بەیاننامەی بەرەی یەکگرتووی کرێکاران سەبارەت بە دەنگدانی پەرلەمانی ئیسرائیل بۆ لەسێدارەدانی زیندانیانی فەلەستینی!
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پەرلەمانی ئیسرائیل کە بە کنێست ناسراوە، دەنگی لەسەر بڕیارنامەی لەسێدارەدانی زیندانیانی فەلەستینی دا. ئەم بڕیارنامەیە پێشینەیەکی مەترسیدار لە مێژووی ئەم دەوڵەتە ڕەگەزپەرست و فاشیستەدا پێکدەهێنێت. نەک هەر ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە زیندانییەکان پێشێل دەکات، بەڵکو تەحەدایەکی ئاشکرایە بۆ جیهان، بە تایبەت دوای دانپێدانانی نێودەوڵەتی یەک لە دوای یەک بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا.
بڕیارنامە تاوانکارانەکەی کنێسەت ڕەنگدانەوەی گیرخواردنی ئەم دەوڵەتە ملهوڕ و قێزەون و گۆشەگیرەکراوەیە لەسەرئاستی نێودەوڵەتی و بنبەستە سیاسییەکەی لەسەر شانۆی جیهانی ئاشکرا دەکات. جگە لەوەش، ئەم دەوڵەتە کە هەموو شەرعیەتێکی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لەدەستداوە، هەوڵدەدات- لەڕێگەی ئەم بڕیارنامەیەوە- خۆی وەک داگیرکارییەک خۆی نیشان بدات و بانگەشەی ئەوە بکات کە هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و ئەخلاقی بەرامبەر بەو زیندانیانە هەڵناگرێت کە بەرەنگاری ئەو داگیرکارییە بوونەتەوە.
دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ بەێوەی دەبات، ناکرێ کەمتر لە مافیایەکی حکومی پێناسە بکرێت، وەکو باندێکی مافیا ڕەفتار دەکات و بڕیار دەدات، وە بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناکات. بێباکی ئەم حکومەتە کە لەسەریەوە تا پێیەکانی لەناو تاواندا دژی گەلی فەلەستین نوقم بووە و لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیی داد و دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئیدانە کراوە، لەو پشتیوانییە ڕاستەوخۆ و بێمەرجەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ئەمریکاوە پێیدەگات. بەبێ ئەم پشتیوانییە، ئەم دەوڵەتە قێزەونە بوونی نەدەبوو، وە نەیدەیتوانی یەک ڕۆژ زیاتر بمێنێتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا توانای ئەوەی نیە کە جێگای خۆی لەناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا پەیدا بکات.
دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل بە سروشتی نازییانەی خۆیەوە، هەوڵ دەدات لەڕێگەی کوشتنی دەرەوەی دادگاوە لە غەززە و دوور لە چاوی جیهان و بە برسیکردنی دانیشتووانەکەی، بوونی خۆی درێژ بکاتەوە. دەستی جولەکە نیشتەجێکراوە( مستوطن) دڕندەکان ئاوەڵا دەکات بۆ هەڵدڕینی جەستەی دانیشتوانی کەناری ڕۆژئاوا و سیاسەتی ئەشکەنجەدان و زەلیلکردن بەرامبەر بە زیندانییەکان پەیڕەو دەکات تاڕادەی بڕیاریی لە سێدارەدانیان.
کرێکاری بۆ بەرگری لە گەلی فەلەستین بە توندترین شێوە ئەم بڕیارە شەرمەزارکەرە ئیدانە دەکات و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە توندی لە دژی ئەم بڕیارە تاوانکارانەیە بوەستنەوە. هاوکات بانگەوازی چینی کرێکاری جیهانی و بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ گەلی فەلەستین دەکات کە پەرە بە ناڕەزایەتی و بەرەنگاربونەوەی ئەم سیاسەتانە بدەن تاڕادەی بەشکستکێشانیان.
ڕێگای ئازادبوونی جەماوەری فەلەستین و کۆتاییهێنان بە مۆتەکەی داگیرکاری لە بزووتنەوەی هاوپشتی جیهانی لەگەڵ گەلی فەلەستین و دڵە زیندووەکەی، بزووتنەوەی چینی کرێکاردایە. هەروەک چۆن ئەم بزووتنەوەیە دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین و ئاگربەستی لە غەززە سەپاند – هەرچەندە ئاگربەستێکی رێژەییە – بەوجۆرە توانای ڕووخاندنی ئەم فاشیزمەی لە ئیسرائیلدا هەیە.
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥