بەیاننامەی هاوپشتی لەگەڵ خۆپیشاندانی مامۆستایاندا!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق پشتیوانی تەواو و بێمەرجی خۆی بۆ خەباتی مامۆستایان لە سەرتاسەری عێراق دەردەبڕێت لەپێناو داواکاری مافە سەرەتاییەکانیان و ئەو نادادپەروەری و پشتگوێخستن و سیاسەتی بێبایەخ سەیرکردنە ڕەتدەکاتەوە کە حکومەت بەرامبەر بە یەکێک لە توێژە گرنگەکانی کۆمەڵگا پراکتیزەی دەکات.
خۆپیشاندانی مامۆستایان تەنیا ناڕەزایەتییەکی پیشەیی نییە، بەڵکو دەربڕینێکی ڕاستەوخۆی توڕەیی جەماوەرییە بەرامبەر بە تێکچوونی دۆخی خوێند، تەشەنەکردنی هەژاری، نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و داڕمانی سیستەمی خزمەتگوزارییە گشتیەکان. حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان کەرتی خوێندن و پەروەردەیان گۆڕیوە بۆ گۆڕەپانی پشتگوێخستن و گەندەڵی، لەبری ئەوەی گەرەنتی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن، مامۆستایانیان بەرەو لێواری بێبەشی پاڵپێوەناوە. وە لەسەر پایەی هەژاری و بێبەشیی ئەوان قوتابخانە و زانکۆ ئەهلیەکانیان بنیات ناوە، خوێندن و پەروەردەیان لە عێراق کردووە بە ئامرازێک بۆ وەبەرهێنانی حزبی و میلیشیا سیاسییەکان، کە بەو تاڵانکردن و چەتەگەری و دزییە سیستماتیکییە تێڕناخۆن کە دوو دەیەیە ئەنجامی دەدەن.
ئێمە، لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، ئەوە دووپات دەکەینەوە کە:
١/ پاڵپشتی ڕەها لە داواکاری مامۆستایان دەکەین بۆ باشترکردنی مووچە، پێدانی شایستەکانیان، جێگیرکردنی گرێبەستەکانیان و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی دواخستن و لەچاوەڕوانی ڕاگرتندا.
٢/ پێویستە بودجەی خوێندن و پەروەردە زیادبکرێت وەکو کەرتێکی ستراتیژی نەک وەکو بارگرانیەك لەسەر حکومەت.
٣/ لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن لە شکستی پرۆسەی خوێندن و پشتگوێخستنی قوتابخانەکان و ژێرخانی پەروەردەیی.
٤/ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی فێرکاری سەلامەت و شکۆمەند بۆ قوتابیان و مامۆستایان، دوور لە گەندەڵی و تایفەگەری و دڵسۆزی حزبی.
٤/ پاراستنی مافی مامۆستایان بۆ خۆپیشاندان و مانگرتن و پێکهێنانی سەندیکای سەربەخۆ بەبێ هەڕەشە و تۆقاندن.
دەسەڵاتێک کە شکستی هێناوە لە دەستبەرکردنی خوێندن و پەروەردەیەکی خۆڕایی باش و ڕێزگرتن لە مامۆستایان، دەسەڵاتیك نیە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگا بکات، بەڵکو نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی تۆڕە گەندەڵەکان و حزبە میلیشیاییەکان دەکات کە دەوڵەتیان گۆڕیوە بۆ ئامێرێك بۆ خەفەکردنی داواکارییە ڕەواکانی خەڵک.
خەباتی مامۆستایان بەشێکە لە خەباتی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لە عێراق بۆ ژیانێکی شکۆمەندو شایستەی مرۆڤ، بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. هێزی ئەم بزووتنەوەیە لە یەکگرتوویی و ئیرادە و سەربەخۆییدایە لە هێزەکانی دەسەڵات. ئێمە لە هەموو هەنگاو و ناڕەزایەتییەکدا شان بە شانی ئەوان ڕادەوەستین.
بژی خەباتی مامۆستایان!
ئازادی و یەکسانی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ هەمووان!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
١٩-١١-٢٠٢٥