گۆڕتان گووم بکەن و واز لە خەڵکی ئێران بهێن!

    هەفتەیەک بەسەر ناڕەزایەتیەکان لە دژی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و گرانیی لەڕادەبەدەر و هەڵاوسانی نرخەکان تێدەپەڕێت. نارەزایەتییەکان لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی دێسەمبەری ٢٠٢٥ بە مانگرتنی بازاڕ و بازرگانانی تاران دەستی پێکرد و لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێراندا تەشەنەی کرد. کۆماری ئیسلامی بە پێدانی ئیمتیاز بە  کاسبکاران و  هاوپیشەکانیان سەرکەوتوو بوو لە هێورکردنەوەی بازاڕدا. به ڵام ناڕه زایەتیەکان له دژی هه ژاری و نەهامەتی و گرانیی لەڕادەبەدەری نرخه کان  نە له بازاڕەوە دەستی پێکرد وەو نه ته نیا بە  بازاڕەوە سنورداربووە. کۆمەڵگای ئێران لە مێژە شوێنی ململانێیەکی سەرتاسەری لە نێوان چینی کرێکار و چینی زەوتکراوی کۆمەڵگا و خەڵکی ئازادیخواز لە دژی بۆرژوازی ئێران و حکومەتەکەی، دژی هەژاری، گرانی، بێمافی، سوکایەتیکردن بە ژنان، زیندانیکردن، لە سێدارەدان و ستەمکاری بووە. هاتنی کاسبکاران و هاوپیشەکانیان بۆ ناو ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گرانی، دەربڕینی قووڵایی ئەو کارەساتەیە لەم کۆمەڵگایەدا هەیە، کە تەنانەت وایکردووە کاسبکارانیش بێنە دەنگ.

    لەگەڵ دەستپێکردنی مانگرتنی کاسنکاران و هاوپیشەکانیان و تەشەنەسەندنی بۆ زانکۆکان و ناڕەزایەتییەکانی شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران، حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە بێشەرمییەکی تەواو و وەکو هەمیشە، هەوڵیان دا ململانێ کۆنەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێراندا هەڵبواسن. هەوڵیاندا جارێکی دیکە لە بەرگی “بەرگری” لە خەڵکی ئێراندا، گوشارەکانیان لەسەر کۆماری ئیسلامی پاساوبدەن. سەرانی حکومەتی تاوانکاری ئیسرائیل، بکوژانی سەدان هەزار کەس لە فەلەستین و ناوچەکە، ئاڵای “پشتیوانی”یان بۆ خەڵکی ئێران بەرزکردەوە. ئەمجارە دەزگای سیخوڕی ئیسرائیلی “موساد”، ناوەندێک کە لە ئاستی جیهانیدا وەکو وێرانکەرترین ناوەندی تاوان و تیرۆر و جینۆساید جێگای نەفرەتی گشتیە، بە بێشەرمێکی لەڕادەبەدەرەوە رووی دەمی کردە خەڵکی ئێران و داوای لێکردن درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن و ئەوانیش پشتیوانیان دەبن!! دۆناڵد ترامپ بەرگی “بەرگری” لە خەڵکی ئێران لەبەرکرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی هێرش بکاتە سەر خەڵك، ئەو و حکومەتەکەی ئامادەن هێرش بکەنە سەر ئێران بۆ “بەرگری” لە خەڵک! دواتریش مایک پۆمپیۆ، بەرپرسی پێشووی سی ئای ئەی و وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، بە بیانووی “بەرگریکردن” لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ئێران، بەرگری لە قسەکان وهەڕەشەکانی ترامپ و ئیسرائیل لە دژی ئێران کرد.

    لەم نێوەندەدا ڕەزا پەهلەوی و هێزە کۆنەپەرستەکەی کە پارێزەری هێرشێکی سەربازییە بۆ سەر ئێران، جارێکی دیکە زیندووبوونەتەوە و کەوتوونەتە جموجوڵ و لە بازنەی ئەمنی و لۆبیی حکومەتەکانی ڕۆژئاوادا بەناوی “ڕاکێشانی پشتیوانی خەڵکی ئێران”ەوە چالاک بوون. ڕەزا پەهلەوی بەوپەڕی بێشەرمی و قێزەونانە سوپاسی ترەمپی کردووە کە هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکات. کەسێک کە ساڵانێکی زۆرە وەک هاوکارێکی ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و بە ناوی دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامیەوە بە فەرمی چاوەڕوانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بووە و شانازی بە کارە شەرمهێنەرەکەیەوە دەکات، لەم ماوەیەدا بە پەیامی قێزەونەوە رووی دەمی کردۆتە خەڵکی ئێران  و بەڵێنی “ڕزگارکردن”یان لەرێگای دەستوەردانی تاوانکارترین حکومەتەکانی مێژووی جیهان، ئەمریکا و ئیسرائیل، بە بۆردومان ئێران پێدەدات. پەهلەویە نوێیە فاشیستەکان بۆ گۆڕینی ڕەزا پەهلەوی، ئەم توخمە بێڕیشە و بێناوبانگە، ژەنەراڵی بێسەرباز، بە “ڕێبەری هەڵبژێردراوی خەڵك”، دەستیانکرد بە ساختەکردن و دەستکاریکردنی فیلمی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ئێران و دانانی دروشمی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە “شازادە”  لەسەریان و بڵاوکردنەوەی لە کەناڵی ڕاگەیاندنی فەرمی خۆیان، دەزگای بێئابڕوی بڵاوکردنەوەی درۆوە. بەڵام ئەم کردەوانە، زیاتر لە جاران، نەك بێ ئیعتباری، ساختەچێتی، چەواشەکاری و هاوکات بێکاریگەربوونی بزووتنەوەی پاشایەتی ئاشکرا کرد، بەڵکو نەفرەتی خەڵکیان بۆخۆیان و هاوکارەکانیان زیاترکرد. دروشمەکانی “نە رابەری، نە پەهلەوی، ئازادی و یەکسانی” جارێکی دیکە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەنگی دایەوە.

    ئەو حکومەتانەی تۆمارێکی ڕەشیان هەیە لە کوشتن و بۆردومانکردنی خەڵکی بێتاوان لە کەرتی غەززە، کەناری ڕۆژئاوا، عێراق، ئەفغانستان، لوبنان، یوگۆسلاڤیا، سوریا، لیبیا و…، ئەمڕۆ بە دروشمی “بەرگریکردن” لە خەڵکی ئێرانەوە هاتونەتە مەیدان و ناوی کەسایەتییەکی بێبەهای وەکو ڕەزا پەهلەوی وەک “نوێنەری” خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بڵاودەکەنەوە، شتێک کە نەفرەتێکی قووڵی خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانی وروژاندووە بۆتە  دەستمایەیەك بەدەستی  کۆماری ئیسلامیەوە لە دژی ئەوان.

    هێرشی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر ڤەنزوێلا و تیرۆری ئاشکرای دەوڵەتی و ڕفاندنی بێشەرمانەی مادۆرۆ و هاوسەرەکەی و هەڕەشەی دووبارە هێرشکردنە سەر ئەم وڵاتە و بەڕێوەبردنی لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە تا ماوەیەکی نادیار، دوا دەستە گوڵی “دیموکراسی” ڕۆژئاوا و دیاری ترەمپە بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە.

    ڕووخساری قێزەونی حکوومەتی ئەمریکا و ئیسرائیل، تیرۆر و کوشتنی بێپەردە و تاوانەکانیان لە ناوچەکە و جیهاندا، ملهوڕی و شەڕخوازی ئاشکرایان و بوکەڵە بێبایەخەکانیان لەوانە ڕەزا پەهلەوی و دۆستەکانی، مایەی نەفرەت و بێزکردنەوەی قووڵی خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانە.

    خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، کرێکاران، ژنان، نەوەی گەنجی ئازادیخواز و بێبەشەکانی ئەم کۆمەڵگایە، هەزاران جار  خۆ بە”ڕزگارکەر” ناوبەرانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان ڕەتکردۆتەوە. چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لە خەباتێکی سەرتاسەریدایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەپێناو خۆشگوزەرانی و ئازادی و بۆ ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی. لە ڕوانگەی ئەم خەڵکەوە حکومەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان و لایەنگران و بوکەڵەکانیان لە نێو ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا لە ڕیزی دوژمنە ڕاستەقینەکانیاندان. سیاسەتەکانیان تائێستا لە هەڕەشەی شەڕەوە تا گەمارۆ ئابووریەکان، لە شەڕی ١٢ ڕۆژە تا هەڕەشەکانی ئەم دواییەیان، گەورەترین زیانی بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی ئێران گەیاندووە و گەورەترین خزمەتیان بە کۆماری ئیسلامی لە دژی ئەم بزووتنەوەیە کردووە.

    پەیامەکانی سەرکردەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و مۆساد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گەورەترین دیارییە بۆ کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و دەستگیرکردنی ناڕازییان بە پاساوی “سیخوڕی مۆساد” و “بەکرێگیراوی” ئەمریکا و ئیسرائیل.

    خەڵکی ئێران پێویستیان بە پشتیوانی موساد و سەرکردە تاوانکارەکانی ئیسرائیل و چەتە چەکدارە حوکمڕانەکانی ئەمریکا و نۆکەرەکانیان لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆندا، لەوانەش رەوتی بێڕیشەو پەراوێزکەوتوو، دواکەوتوو و چەقۆکێشی پشتیوانی ڕەزا پەهلەوی، نیە. وەڵامی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بۆ ئەم لەشکرە ئەوەیە: گۆڕتان گووم بکەن ودەستبەرداری خەڵکی ئێران بن!

    چینی کرێکار و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا، پێیان ناوەتە ناو قۆناغێکی هەستیارەوە لە ململانێدا لەگەڵ بۆرژوازی ئێران و حکومەتەکەیدا،  لەپێناو باشبوونی ژیان و کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران، ئازادو یەکساندا، هەروەها لە هەوڵی یەکگرتووکردن و رێکخستنی رێزی هێزی  مەز نی خۆیاندان بۆ سەرکەوتن. خەباتێک کە مۆری خواۆی داوە لە هەموو گۆڕانکاریە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوورییەکان و هەموو هاوکێشەکانی ئێران و تەنانەت ناوچەکە. خەباتێک کە نەک هەر بۆرژوازی دەسەڵاتدار و حکومەتەکەی، بەڵکو تەواوی کۆنەپەرستەکانی ناو ئۆپۆزسیۆنی، لە ترسی ئاڵوگۆرە شۆڕشگێڕانەکان بە ڕابەرایەتی چینی کرێکاری هۆشیار، تووشی پەلەقاژەکردوە. بێگومان لەم ڕێڕەودا نەک تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی سەرتاسەری لەگەڵ بۆرژوازی ئێران و حکومەتەکەیدا، بەڵکو ئاشکراکردنی پلانە شوومەکانی دەوڵەتە ملهوڕ و شەڕخوازو تیرۆریستیەکان، لەوانەش ئیسرائیل و ئەمریکا و سەربازە سنگ دەرپەڕێنەکانیان لە نێو ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامیدا، بەشێکی جیددی هەوڵەکانمانە بۆ ڕزگاری ڕاستەقینە.

    حیزبی حیکمەتیست (خەتی رەسمی)

    ١٤ی دیماهی ١٤٠٤ – ٤ی کانوونی دووەم. جەنیوەری ٢٠٢٦

    Share.