ناسیونالیزم و کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگاچارەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری

    بەیاننامەی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق

    مەسەلەی کورد هەمیشە لەژێر کاریگەریەکانی دۆخی جیهانی و کێشمەکێش و ملاملانێی هێزە ئیمپریالیستیەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکاریانەی لە هاوکێشەی هێزەکاندا بەدیهاتوە، هەڵکشان و داشکانی بەخۆیەوە گرتوە. لە قۆناغی ئێستادا کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە یەکێک لە مەیدانەکانی یەکلاکردنەوەی ناوچەکانی نفوز و دوبارە دابەشکردنەوەی جیهان، جارێکی تریش مەسەلەی کوردی بەدیاریکراوی بەدوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا و زەربەخواردنی هێزەکانی “بەرەی مقاوەمەت” و پاشەکشەپێکردنی نفوزی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، مەسەلەی کورد لە ئاستێکی فراوانی ناوچەیی و جیهانیدا هاتۆتەوە سەر شانۆی ڕوداوە ناوچەییەکان. ئەم ڕاستیەش بەپێویست لەلایەکەوە مەسەلەی کوردی کردۆتە کارتێکی سیاسی بەدەست ‌ئەمریکا و ئەوروپا و ئیسرائیل و دەوڵەتانی ناوچەکەوە، بۆ وەرگرتنی ئیمتیازاتی سیاسی لە یەکتر و ڕێکخستنەوەی هاوکێشەی سیاسی نێوانیان، وە لەلایەکی تریشەوە پێگە و ڕۆڵی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد و حیزبەکانی لەهەموو ئەو ووڵاتانەی ناوچەکەدا کوردی لێدەژی، چالاک کردۆتەوە. هەریەکەیان لەسەربنەمای ئەم دۆخە تازەیە و گۆڕانکاریەکانی، لە هەوڵی گرتنەبەری ئامانج و سیاسەتی تازەدان. پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ دانانی چەک و هەڵوەشانەوەی پەکەکە و هەروەها ڕێکەوتنەکەی نێوان هەسەدە و ڕژێمە کاتیەکەی ئەحمەد شەرع، بە ئاگاداری ئەمریکا و ڕوسیا و دەوڵەتە مەیداندارەکانی ناوچەکە و بەستنی “کۆنفرانسی یەكڕیزی کورد” لە سوریا بە بەشداری پارت و لایەنە کوردیەکانی تورکیا و عێراق و سوریا دەرکەوتەکانی ئەم ڕاستیەن.

    لەم پەیوەندەدا ناسیونالیزمی کورد و حیزبەکانی لە ئێران، بەتایبەتی حیزبی دیموکرات، کە پێش ئەم ڕووداوانەی ناوچەکە، لەژێر گوشاری هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بوون، ئێستا چاویان لەوە بڕیوە کە گوایە “دوای ڕوخانی بەشار ئەسەد، نۆرەی ئێرانە”! بەمجۆرەش لە هەوڵی پێکهێنانی بەرەی حیزبە کوردیەکاندان لە بڕۆکسڵ و بەدیار ئیسرائیل و ئەمریکاوە، سیاسەتی چاوەڕوانی تێدەپەرێنن. خەو بە ئەگەری دەرفەت بۆ پێکهاتنی قەوارەی کوردی لە بابەت هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دەبینن. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەرگای دانوسانی ژێربەژێریان، لەسەر بنەمای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە لاوازیدایە، ئاوەڵا ‌هێشتۆتەوە.
    لە تورکیا و سوریاش لەلایەک بەهۆی نفوزی سیاسی و سەربازی دەوڵەتی تورکیا لەئاستی ناوچەکە و بەتایبەتیش ڕۆڵی حکومەتەکەی ئۆردوگان لە ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد و گەیاندنی پاشماوەکانی ئەلقاعیدە و بەرەی نوسرە بە دەسەڵاتێک کە لە بازنەی سیاسەت و بەرژەوەندیە ناوچەییەکانیدا دەرنەچێت، وە لەلایەکی ترەوە، خودی پەکەکەش وەک هێزێكی ناوچەیی کە ساڵانێکە هەم لەناوخۆی تورکیادا و هەم لە سوریادا، پێگە و نفوزێکی بەهێزی هەیە، چارەنوس و داهاتوی مەسەلەی کورد و ناسیونالیزمی کوردی لەم دوو وڵاتەدا، لێکگرێداوە. بەتایبەتی دوای پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە لەژێرناوی “پرۆسەی ئاشتی”دا! بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەی کە گوایە ئۆجەلان دەستپێشخەری ئەم ئاشتیەی نێوان پەکەکە و حکومەتەکەی ئۆردوگانی کردووە، ئەوە خودی دەوڵەتی تورکیایە کە تانوپۆی ئەم پرۆسەیەی چنیوە، تا لەسەرێکەوە بەسەر قەیرانەکانی ناوخۆی خۆیدا زاڵ بێ و فەزایەک بۆ جێگیری دەسەڵاتەکەی برەخسێنێ و لەسەرێکی دیکەوە کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم جێگیربوونی وەکو هێزێک و یاریزانێکی ناوچەیی هەڵبگرێت و کەشێکی ئارامی سیاسی و ئەمنیش لەبەردەم پڕۆژە ئابوریەکانی لەناوچەکەدا پێکبهێنێ. سەرباری ئەوانە سنورێکیش بۆ ڕۆڵی هەسەدە دابنێت کە وەکو بەربەستێک لەبەردەم هەژمونی خۆی بەسەر دەسەڵات لە سوریادا دەیبینێت.

    لەڕاستیدا ئەوەی هەم لە پەیامەکەی ئۆجەلان و هەم لە زمانی سەرانی حوکمەتە فاشیستەکەی ئۆردوگاندا دەردەکەوێت، ناوەڕۆکی ئەوەی ناوی نراوە “پرۆسەی ئاشتی”، بەندوبەست و سازانی ئەم دوو لایەنە و بەدەستەوەگرتنی مەسەلەی کوردە وەک کارتێكی سیاسی بۆ وەرگرتنی ئیمتیازات لەیەکتر. بەتایبەتی هەم ئۆردوغان ئەوە باش دەزانێ کە جەنگ و میلیتاریزم بەهەموو خەرجی و زیانەکانیەوە، بەناوی “شەڕ لەدژی تیرۆر” ناتوانێ پەکەکە لەڕیشەوە هەڵكێشێ، وە هەم ئۆجەلانیش لەمێژە لەوەگەیشتوە کە “خەباتی گەریلاو پێشمەرگایەتی” برەوی نەماوە و ناتوانێ هاوسەنگی هێز بەقازانجی بەشداربونی بورژوازی کورد لە دەسەڵاتدا بگۆڕێ. بۆیە تاکتیکی تازەی بورژوازی کورد دەستهەڵگرتنە لە خەباتی چەکداری بە قازانجی برەودان بە خەباتی سیاسی و قانونی لە شارەکان. ئەمەش بەکردەوە لە تورکیادا پێش ئەم پڕوپاگەندانەی هەردولا دەربارەی پرۆسەی ئاشتی دەستی پێکردوە و ناویانناوە “چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراتیانەی کێشەی کورد”.
    لە عێراقیش ناسیونالیزمی کورد و حیزبەکانی بەگشتی و پارتی بەتایبەتی، کە سیستەم و دەسەڵاتەکەیان لەبنبەستدا چەقیوە و ناکۆکی و پەرتەوازەیی یەخەی پێگرتوون، ڕووداوەکانی ناوچەکە بەگشتی و ڕوخانی ئەسەد و پەیامەکەی ئەم دواییانەی ئوجەلانیش بۆتە فرسەتێک کە جارێکی تر مەسەلەی کورد وەک کارتێکی سیاسی بەدەستەوە بگرێ بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی سیاسی. ئەوەی کە حکومەتی هەرێم و بارەگای مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەی بۆتە پێگەیەک بۆ جوڵە دیبلۆماسیەکان و ئەو پروپاگەندەیەی بەم بۆنەیەوە سەبارەت بە ڕۆڵی ڕابەری نەتەوەیی بارزانی بۆ “مافە نەتەوەییەکانی کورد” بەرپایان کردوە، لە ناوەڕۆکدا شتێکی زیاتر نییە لەوەی کە پارتی و حکومەتەکەی بە قازانجی بردنەپێشەوەی ستراتیژی تورکیا لەناوچەکەدا ڕۆڵ دەگێڕێ، تا لە بەرامبەر ئەمەدا لەناوخۆی کوردستاندا خۆی بەسەر خەڵکی ناڕازی و حیزبەکانی نەیاریدا زاڵ بکا و هەم لەبەرامبەر حکومەتی عێراق و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، سود لەنفوزی تورکیا لەناوچەکەدا، وەربگرێ..

    لەهەموو ئەم واقعیەتانەدا چەند ڕاستیەک بەرجەستەیە:

    ١/ دەوڵەتانی زلهێزی جیهان و ناوچەکە، بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا کە خۆیان بە “دۆست و پشتیوانی کورد” هەڵدەخەن، بەناوی ئەم دۆستایەتیەوە، هێزی سەربازییان لەناوچەکەدا جێگیرکردوە و “کوردەکان’یان بەکردەوە کردۆتە هیزێکی پارسەنگ و وەکیل بۆ ڕاگرتنی هاوکێشەی هێزی جەنگییان بەرامبەر نەیارە جیهانی و ناوچەییەکانیان. کاتێکیش گۆڕانکاری لە ڕژێمەکانی ناوچەکەدا دێتەکایەوە، لە نمونەی عێراق و سوریا، بە داکۆکیکردن لە “یەکپارچەیی خاك”، ناوبردنی کێشەی کورد بە ماف و کێشەی “پێکهاتە و کەمایەتیەکان” مامەڵەدەکەن! ئەم دەوڵەتانە کە مێژوویەکی کارەساتباریان هەیە لە یاریکردن بە مەسەلەی کوردەوە، هیچ کات ڕێگاچارەیەکی سیاسی و عادیلانە بۆ کێشەی کورد جیگایەکی نەبووە لە سیاسەتی ئەواندا. لە دۆخی ئێستاشدا بەشوێن بەرژەوەندیە سیاسی و سەربازی و ئابوریەکانی خۆیانەوەن و مەعلومیش نییە کەی پشت لە”دۆستە کوردەکان”یان دەکەن و کارەساتێکی تر بەسەر خەڵکی کوردستاندا دەهێنن!

    ٢/ دەوڵەتانی ناوچەکەش لەکاتێکدا هەریەکەیان بە سەرکوت و ملهوڕی و میلیتاریزم و داسەپاندنی ستەم بەسەر هاوڵاتیانی کوردزمانی ژێردەستیاندا بەڕێوەدەبەن، لە ڕێگای لەباوەشگرتن و بەکاربردنی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد لە پارچەیەکی تری کوردستان، لە کێشمەکێشە ناوچەییەکانیاندا لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە، خۆیان وەک لایەنگری “کوردانی بەشێکی تر” هەڵدەخەن! لێرەشەوە بەردەوام یارییان بە مەسەلەی کوردەوە کردوە و لەدژی یەکتر و بۆ ڕاگرتنی هێزهاوسەنگی نێوانیان بەکاربردووە. ئەم دەوڵەتانە خۆیان هۆکار و سەرچاوەی ستەمی نەتەوایەتی و مانەوەی کێشەی کوردن، لە دۆخی ئیستاشدا لەڕێگای بەکاربردنی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردەوە وەکو هەمیشە یاری بەم مەسەلەیە دەکەن.

    ٣/ ناسیونالیزمی کورد و حیزبەکانی کوردایەتی لە گۆڕانکاریەکانی ئێستای ناوچەکەدا، بە ڕاوەستان لەسەر ئەو درز و کەلێنەی لە هێزهاوسەنگی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە جیهانیەکاندا پێکهاتووە، مەسەلەی کورد و بێدەرەتانی خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنن بۆ شەریکبونەوەی خۆیان لە دەسەڵاتی دەوڵەتی مەرکەزیدا. ئەوەی ناویان ناوە مافی کورد هیچ نییە جگە لە پچڕینی سوچێکی دەسەڵاتی سیاسی بۆ خۆیان لە پاڵ دەوڵەتانی مەرکەزیدا. ئەمەش هیچ پەیوەندیەکی بە مافەکانی خەڵکی کوردزمان و چارەسەری کێشەی کوردەوە نییە. لە جەرگەی هەلومەرجی ئێستا و “پرۆسەی ئاشتی”دا هیچ باسێک لە مافە فەردی و مەدەنیەکانی خەڵکی کوردستان و گێڕانەوەی ئیرادە بۆ ئەوەی ئەم خەڵکە بریار لە چارەنوسی خۆی بدات، نییە. تەنانەت نە “پرۆسەی ئاشتی” و نە ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد بەدوای گۆڕانکاریەکی ئەوتۆوە نین لە دەستور و نیزامی سیاسی دەوڵەتانی مەرکەزیدا کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و خەڵکی ناوچەکەدا بێت و مۆدێلیکی سیاسی سیکولار و پێشڕەو نوێنەرایەتی بکات و ڕێگایەکی سیاسی بۆ چارەسەری کێشەی کورد، بکاتەوە.

    ٤/ ناسیونالیزمی کورد و”ئەزمونی ڕۆژئاوا” لە سوریا، بەهەر جیاوازیەکەوە کە لەخۆی نیشانداوە، وەک ئەوەی بەرهەمی هەلومەرجێکی سیاسی دیفاکتۆ و نائاساییە، سەرباری ئەوەی لە ١٤ ساڵی رابردودا لە چەند بواردا ڕۆڵێکی ئیجابی بینیوە؛ ڕێگای بڕی لە ڕۆچوونی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بۆ ناو ئەو سیناریۆ تاریکەی باڵی بەسەر سوریادا کێشا و ئاسایشی ئەو ناوچانەی دابین کرد، بەرامبەر بەربەریەتی ئیسلامی داعش ڕاوەستا و رێگای گرت لەوەی کارەساتی شەنگاڵ دوبارەبێتەوە، لە پەیوەند بە مەسەلە و مافەکانی ژنانەوە ڕۆڵێکی ئەرێنی گێڕا، جڵەوگیری کرد لە دنەدان بە ناکۆکی قەومی، بەڵام بەوپێیەی کە هەسەدە و ئەزمونەکەی پشتی بە پشتیوانیە سەربازی و داراییەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بەستوە، دەرگای وەرگرتنی هاوکاری و دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلی بەکراوەیی هێشتوەتەوە، هەروەها ڕێکەوتنە ٨ خاڵیەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، نەک هەر ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەرێکی سیاسی پێشڕەوانەی بۆ مەسەلەی کورد و ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی ناوچەکە نیشان نادەن، بگرە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەمانە ببنە سەرەتایەک بۆ یەکلابونەوەی ئەم “ئەزمونە” لەچوارچێوەی ڕێگاچارەی ئەمریکایی و دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕۆچوون بەرەو هەمان سونەت و سیاسەتی باڵەکانی تری ناسیونالیزمی کورد لەئاستی ناوچەکەدا. ئەم ئاڕاستەیەش لە “کۆنفرانسی یەكڕیزی کورد” کە لە قامیشلی بەسترا، لەنێوان هەسەدە و لایەنە سیاسیەکانی ناو ئەنەکەسە کە لەسەر پارتی حساب دەکرێن، بەشێوەیەکی ڕوونتر بەرجەستە بوو.

    بەڕەچاوکردنی ئەم بارودۆخە ناوچەیی و جیهانیە و ڕۆڵێک کە هێزە ئیمپریالیستی و ناوچەییەکان و ئەحزابی ناسیونالیزمی کورد دەیگێڕن، ئەو ڕاستیە روون دەبێتەوە کە چارەسەری ڕیشەیی ستەم و کێشەی کورد لە ناوچەکەدا، لەناو گێژاو و ناڕوونیدا و لە پەیوەند بە بەرژەوەندیە سیاسی و ئەمنی و ئابوریەکانی هەریەک لەم هێزانەدا دەسوڕێتەوە. ڕێگاچارەیەکیش کە لە بەرگی “مافی پێکهاتەکان”، “خۆسەری و لامەرکەزیەت”، “مافی کەلتوری و خوێندن بە زمانی دایک”، تا “فیدرالیزم و کرانەوە و دیموکراسیزەی دەسەڵاتە مەرکەزی و سەرکوتگەرەکانی ناوچەکە” لێرەولەوێ باس دەکرێ، لەبنەڕەتەوە لەسەر “پیرۆزکردنی یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتانی ناوچەکە” ڕاوەستاوە. ئەمەش شتێکی تر نییە جگە لە ڕێکخستنەوەی سیستەمی دەسەلاتدارێتی بۆرژوازی لە ناوچەکەدا لەگەڵ ڕێگەدان بە حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵات، لەسەر بنەمای دابەشکاری قەومی هاوڵاتیان. ئەمەش نەک هەر مەسەلەی کورد وەک برێنێک بە جەستەی کۆمەڵگاکانەوە دەهێڵێتەوە بگرە دەرگا بەڕووی قوڵبوونەوەی کێشەی قەومی دەکاتەوە.

    حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری یاریکردن بە ژیان و چارەنوسی خەلکی کوردستان مەحکوم دەکات، هاوکات‌ هه‌رجۆره‌ بڕیارێک له‌باره‌ی‌ ئاینده‌ی‌ سیاسی‌ خەڵکی کوردزمانەوە‌ لەهەر وڵاتێکدا،‌ به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕای‌ گشتی‌ خه‌ڵكەکەی ‌و ته‌نها له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ بڕیاری‌ ده‌وڵه‌تی‌ مه‌ركه‌زی‌، یان ڕێككه‌وتنی‌ سه‌روخه‌ڵكیی‌ نێوان ده‌وڵه‌ت‌ و حزبه‌ محه‌لیه‌ بۆرژوا ناسیونالیستیەکان، بە نامه‌شروع‌ و دژ بە ئیرادەی سیاسی ئەوان دادەنێت. لەم ئاڕاستەیەشدا حیزبی كۆمۆنیستی‌ كرێكاری‌ گه‌ڵاڵه‌ جۆراوجۆره‌كانی وەک‌، “حوکمی زاتی و خۆجێی، لامەرکەزیەت و فیدرالیزمی‌ نه‌ته‌وه‌یی”‌ بۆ ناوچە کوردنشینەکان كه ‌له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ناسیۆنالیستیی‌ كورده‌وه‌ ده‌خرێتەڕوو، نه ‌ته‌نها به‌ هه‌نگاوێكی‌ ڕووله‌پێش، به‌ئاقاری‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ کێشەی کورد نازانێت‌‌، به‌ڵكو ئەم تەرحانە لەبنەڕەتەوە‌ بۆ بەشداریکردنی ئەم هێزانە لەدەسەڵاتی ناوەندی و هێشتنەوەی ناسنامە و دابەشبونە نەتەوەییەکان لەناوچەکەدا دەزانێ.

    خەڵکی کوردزمان هەقیانە وەک هاوڵاتیەکی یەکسان لە هەموو بەشەکانی کوردستان، بە مافی یەکسانەوە لەچوارچێوەی دەوڵەتانی ناوچەکەدا بژین. هەرجۆرە دابەشکردنی کۆمەڵگاکان بەسەر ناسنامەی دروستکراوی نەتەوەیی و دینی و تائیفی و ڕەگەزییەوە، نەک هەر کۆتایی بە کێشمەکێش و ململانێی نەتەوەیی ناهێنێت، بەڵکو کۆمەڵگا لەبەردەم گێژاو و تەنگژەی نەتەوەیی و تیرەگەری و دەمارگیری ئاینیدا لەلایەن نوینەرانی سیاسی و چەکداری هەر ئەم ناسنامە درۆزنانەوە ڕادەگرێ. پێکهێنانی حکومەتێکی سیکولاری نەقەومی و نەدینی و بەڕەسمیناسینی مافی هاوڵاتیی یەکسان بۆ هەموان و بەمپێیەش گۆڕانکاری لە سیستەمە سیاسیەکانی ئێستای ناوچەکەدا و جێگرتنەوەیان بە سیستەمی سیاسی کە ئازادیەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکان و ژیانیکی شایستە بۆ هەموان دەستەبەر بکات، زامنی کردنەوەی دەرگایە بەڕووی هەڵگرتنی ستەمی نەتەوەیی و چارەسەرێکی سیاسی و عادیلانەی کێشەی کورددا. .

    حیزبی كۆمۆنیستی‌ كرێكاری‌ وه‌كو پرەنسیپێکی گشتی‌ خوازیاری‌ پێكه‌وه‌ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه ‌جیاجیاكانه‌ وه‌كو هاووڵاتیانی‌ ئازاد ‌و خاوه‌ن مافی‌ یه‌كسان له‌ چوارچێوه‌یەکی ووڵاتیی گەورەتردا. ئەم پێکەوەبوونە زەمینە دەڕەخسێنێ بۆ پێکهێنانی ڕیزی‌ به‌هێز و توانای‌ چینی كرێكار‌ له ‌مه‌یدانی‌ خه‌باتی‌ چینایه‌تیدا. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌شدا ‌و له‌و وڵاتانەی كه‌ پێشینه‌ی‌ سته‌می‌ نه‌ته‌وایه‌تی ‌لەسەر خەڵکی کوردزمان کێشەی کوردی کردوە بە کێشەیەکی سیاسی و قورسایی لەسەر کۆمەڵگاکان دەکات، لە ڕوانگەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییەوە ڕێگاچارەی سیاسی عادیلانە، گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان لەڕێگای بەرپاکردنی ریفراندۆمی گشتی و ئازاد لە ناوچە کوردنشینەکان، لە فەزایەکی دوور لە هەرجۆرە زەخت و فشار و هەڕەشەیەک، بۆئەوەی خەڵکی کوردستان بڕیار لەسەر چارەنوسی سیاسی خۆیان بدەن لەنێوان مانەوە لەگەل باقی دانیشتیوان بە بەهرەمەندبون لە مافی یەکسانی هاوڵاتیبونی هەموو دانیشتوان، یان جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ. ئەنجامی ریفراندۆم هەرچیەک بێت، دەبێ وەکو بریاری ئازادانەی ئەم خەڵکە جێبەجێ بکرێت. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئەم مافە بۆ خەڵکی کوردستان بەڕەسمی دەناسێ و بە هەموو توانا بۆ دەستەبەرکردنی خەبات دەکات و دژی ستەمی میللی و هەرجۆرە زەخت و زۆرێک بەرامبەر خەلکی کوردستان و بریاری ئازادانەی ئەم خەڵکە ڕادەوەستێت.

    هەروەها حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، خەباتی یەکگرتوانە و هاوبەشی چینی کرێکاری نەتەوە جیاوازەکان لە هەریەک لەو وڵاتانە بۆ لەگۆڕنانی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی، بە ڕیگاچارەیەکی ڕیشەیی دەزانێ بۆ کۆتاییهینان بەهەموو جۆرەکانی جیاکاری و ستەم و چەوسانەوە و شەڕ و ڕکابەریە نەتەوەیی و دینیەکان و زامنکردنی ئاشتیەکی پایەدار لەناوچەکەدا، کە هاوکات ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو دانیشتوان زامن دەکات.

    حیزبی کۆمۆنسیتی کرێکاریی کوردستان      حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

    کۆتایی ئایاری ٢٠٢٥

     

    Share.