چاوپێکەوتنێک لەگەڵ محەمەد جەواد کازم، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی

یەکێتی گشتی سەندیکاکانی کارگەران لە عێراق(الاتحاد العام لنقابات العاملین في العراق )، دەربارەی ناڕەزاییەکانی بەغدا دژی خراپی بارودۆخی ژیان

 

ئۆکتۆبەر: لە ماوەی ڕابروودا شاری بەغدا و بەسرە کۆمەڵێك خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەخۆوە بینی دژی بارودۆخی خراپی ئابوری و بێکاری و کەمکردنەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی بژێوی کرێکاران و توێژە کەمدەرامەتەکانی کۆمەڵگای عێراق هەیە. بۆنمونە خۆپیشاندانی دەرچوانی دانەمەزراوی زانکۆو پەیمانگاکان بۆ خواستی دامەزراندن و دەستکەوتی دەرفەتی کار لە بەغدا، خۆپیشاندان  دژی زیادکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بەغداو خۆپیشاندانی خوێندکارانی کۆلیژی پزیشکی زانکۆی بەسرە دژی خراپی خزمەتگوزاریەکانی ناو زانکۆ و…..تد.  بەبروای ئێوە بۆچی لەم کاتەدا ئەم شەپۆلە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەستی پێکردوە؟  خواستەکان و ئامانجەکان چین؟ ئایا ئەم خۆپیشاندانانە عەفەوین یاخود تا ڕادەیەك جۆرێك لە رێکخستن و کاری پێکەوەیی هەیە لەناو خۆپیشاندەران و رابەراندیاندا؟  ئێوە تا چ ڕادەیەك لەو نارەزایەتیانەدا دەورتان هەیە وەکو سەندیکاکەتان؟

 

محەمەد جەواد: ئەو جموجوڵە ناڕەزاییەتیانەی کە لەم دواییانەدا عێراق بەخۆیەوە بینی، و بە شێوەیەکی سەرەکی لە کەرتی دەرچووان و کەرتی کرێکاراندا چڕبوونەوە، بەڵگەن لەسەر نەبوونی دیدگایەکی ئابووریی دروست لای حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، کە بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی گەورە و توند بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و دەرچووانی بێکار، کە گەیشتە زیاتر لە ٤٠٪، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بێکاران دوای  تەواوکردنی خوێندنی هەزاران دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کچ و کوڕ، بەهۆی ڕاگرتنی دامەزراندن و جێنەکردنەوەی لە بودجەی گشتیدا و بێتوانایی کەرتی تایبەت بۆ جێگیرکردنی ئەم ژمارە زۆرە لە دەرچووان بەهۆی نەبوونی پلاندانانی ڕوون و نەبوونی بەرنامەی ڕاستەقینە لەلایەن وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ دروستکردنی دەرفەتی کاری نوێ. هەروەها لە گۆڕەپانی کاردا ناڕەزایی گەورە ڕوویدا بەهۆی لاوازی مووچە و کەمی کرێ و نەبوونی ژینگەیەکی کاری گونجاو کە لەبەرژەوەندی کرێکاری سادە بێت.

 

ئۆکتۆبەر: بەرزکردەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بۆ پڕکردنەوەی کەموکوری بودجە بوو لەلایەن عەلی زەیدیەوە، کە قورسایی کێشەکەی خستە سەر سانی خەڵکی ئاسایی. لەکاتێکدا لەسەرەتای هاتنەسەر دەسەڵاتیەوە ڕایگەیاند کە شەڕێکی جدی دژی گەندەلكاران بەڕێدەخات و لەورێگایەوە پارەیەکی زۆر بۆ بودجی حکومەت دەگێڕیتەوە. بەڵام ئەم هاتوهاوارە تەنها ماوەیەکی کەم بوو وە تەنها چەند گەندەڵکارێکی بجووکی گرتەوەو  سەرانی گەورەی گەندەڵی دەستیان بۆ نەبراو بگرە رۆژانە زەیدی لەگەڵ ئەواندا کۆدەبێتەوە بۆ بەڕێکردنی کاوربارەکانی حکومەتەکەی..سەرەتا وەهمێك دروست بوو کە زەیدی لە بەرژەوەندی خەڵك کاردەکات، بەتایبەتی کە خەڵکی عێراق زۆر توڕەن لە دزی و تاڵانی دەسەڵاتدارانی گەندەڵکار، ئایا ئێوە ئەم دۆخە چۆن دەبینین؟ چۆن دەکرێ ئەو فشارە لەسەر خەڵك لاببرێ و لەجیاتی ئەوە پارەی تاڵانکراوی خەڵکی عێراق بۆ خۆیان بگەرێتەوە؟

 

محەمەد جەواد: زیادکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بووە هۆی قەیرانی زۆر و لەدوای یەک بۆ تاکی عێراقی، بەتایبەتی دوای بەرزبوونەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕەکاندا و کەمی کرێ و مووچە بەهۆی سیاسەتە شڵەژاوەکانی حکومەتەوە کە تا ئێستا بەڵێنەکانی بەجێ نەگەیاندووە و بەرنامەی حکومەتی خۆی کە بەڵێنی بە خەڵک دابوو جێبەجێ نەکردووە. هەروەها چارەسەری پەتای گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی نەکردووە کە ڕۆژانە خەڵکی عێراق دووچاری دەبن، و ڕێکارەکان زۆر لاوازن لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا و نەگەیشتوونەتە نەهەنگە گەورەکان یان سەرکردەکانی گەندەڵی، ئەمەش نیشان دەدات کە حکومەتی ئێستا جدی نییە لە گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان کە گەندەڵی و تاڵانیی داهاتی گشتی کەم بکەنەوە.

 

ئۆکتۆبەر: لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە  عێراق داهاتێکی زۆری هەبووە، بەڵام تەنها بەپێی هەندێ ئیعترافی بەشێك لە بەرپرسانی حکومەت، ملیارەها دۆلار بە تاڵان براوەو بۆ پرۆژەی وەهمی خەرجکراوە، باس لەوە دەکرێ کە نزیکەی ٢ تریلیۆن دۆلار لە داهاتی گشتی بەتاڵان برابێت. ئەوە لەکاتێکدا کە خزمەتگوزاریەکان لە کەمترین ئاستی خۆیاندان و رێژەی هەژاری لە شارەکانی عێراقدا بەپێی راپۆرتی خودی حکومەت بێجگە لە هەرێم، لەنیوان ٢٠٪ بۆ زیاتر لە ٤٠٪ ە؟ ئێوە لەوبارەوە چ سەرنج و پێشنیارێکتان هەیەو بەبراوی ئێوە چی بکرێ بۆئەوەی ئەم تاڵانکاریە کۆتایی پێ بێت و خەڵکی کەمدەرامەتی عێراق بتوانن وەکو مرۆڤ بژین. وڵاتێك لەسەر دەریایە نەوتە بەڵام رێژەی هەژاری بەو ڕادە ترسناکەیە؟

 

محەمەد جەواد: ڕێکاری گرنگ و کرداریی هەن کە یارمەتی کەمکردنەوەی گەندەڵی و تاڵانی پارەی گشتی دەدەن، لەوانە کەمکردنەوەی ئەو مووچە و ئیمتیازاتانەی کە بە ئەندامانی پەرلەمان و حکومەت دەدرێن، کە بە رێژەیەکی زۆر گەورە خەزێنەی حکومەت بەهۆی پێدانی ئەم ئیمتیازاتانەوە بەتاڵ دەکرێنەوە. هەروەها کەمکردنەوەی پڕۆژە خەیاڵییەکان و چڕکردنەوەی چاودێری بەسەر هەموو پڕۆژەکاندا و هەڵسەنگاندنیان و حسابکردنی ڕێژەی تەواوبوون و لێپرسینەوە و سزادانی کۆمپانیا یان لایەنە کەمتەرخەمەکان. هەروەها وڵات دەتوانێت لە ڕووی ئابوورییەوە گەشەبکات بە هاندانی کەرتی تایبەت و پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان و دانی قەرزی ئاسان( واتە قەرزێك کە رێژەی سودەکەی کەم و رەمزی بێت) و  دانانی یاسایەکی دادپەروەرانە بۆ کرێ و مووچە لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا کە یارمەتی بوژاندننەوەی سوڕانەوەی ئابووری و زیادکردنی داهاتی مانگانەی تاک و خێزانی عێراقی دەدات. هەموو ئەم شتانە دەتوانن دەوریان هەبێت لە باشترکردنی بارودۆخی ژیان و دارایی کارمەند و کرێکاری سادە.

 

ئۆکتۆبەر: ئەگەر شتێکی تر هەبێت کە لە پرسیارەکانماندا نەهاتووە و پێتان وایە گرنگە خوێنەرانی ئۆکتۆبەر بیزانن، چییە؟

محەمەد جەواد: سوپاس و پێزانینی زۆر لە یەکێتی گشتی سەندیکاکانی کارگەرانی عێراق بۆ ڕۆژنامەی ئۆکتۆبەر بەهۆی هەڵوێستە پشتگیریەکانی بۆ کێشەکانی کرێکاران لە هەموو کەرتەکاندا، و هیوای بەرەوپێشچوون و گەشەسەندن بۆ ڕۆژنامەکە دەخوازین.

 

Share.