پشتیوانی تەواو لە داکۆکیکارانی مافی فەلەستین دەکەین کە لە زیندانەکانی بەریتانیادا زیندانیکراون.
لە بەریتانیا نزیک بە دووهەزار کەس بە تاوانی دژایەتیکردنی جینۆساید و داکۆکی لە مافی گەلی فەلەستین زیندانیکراون. بەپێی یاسایەکی نوێ کە بەپەلە ئامادەکراوە، دەستگیرکران و بە “تیرۆریست” ناوزەدکران. دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە بەبێ هیچ دادگاییکردنێك بۆ زیاتر لە ساڵێك بەناوی دەستبەسەرکردنی ئیحتیاتی، تەنیا بەڵگەی داڕمانی سیستەمی دادوەری بەریتانیا نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی ڕوونی زیاترە بۆ ئیرادەی حکومەتی بەریتانیا بۆ پاراستنی هاوکارییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل لە دژی هەموو ئەوانەی بەرگری لە گەلی فەلەستین دەکەن.
تائێستا مانگرتن لە خواردنی زیندانییەکان پێیناوەتە ٤٠هەمین ڕۆژی خۆیەوە. ئەم مانگرتنە یەکێکە لە ڕێکخراوترین و هەماهەنگترین و قارەمانانەترین شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هاوکاری چالاکانەی حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و کۆماپنیاکانی بەرهەمهێنەری چەکدا. لەکاتێکدا وەزیری دادی بەریتانیا تا هەفتەی ڕابردوو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە” ئاگاداری مانگرتن لە خواردن نییە”، بەڵام ناڕەزایەتییە گشتیە ففراوانەکان لە شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی سەرتاسەری وڵاتدا، سەرکەوتوو بوون لە شکاندنی ئەو سانسۆر و بێدەنگیەی کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانەوە سەپێندرابوو، ئەمەش حکومەتی بەریتانیای ناچارکرد دان بەوەدا بنێت کە هاوکاری پزیشکی بەپەلە بۆ مانگرتووان دەستەبەر بکات.
ئێمە، بەرەی یەکگرتووی کرێکاری بۆ بەرگری لە گەلی فەلەستین، پشتیوانی خۆمان بۆ ئەو زیندانیانە ڕادەگەیەنین و داوای ئازادکردنی دەستبەجێیان دەکەین. هەروەها هاوکاری حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل ئیدانە دەکەین. جێگای شەرمەزارییە کە حکومەتی بەریتانیا بەرگریکردن لە گەلی فەلەستین بە “تیرۆر” ناوزەدبکات، لەجیاتی ئەوەی ئەو کۆمەڵکوژییە بەردەوامە و پاکتاوکردنی رەگەزیەی لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێت، بە تیرۆری نێودەوڵەتی لە دژی گەلێکی بێبەرگری ناوزەد بکات.
ئێمە لە بەرەی یەکگرتووی کرێکاران، پشتیوانی خۆمان بۆ مانگرتووان و داواکارییەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتی “تیرۆریزم” و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی بەرگریکارانی گەلی فەلەستین و دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە هاوکارییە تاوانکارییەکانی حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل ڕادەگەیەنین.
بەرەی یەکگرتویی کرێکاری بۆ بەرگری لە خەڵکی فەلەستین
١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥