ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی پلینۆمی ٣٢ی کۆمیتەی ناوەندی حزب

    لە رۆژانی ٩و ١٠ی کانونی دووەم/ جەنیوەری ٢٠٢٦دا کۆمیتەی ناوەندی حزب بەبەشداری زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزب و وەفدێك لە کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق کە پێکهاتبوون لە هاورێیان( فارس محمود، خلیل ئیبراهیم، نادیە محمود و ئەسعەد تاڵیب) پلینۆمی ٣٢هەیمی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجام دا.

    دوای دڵنیابوون لە شەرعیەتی پلینۆم، کارەکانی پلینۆم بە  سرودی ئینتەرناسیۆناڵ و خولەکێك وەستان بۆ رێزگرتن لە یادی خەباتی گیانبەختکردوانی رێگای ئازادی و سۆشیالیزم دەستی پێکرد.

    ووتاری کردنەوەی پلینۆم لەلایەن هاورێ عوسمانی حاجی مارفەوە پێشکەشکرا کە تێیدا ئاماژەی بە بایەخی سیاسی و رێکخراوەیی پلینۆمی ٣٢ی کۆمیتەی ناوەندی کرد کە لە هەلومەرجێکی سیاسی هەستیاری عێراق و کوردستاندا دەبەسترێ. دواتر بەرنامەی کارو رێساکانی بەڕێوەچوونی کارەکانی پلینۆم پەسەندکران و کۆبونەوەکە دەستی کرد بە کارەکانی خۆی.

    بڕگەی یەکەمی پلینۆم بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی راپۆرتی کارو چالاکیەکانی ئۆرگان و کۆمیسیۆنەکانی حزب لەدوای پلینۆمی ٣١ەوە . ئامادەبوان سەرنجەکانی خۆیان لەسەر لایەنە بەهێزو لاوازەکانی کارەکانی ڕابردوو خستەڕوو وە بەشێوەیەکی گشتی پێداگری لەسەر ئەوە کرا کە سەرجەم ئۆرگانەکان و کۆمیسیۆنەکان سەرەڕای ئەوەی کە کاری جدی و لێبڕاوانەیان ئەنجامداوە لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، بەڵام بەدەریش نەبوون لە کەموکوڕی کەجێگای رەخنەو هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی بەشداربووان بوو.

    بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی دۆخی حزب و جێگاوپێگەی سیاسی لەناو کێشمەكێشەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەبەر رۆشنایی گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ناوچەکەو عێراق و کوردستان و دەرکەوتنی حزب وەکو هێزێکی سیاسی کۆمۆنیستی دەخالەتگەر. لەوبارەوە ئاماژە بە کەموکوڕیەکان کراو بڕیار درا کە مەکتەبی سیاسی داهاتوو بەڵگەنامەی نەخشەکار و ئەولەیەتە سیاسی و رێکخراوەیەکانی حزب ئەمادەبکات بەمەبەستی بەدیهێنانی ئەو گۆڕانکاریانەی کە حزب دەباتە سەر ئەو رێچکەیەی کە دەوری شایستەی خۆی بگێڕێت وەکو هێزێکی ئاڵوگۆڕبەخشی کۆمۆنیستی.

    بڕگەی سێهەمی پلینۆم بریتی بوو لە کۆبەندی لە تاکتیکی حزب دەربارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان و پێداگری لەسەر دروستی ئەو سیاسەتەی حزب هاوکات، ئاماژەکردن بو ئەو هەڵەو کەموکوڕیانەی لە بواری عەمەلیکردنەوەی ئەو تاکتیکەدا گیرایەپێش. هەر لەوبارەیەوە بڕیاردرا کە بەشێوەیەکی گونجاو ئەو کۆبەندیە لەئاستی کۆمەڵگادا بڵاوبکرێتەوە.

    بڕگەیەکی دیکەی پلینۆم بریتی بوو لە لێکدانەوەی دۆخی سیاسی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو پێشهاتە سیاسیە تازانەی لەئاستی ناوچەکەو عێراق و کوردستاندا بەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا هاتوونەتە ئاراوەو پرسی قەیرانی حکومەتی و هەنگاوە سیاسی و عەمەلیەکانی حزب.  هەر لەوبارەوە بڕیاردرا کە بەڵگەنامەیەکی سیاسی لەلایەن مەکتەبی سیاسیەوە ئامادەو بڵاوبکرێتەوە.

    بەندێکی دیکەی کۆبونەوەکە بریتی بوو لە پرسی رێکخراوەی کرێکاری و کارو هەنگاوەکانی کۆمیسیۆنی کاروباوری کرێکاری. پاش قسەوباسی بەشداربوون، لەوبارەشەوە بڕیاری گونجاو درا بەمەبەستی بەهێزکردنی پێگەی کۆمیسیۆن و بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەناو کرێکارانداو هەروەها چرکردنەوەی هەوڵەکان بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ لەبواری رێکخستنی جەماوەری و غەیرەحزبی کرێکاراندا.

     بەندێکی دیکە قسەوباسکردن بوو لەسەر دیارکردنی کاتی کۆنگرەی حەوتەمی حزب. هەروەها لە بڕگەی بڕیارەکاندا کۆمەڵێك بڕیاری پێویست دران بەئاراستەی جێبەجێکردنی ئاراستەو جیهەتگیریەکانی باسەکانی پلینۆم.

    لە بڕگەی کۆتاییدا کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، بە دەنگی سەرجەم ئامادەبوان هاورێ عوسمانی حاجی مارف وەکو سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرایەوە. هەروەها ئەم هاوڕییانە وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران( ڕێبوار ئەحمەد، موحسین کەریم، خەسرەو سایە، دەشتی جەمال، شاباز مەحمود، عبدللە مەحمود، رێبوار عارف. ئالان مارف، جەمال موحسین، فوئاد صادق و ئازاد مەجید).

    دواتریش وتاری کۆتایی پلینۆم لەلایەن هاورێ عوسمانی حاجی مارفەوە پێشکەشکرا و کارەکان و بڕیارەکانی پلینۆم و ئامادەییەکانی کۆمیتەی ناوەندی بەئاراستەی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی داهاتوو بە ئەرێنی و جدی پێناسەکرد. بەوجۆرە پلینۆمی ٣٢ی کۆمیتەی ناوەندی حزب بە سرودی ئینتەرناسیۆناڵ کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.

    ئەمڕۆش ڕیکەوتی ١١ی کانونی دووەم/ جەنیوەری مەکتەبی سیاسی یەکەم کۆبونەوەی خۆی سازدا و تاووتوێی چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پلینۆمی کردو بڕیاری پێویستی لەبارەیانەوە داو هەروەها کاردابەشکردنی ناوخۆیی مەکتەبی سیاسی دەستنیشانکرد.

    حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

    ١١ی کانونی دووەم/ جەنیوەری ٢٠٢٦

    Share.