بەیاننامەی بەرەی یەکگرتووی کرێکاری بۆ بەرگری لە گەلی فەلەستین
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ گەلی فەلەستین – ٢٩ی تشرینی دووەم
هەموو ساڵێک لە ٢٩ی تشرینی دووەمدا، جیهان یادی ڕۆژی نێودەوڵەتی هاوپشتی لەگەڵ گەلی فەلەستین دەکاتەوە، کە ڕۆژێکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بڕیارنامەی ناڕەوای ١٨١ کە فەلەستینی دابەشکرد و کارەساتی نەکبەی لێکەوتەوە کە کە ٧٧ ساڵە بەردەوامە. ئەمساڵ ئەم ڕۆژە لەکاتێکدا یاددەکرێتەوە کە دەستدرێژی دڕندانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە و گەڕەکەکان بەتەواوی لەناو دەچن و کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و منداڵان لە ژێر داروپەردووەکاندا دەکوژرێن و سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبوون لە کردەوەیەکی ئاشکرای پاکتاوی نەتەوەیی کە لەبەرچاوی تەواوی جیهاندا ئەنجام دەدرێت.
بەرەی یەکگرتووی کرێکاری دووپاتی دەکاتەوە کە هاودەنگیی ڕاستەقینە لەگەڵ گەلی فەلەستیندا لەڕێگەی وتاری فەرمی یان نیشاندانی “نیگەرانی”یەوە دەرنابڕدرێت، بەڵکو لە ڕێگەی هەڵوێستێکی سیاسی ڕوونەوە دەبێت کە جینۆسایدی کۆلۆنیالیستی ڕەتدەکاتەوە و ئەو ڕژێمانە شەرمەزار دەکات کە هاوبەشن لە درێژەپێدانیدا، لە پێش هەموویانەوە زلهێزە ئیمپریالیستەکان، بەتایبەتی ئەمریکا.
بەم بۆنەیەوە ڕایدەگەیەنین کە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە غەززە کە لەژێر فشاری واشنتۆندا پەسەندکراوە، هیچ نییە بێجگە لە هەوڵێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژموونی ئیمپریالیستی لەڕێگەی “ئاگربەستێکی مرۆیی” مەرجدار و بەشبەشەوە کە پارچەپارچەکراوەوە کە دەبێتە هۆی پشتگوێخستنی:
- وەستاندنی تەواوەتی دەستدرێژی دڕندانەی ئیسرائیل
- هەڵگرتنی گەمارۆ
- گەڕانەوەی ئاوارەکان
- لێپرسینەوە لە تاوانبارانی جەنگ
- ڕاگرتنی دەستبەجێی توندوتیژیی نیشتەجێ جولەکەکان( مستوطنین) لە کەنارەی ڕۆژئاوا و ڕاگرتنی چالاکییەکانی نیشتەجێبکردن
- بنیاتنانەوەی دەستبەجێی غەززە بەبێ دابەشکردنی بەسەر هێڵی زەرد، هێڵی سوور، یان هێڵی تردا
- داننان بە مافی گەلی فەلەستین بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان
ئەم بڕیارنامەیە تاوانەکە دەگۆڕێت بۆ “قەیرانێکی مرۆیی” و مافی بەرەنگاری و ڕزگاری فەلەستینییەکان لە ناوەڕۆکی سیاسییەکەی بەتاڵ دەکاتەوە، هاوکات دەرفەت دەدات بە داگیرکەران بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پێگەی سیاسی و سەربازی خۆی. بڕیارێکە کە تاوانبار بێتاوان دەکات و قوربانییەکە بە تاوانباری کارەساتەکە دەزانێت و هەربۆیەش بە تەواوی ڕەتی دەکەینەوە.
لەهەمانکاتدا، بەرەی یەکگرتووی کرێکاری، هەوڵەکانی ئەمریکا بەتایبەتی لەڕێگەی بزووتنەوەی ڕاستڕەوی ڕەگەزپەرستەوە بەسەرۆکایەتی ترەمپ، بۆ ئیستغلالکردنی ئەنجومەنی ئاشتی جیهانی وەک ئامرازێکی فشاری سیاسی بۆ ڕەواجدان بە “ئاشتی لەژێر لولەی چەکی داگیرکاری” و شێواندنی خەباتی فەلەستین بۆ کۆتاییهێنان بەو ستەمە نەتەوەییە ئاشکرایەی کە بەسەریاندا هاتووە، ئیدانە دەکات.
هەوڵەکان بۆ گۆڕینی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەند پلاتفۆرملێک کە خزمەت بە پڕۆژەی نوێی “مامەڵەی سەدە” دەکەن، بە بێدەنگکردنی دەنگەکانی دژ بە جینۆساید لە غەززە، بەشێکە لە پلانێکی سیاسی کە ئامانج لێی:
- سپیکردنەوەی رووی داگیرکارییە
- لەباربردنی بزووتنەوەی هاوپشتی جیهانیە
- شێواندنی خەباتی فەلەستینە
- تێکدانی ڕۆڵی سەندیکاکانی کرێکاران و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
بەرە بەڕوونی دووپاتی دەکاتەوە کە ئاشتی ڕاستەقینە ناکرێت لەسەرەوە بسەپێندرێت، وە ناکرێ لەلایەن ئیمپریالیستەکانەوە بۆمان بنوسرێتەوە ، بەڵکو بە بەرەنگاری و خەباتی دەستەجەمعی گەلان بەدەست دەهێنرێت.
گەلی فەلەستین ئەمڕۆ تەنیا لەپێناو مانەوەی خۆیدا ناجەنگێت، بەڵکو بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی بەگشتی لەبەرامبەر پڕۆژەیەکی کۆلۆنیالیزمی خوێناویدا تێدەکۆشێت. لەم ڕۆژەدا، ڕۆژی جیهانی هاوپشتی جیهانی، دووپاتی دەکەینەوە کە دۆزی فەلەستین و کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوەیی کە بەسەر گەلی فەلەستیندا سەپێنراوە، پرسی چینی کرێکاری جیهانییە و بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهاندا بەرقەرار نابێت.
لەکاتێکدا بەرەی کرێکاری داوا لە هەموو سەندیکاکان، ڕێکخراوەکان، چالاکییەکان، ئەڵقەکان و کۆڕو کۆمەڵە کرێکاریەکان لە سەرانسەری جیهان دەکات کە چالاکیی جۆراوجۆر لە شوێنی کار و گۆڕەپانە گشتییەکان ڕێکبخەن بۆ دەربڕینی هاودەنگی لەگەڵ گەلی فەلەستین.
بژی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین!
بژی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاریی!
بژی بزووتنەوەی جیهانی بۆ پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین!
کۆتایی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥