردنی منداڵ (حەزانە) لە دایکەوە بگوازێتەوە بۆ باوک بەگەیشتنی منداڵەکە بە تەمەنی ٧ ساڵی، یان تەنانەت کەمتر لەم تەمەنەش ئەگەر باوکەکە هۆکارێک بدۆزێتەوە کە مافی بەخێوکردن لە دایکەکە بسێنێتەوە (بۆ نموونە بانگەشەی ئەوە بکات کە “لە ڕووی ڕەوشتەوە لایداوە”). بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر دایکەکە هاوسەرگیری بکاتەوە، ڕاستەوخۆ و بەگەیشتنی منداڵەکە بە تەمەنی دوو ساڵی منداڵەکەی لێ دەسەنرێتەوە. بۆیە بەتایبەتی کێشەی بەخێوکردنی منداڵ (حەزانە) و بەدیاریکراوی بڕیاری ۹۳ کە دادگای تەمییزی فیدراڵی پەسەندی کردووە ببووە تەوەری سەرەکی، کە تێیدا مەرجی گەیشتن بە ١٨ ساڵی دادەنێت بۆ ئەوەی منداڵ بە گەورە ئەژمار بکرێت تا بتوانرێ مافی هەڵبژاردن ببەخشرێت بە منداڵەکە، بەپشتبەستن بە ماددەی ١٠٦ لە یاسای شارستانیی عێراقی. جگە لەمەش بابەتی ئەسەری رەجعی(الأثر الرجعي) کە واتای ئەوەیە ئەو ژنانەی پێش دەرچوونی مدەوەنەکە جیابوونەتەوە، هاوسەرە پێشووەکانیان دەتوانن مدەوەنەکە و مەرجەکانی بەسەریاندا جێبەجێ بکەن. بەمەش ئەو ژنانەی بەپێی یاسای ١٨٨ هاوسەرگیرییان کردووە و جیابوونەتەوە، هەڕەشەی جێبەجێکردنی بڕگەكانی یاسای جەعفەرییان لەسەرە.

لە وەڵامی ئەم مدەوەنەیەدا، ژنان و بەتایبەتی دایکە جیابوەوەکان (گروپ)ێکیان لە واتسئاپ پێکهێنا. هەندێکیان ڕەتیانکردەوە منداڵەکانیان لە دادگاکان ڕادەست بکەن، هەندێک ژن زیندانیکران بەهۆی ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنی منداڵەکانیان، هەندێکیان لەگەڵ منداڵەکانیان ڕایانکرد بۆ کوردستانی عێراق و بەتایبەتی بۆ شاری هەولێر، چونکە یاسای جەعفەری لەوێ جێبەجێ ناکرێت. هەندێکیان تووشی تێکشکانی تەندروستی بوون و گەیەندرانە نەخۆشخانەکان بەهۆی ڕووخانی دەروونی و جەستەیی کە تووشیان بوو لە ئەنجامی لێسەندنەوەی منداڵەکانیان.

ڕۆژانە لە دادگا عێراقییەکاندا لەسەر حەزانە شەڕ ڕوودەدات، کە باوکەکە وەک سەرکەوتوو دەردەچێت و منداڵەکان بەزۆر لە دایکەکانیان دەسەنێتەوە. هەندێک جار باوکەکان منداڵەکان لە شەقامەکانەوە دەبەنەوە تائەوکاتەی دادگا بڕیاریان بۆ دەردەکات. بە چاوی خۆم بینیومە چۆن شەڕ و لێدان لەنێوان باوکە جیابوەکان و براکانی ژنەکە یان خاڵەکانی منداڵەکان ڕوویداوە کە پشتیوانیی ژنەکانیان دەکرد، و منداڵەکەش لە ناوەڕاستی ئەم ئاڵۆزییەدا دەبێتە قوربانیی یەکەم.

ئۆکتۆبەر: لە دوای خۆپیشاندانەکە، پیاوانی ئاینی شێعە هەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی توندیان دژی ژنانی خۆپیشاندەر دەستپێکرد. ئەوان ئەم ژنانەیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە “نامەحترمن”، “دەرچوون لە فەرمانی شەرع”، و پڕوپاگندەی ئەوەیان دەکرد کە لەلایەن دەرەوەوە هان دەدرێن. ئەمەش وەک جۆرێک لە سووکایەتیکردن و توندوتیژیی دەروونی بەکارهات بۆ ناوزڕاندانیان و بێبایەخکردنی داواکارییەکانیان. ئایا ئێوە لەوبارەوە چ قسەیەکتان هەیەو تا چ رادەیەك ئەو هێرشانە دەتوانێ خۆپیشاندەران و ژنانی نارازی بێدەنگ بکات؟

نادیە مەحمود: بەڵێ، پیاوانی ئایینی و لایەنگرانی مدەوەنەی جەعفەری هیچ ڕێگەیەکیان نەهێشتەوە کە نەیگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە ژنان بۆ داواکردنی مافی خۆیان و مافی منداڵەکانیان. ناوزڕاندن بەشێوەی ڕۆژانە، تۆمەتی بەدڕەوشتی هەڵبەستن بۆ دایکەکان، هەرچەندە بەشێك لە دایکەکان لە کۆبونەوەو خۆپیشاندانەکانی یەکەمجاردا وێنەی پیاوانی ئایینییان بەرز دەکردەوە بەئومێدی ئەوەی بتوانن سۆز و پشتیوانی ئەوان بەدەستبهێنن، بەڵام تووشی بێهیوایی بوون لە بەدەستهێنانی هیچ پشتیوانییەک. لە دوا خۆپێشانداندا وێنەی هیچ پیاوێکی ئایینی بەرز نەکرایەوە. پەرلەمانی عێراق گەورەترین هەڵمەتی ڕاگەیاندنی بەڕێخست بۆئەوەی ژنانی شێعە هان بدات دژی ئایین و مەزهەب بوەستنەوە بەوەی کاتێك دایکەکان لە نێوان هەڵبژاردنی ئایین و مەزهەب لەلایەک و منداڵەکانیان لەلایەکی ترەوە، منداڵەکانیان هەڵدەبژێرن. گوێم لە یەکێک لەو دایکە بێهیوا و نیگەرانە بوو کە لە سەندنەوەی مناڵەکانی دەترسا، دەیوت: “ئایا دەبێت ببمە مەسیحی؟“ بۆ ئەوەی خۆیان لە بڕگەکانی یاسای جەعفەری ڕزگار بکەن. بێگومان ئەمەش کارێکی سادەو سەلامەت نیە، و واتای ڕزگاربوونیان نادات تەنانەت ئەگەر بچنەسەر ئایینێکی تر یان مەزهەبی سوننەش؛ چونکە هەندێک لە سوننەکان ئێستا گرێبەستی هاوسەرگیرییان لەسەر مەزهەبی جەعفەری دەکەن، بەهۆی ئەو مافانەی بە پیاوانی دەدات لەسەر حیسابی ژنان. بەڵام دایکەکان بێدەنگ نابن. کاتێك ئازاری بێچووی پشیلەیەک دەدەی دەبینی کەە پشیلە دایکەکە چی دەکات بۆ بەرگریکردن لە بێچووەکانی! پێیانوایە مرۆڤێكی دایک دەربارەی ئەو کارە چی بکەن؟ بێگومان بێدەنگ نابن.

ئۆکتۆبەر: ئایا هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنانی هەرێمی کوردستان هەبوو بۆ بەشداریکردن لەم خۆپێشاندانەدا یان نا؟ و کاریگەریی بەشدارییان لەو وەستانە ناڕەزایەتییەدا لەناو بەشداربوواندا چۆن بوو؟ چۆن دەڕواننە داهاتووی پەیوەندیتان لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان لە هەرێم و ڕێکخراوەکانی ژنان؟

نادیە مەحمود: بانگەوازەکە بەفراوانی بڵاوکرایەوە بۆ بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکەدا، بۆیە ڕێکخراوەکان (نەک هەموو ڕێکخراوەکان) ئەندامەکانی خۆیان نارد بۆ پەیوەندیکردن بە خۆپێشاندانەکەوە. دیارە شوێنی کۆبوونەوەکە لە شەوی پێش خۆپێشاندانەکە بە چەند کاتژمێرێک گۆڕدرا، کە ئەمەش سەرەگێژەیەکی بەرفراوانی دروستکرد بۆ ئاگاداربوون لە شوێنەکە تازەکە، چونکە لە گۆڕەپانی تەحریرەوە گۆڕدرا بۆ گۆڕەپانی فردەوس بەبێ ئەوەی ڕوون بێت بۆچی لایەنە ئەمنییەکان رێگەیان نەدا کە لە  گۆڕەپانی تەحریر ئەنجام بدرێت. ئەمە بووە هۆی دروستبوونی شڵەژان دەربارەی ئەوەی شوێنی ڕاستەقینەی کۆبوونەوەکە کوێیە. بۆیە، دوای ئاگاداربوون لە گواستنەوەی شوێنەکە بۆ گۆڕەپانی فردەوس، ڕێکخراوەکان بەشداربوون و چالاکوانانی کوردستانیش ئامادەبوون. لە هەمان کاتدا، هاوسۆزییەکی بەرفراوان لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانی کوردستانەوە هەبوو بەوەی کە چالاکییەکی هاوسۆزییان لەگەڵ ژنانی ناوەڕاست و باشووردا ئەنجامدا بۆ ڕەتکردنەوەی مدەوەنەی جەعفەری.

ئۆکتۆبەر: چ پرۆژەیەکی دیکەتان هەیە بۆ پاشەکشەکردن بەم مدەوەنەیەو هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەموارکردنەوەی کەدەستی شەرعی و مدەوەنەی سونەو شێعە بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و هاوسەرگیریدا دەسەپێنێ .. لەجیاتی ئەوەی یەك یاسای مەدەنی باری کەسێتی بۆ عێراق و هاولاتیانی عێراق کارپێبکات، دابەشیان دەکات بۆ تایفەی دینی و مەزهەبی و ژیانی کۆمەڵایەتی ومافەکانیان بەو پیوانەیە دەستنیشان دەکات؟

نادیە مەحمود: کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی مدەوەنەکە بەردەوامە. بەدڵنیاییەوە دایکەکان، ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان شێوازی جیاواز بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەدۆزنەوە. بۆ نموونە چەندین سیمینار بەڕێوەبراون، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنراون بۆ گەیاندنی پەیامی ژنان، دایکەکان و ڕێکخراوەکان. دەستکراوە بە نوسینی کتێب و بڵاوکردنەوەی لە ڕەتکردنەوەی مەدۆنەکەدا، و لەوەش زیاتر دەستپێکردنی هەڵمەتێکی جیهانی کە ژنان و پیاوان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهانەوە بەشدارییان تێدا کردووە دژی ئەم مدەوەنەیە. بەدڵنیاییەوە لە ئێستا و داهاتوودا کاری زۆرتر دەکرێت لەدژی و بۆ هەڵوەشاندنەوەی. ئێستا چالاکوانانی ژنان بیر لەوە دەکەنەوە کە نه مدەدوەنەکە و نە تەنانەت یاسای ژمارە ١٨٨ ی باری کەسێتی لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ ژنان دادپەروەرانە نین. ئێستا بیر لە پێشکەشکردنی بەدیلێکی خۆیان دەکەنەوە بۆ یاسای خێزان کە دادپەروەری و یەکسانی بەدیبهێنێت و کەرامەتی هەر تاکێکی خێزان بپارێزێت، و داهاتوو زۆری لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتوە.

Share.