ژیانێکی پڕ لە توندوتیژی، خەباتێکی بەردەوام بۆ بەرەنگاربوونەوە ئەخوازێ!
ساڵانە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژناندا، کە بە ٢٥ ی نۆڤێمبەر دیاریکردووە، جگە لەوەی دەست بۆ بڵاوکردنەوەی ژمارە و ئاماری توندوتیژی لە جیهاندا ئەبات و چەند ڕۆژێکیش وەک چالاکی بەم بۆنەیەوە ڕائەگەیەنێ، “ئەرکی دەوڵەتان” بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە توندوتیژی دژ بە ژنان دیاری ئەکات. هەموو ئەم هەوڵانەی ئەمساڵ و ساڵانی تر لەم بۆنەیەدا لەژێر سایەی سیستمێکدایە کە تەواوی ژیانی ژنانی کردۆتە جەهەنمێکی واقعی و سوچ و کەلەبەری ئەم دنیایە نەماوە و نییە نمونەکانی توندوتیژی بە شێوازی جیاجیاوە بەخۆوە نەبینێ.
لە چەوسانەوەی بێوێنەی ژنانی کرێکار لە فیلیپین و ڤێتنام و کەمبۆدیا و بەنگلادیش و وڵاتانی هاوشێوەیانەوە، تا ”بەهەشتی دورگەکانی کاریبی” کە کچانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی بۆ گەورە سەرمایەدارەکان و سەرانی پلە باڵای سیاسی و حکومی، کە دەوڵەتانێکی خستۆتە بازاڕی سێکسفرۆشییەوە، نمونە هەرە قێزەونەکانی ئەم کۆیلایەتیەی ژنان نمایش ئەکات.لە ئەمریکا و ئەوروپادا، سەندنەوەی مافی لەباربردنی مناڵ، جیاکاری لە هەلی بەدەستهێنانی کار و هەقدەستدا، تا بازرگانی کردن و ڕاپێچکردنی ژنان و کچانی مناڵو توشکردنیان بە ماددە هۆشبەرەکان و بەکارهێنانیان لە تۆڕەکان و مافیاکانیبازرگانی بەو ماددانەوە، هەموو ئەمانە هێشتا نمونەگەلێکی کەمن بۆ ئەو توندوتیژیە ڕێکخراوە لەلایەن دەوڵەتان و دەسەڵاتدارانەوە، کە دژ بە ژنان ئەنجام ئەدرێن. لەفەلەستین و سودان ئەو سەدان هەزار ژن ومنداڵەی کەقوربانی جەنگ وکاولکاری وبەزۆر کۆچپیکردن وبرسیکردنن، منداڵانێک کەبەبەرچاوی خێزانەکانیانەوە ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکانی سودانەوە، وێنای ترژیدیایەکی ئینسانییان کردۆتە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر، کە بەپشتیوانی وبەبەرچاوی هەر ئەم دەوڵەتانە ویاسانێودەوڵەتیەکانیانەوە ئەنجام ئەدرێت.
لەئێران و وڵاتانێک کەگیرۆدەن بەئیسلامی سیاسی وشەریعەتەکەی، دەسەڵاتداران نەک هەر سوکایەتی پێکردن و پلەدویی و ژێردەستەیی و برەودان بە”سیغەکردنی ژنان” و زەوتکردنی سەرەتاییترین ماف و ئازادیەکانیان کراوەتە نۆرمێکی ئاسایی لەکۆمەڵگەدا، بگرە زیندانیکردن ولەسێدارەدانی ژنانێکی ئاکتیڤیست، بۆتەبەشێک لە هەواڵی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن. هەموو ئەمانەش پێمان ئەڵێن کە سیستمی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکانی چینی بۆرژوازی لەمسەر تا ئەوسەری دونیا، نمونەی زۆر قورستر و ناشرینتری بۆ هێرشکردنە سەر ژنان لە دەستوردایە. سیستمێک کەلەبنەڕەتەوە لەسەر بنەمای جیاکاری چینایەتی و هەڵاواردنی ژنان وئینسانەکان دامەزراوە تا کاری هەرزان و کۆمەڵگەیەکی سەرکوتکراو، بۆ قازانجبردنی زیاتری سەرمایەداران بڕەخسێت.
لە کوردستان و عێراقیشدا دۆخی ژنان لەوانەی باقی جیهان باشتر نییە. تیرۆرکردن بەبیانوی پیسی ناموسی لە دەیان ساڵەوە هەیە و ڕەواجی پێئەدرێت. هەراسانکردن لە شوێنی کار و کۆمەڵگەدا، تا ئازاردانی جەستەیی و دەروونی و شێوەکانی توندوتیژی خێزانی و دیجیتاڵی و سوکایەتی کردن بە ژنان لە میدیاکانەوە، تا پەسەندکردنی یاسای فرەژنی لە پەرلەمانی کوردستان و یاسای جەعفەری بۆ لاقەکردنی کچانی مناڵ لە عێراقدا… ئەمانە نیشانی ئەدەن کە چ زەلکاوێک لەژێر سایەی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی چ لە عێراق و چ لە کوردستان و ڕەوتە قەومی و دینییەکاندابۆ ژنان خوڵقاوە. کاتێکیش باس دەێتە سەر مافەکانی ژنان و توندوتیژی، دانانی ژمارەیەک لەژنان لەژێر ناوی “کۆتا”دا وەک منەتێک بەڕووی کۆمەڵگەدا ئەدەنەوەو ئەڵێن ” ژنان لە بەڕێوەبردنی سیاسی و پەرلەماندا بەشدارییان هەیە”! لەکاتێکدا ئەم هەنگاوەشیان جگەلە چارەکە کردنی ناسنامەی ئینسانی ژن و سەندنەوەی مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان لێیان شتێکی ترنییە. لە ڕاستیدا دەسەڵاتی ئەحزابی بۆرژوازی کورد، وەک هەر حکومەتو دەسەڵاتێکیتری بۆرژوازی، پارێزەری هەر ئەو سیستمەن، کەپشتی بەستووە بە ڕاگرتنی ژێردەستەیی و جیاکاری و هەموو ئەوبەها و کولتورە دواکەوتووانەیەی کەمافو ئازادیەکانی ژنان ژیرپێئەخات و حورمەتی ئینسانیو هاوڵاتیبونیان لێ زەوتئەکات. ئەوان لەپاڵ دزی و تاڵانبردنی سەروەتی کۆمەڵگە و خواردن و بردنی موچەی موچەخۆران و وێرانکردنی خزمەتگوزاریەکاندا، هێندەی تر ژنانیان یەخسیری چەوسانەوە و پلەدوویی و کردنیان بە نێچیری دواکەوتوویی و یاسا کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان، کردووە.
بەڵام هەروەک چۆن ژنان و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە جیهاندا، بەشێوازی جۆراوجۆر، لە دژی چەوسانەوە و پلەدوویی و بە دیاریکراویش دژ بە توندوتیژی هاتوونەتەمەیدان و شەقامەکانیان کردۆتە شوێنی نمایشکردنی ئەم خەباتە، ئاوەهاش ژنانی کوردستان هەروا دەستەوسان و ڕاناوەستن.کەواتە ئەبێ ئەوان “ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوە بەدژی توندوتیژی” لەپەیوەند بەدۆخی ئێستای کوردستانەوە، وەک فرسەتێک بەدەستەوەبگرن، ئەبێ بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان وەک خەباتێکی لێکهەڵپێکراو و بەشێک لەناڕەزایەتیەکانی ڕۆژانەی جەماوەری کرێکار و بێبەش بۆ بەدەستهێنانی ژیان و بژێوی و خزمەتگوزاریەکان، بەخواستی پێشرەوانەی خۆیانەوە یەکگرتوانە پێ بنێنە مەیدانەوە. کێشەی ژنان، کێشەی کرێکارانە و خەباتیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەرجۆرێکی تری ستەم دژ بە ژنان پەیوەستە بەخەباتی کرێکارانەوە چ بۆ باشبوونی ژیان و چ بۆ ڕزگاری یەکجاری لە سیستەمی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادو یەکسان وبەدەر لەهەر شێوازێکی توندوتیژی.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٤/١١/٢٠٢٥