بەیاننامە دەربارەی گیان لەدەستدانی هاورێمان”محمد جبار”

    بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی هاورێی ئازیزمان “محەمەد جەبار”، ئەندامی کۆمیتەی بەغدای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقمان پێگەیشت، دوای ئەوەی تەرمەکەی بەخنکاوی لە ئاودا دۆزرایەوە، لە بارودۆخێکی تەمومژاوی کە تا ئێستا هۆکارەکەی روون نیە.

    ئەم ڕووداوە ئەو پرسیارە رەوایانە دەوروژێنێت سەبارەت بە سەلامەتی هاووڵاتیان و زەروورەتی مامەڵەیەکی جددی لەگەڵ هەموو مردنێکی گوماناویدا.

    لەم بەیاننامەیەدا ئەمانەی خوارەوە دووپات دەکەینەوە:

    ١/ داواکارین لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوونێکی پیشەیی و شەفاف ئەنجام بدات بۆ دیاریکردنی هۆکاری مردن و ئاشکراکردنی هەموو ئەوەشتانەی پەیوەندی بە بارودۆخی مردنەکەوە هەیە.

    ٢/  دەبێت ئەنجامی لێکۆڵینەوە ئاشکرا بکرێت، بە ڕێزگرتن لە مافی بنەماڵەی ناوبراو و هاورێکانی بۆ زانینی ڕاستیەکان.

    ٣/ لەڕووی ئەخلاقی و یاساییەوە دەسەڵات بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی هاووڵاتیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان و ئاشکراکردنی هەموو شتانەی پەیوەستە بە بارودۆخی مردنەکەی.

    ٤/ بەڵێن دەدەین لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام بین کە هاورێ محەمەد هەڵیگرتبوو وە پابەند دەبین بەو پرەنسیپانەوە کە تادواهەناسەی بەرگری لێیانکرد.

    گیان لەدەستدانی هاورێ “محمد جبار” خەسارێکی گەورەیە بۆ هەموومان. هاوڕێیەکی دڵسۆز بوو، پابەند بوو بە پرەنسیپە کۆمۆنیستەکانەوە. بوونی ئەو لەنێو ئێمەدا سەرچاوەی هێز بوو. میراتی مرۆیی و خەباتکارانەی ئەو لە یادەوەری و پرەنسیپەکانماندا دەمێنێتەوە. بەگیانلەدەستدانی، بزوتنەوەکەمان هاوڕێیەکی بوێر و جاونەترسی لەدەستداوە، بەڵام پرسی یەکسانی و ئازادی دەنگێکی دڵسۆزیان لەدەستداوە.

    پرسە و سەرەخۆشی دڵسۆزانەی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و دۆستان و هاوڕێیانی دەکەین و تا روونبوونەوەی ڕاستی ڕوداوی مردنەکەی بێدوودڵی لەپالیاندا ڕادەوەستین.

    حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

    ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥

    Share.