هەڵبژاردن تەواو، خواستەکانی کرێکاران وخەڵکی ناڕازی لەشوینی خۆیەتی!

    سەرئەنجام دوای ماوەیەک لەبانگەشە وبەخشینەوەیبەڵێنی فریوکارانە و پروپاگەندی قەومی ودینی وئاوڕژاندنە ژێرپێی کۆنەپەرستی و نەتەوەچیتیەوە، پاش هەڕەشەی نان بڕین و گەرمکردنی بازاڕی کڕین وفرۆشتنی دەنگ و دەستبردن بۆ ساختەکاری وچەندین دیاردەی دزێویتر، هەڵبژاردن تەواو بوو. بەڵام ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە دەریخست کە ئەو یاساو سیستەمەی پەیڕەوی لێکرا، لەبەرژەوەندی حزبە سەرەکیەکانی دەسەڵاتەو ئەوانیشبەپشت بەستنیان بە هێزی چەکدار وبەتاڵانبردنی داهات و سامانی کۆمەڵگە و بەکۆکردنەوەی ئیمکاناتی دەوڵەت لەدەستی خۆیاندا و بەدەزگای زەبەلاحی میدیایی وبە پشتیوانی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، سەرباری هەر ئاڵوگۆڕێک لە ژمارەی کورسیەکانیاندا، توانییان وەکو هێزی براوە ئەم هەڵبژاردنە تێپەڕێنن.

    لەعێراقدالایەنە قەومیە عەرەبی و ئیسلامی ومیلیشیاکانیان، لەبانگەشەی هەڵبژاردندا، جارێکیتر بەبەرگی تائیفەگەریەوە خۆیان دەرخستەوە، تا ژەهر و چڵکی تائیفی بڕژێننەوە ناو کۆمەڵگاو لەمڕێگایەوە پێگەی خۆیان لەپەرلەماندا بەدەستبهێننەوە. بەبێ ئەوەی هیچ کام لەم لایەنانە هیچ بەرنامەیەکی هەڵبژاردنیانراگەیاندبێت کەخەڵکی عێراق لە هەژاری و بێدەسەڵاتی و سەرکوتکردنی ئازادییە سیاسییەکان دەربهێنێت و کار بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون بکات.

    لەکوردستاندا، ئەحزابی ناسیونالیستی کورد، لەپێشیانەوە پارتیو یەکیەتی، بەمەبەستی درێژەدان بە بەشدارییان لە دەسەڵاتی ناوەندی و بۆ سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا، بە دروشمی “دەنگی کورد لە بەغدا بە‌هێز دەکەین” “هیزی تۆین لە بەغدا” هەڵمەتێکی فریوکارانەیان بەڕێخست تا بەرژەوەندیەکانی چینی بۆرژوای کورد، لە حکومەتی تایفی و قەومی و ئیسلامی عێراقدا، بپارێزن. ئەم حیزبانە، کەهەریەکەیان لە هەوڵی ئەوەدا بوون خەڵکی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، سەرگەرم و خۆشباوەڕبکەن بەوەی نوێنەری مافە دەستوری و یاسایەکانیان دەبن لە بەغدا و لە ئاستی ناوخۆی کوردستانیشدا دەیان بەڵێنی سواویان دوبارە کردەوە و وتیان خزمەتگوزاریو ژیانی خەڵک باشتردەکەین، بەڵام کەوتنە بەرامبەر بەیەکەوە ویەکتریان بە دز و تاڵانچی تۆمەتبار کرد، کەچی ئێستا خەریکن بەکەڵک وەرگرتن لەپەنجە مۆری هاوڵاتیان لەسەر مێزی دانوستاندن، کێکی شیرینی دەسەڵات وداهات و پۆستەکان لەلایەکەوە لەگەڵ بەغدا و لەلایەکی تریش لەناوخۆی کوردستاندا دابەش دەکەن.

    هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیش بە بانگەشە کردن بۆ ئەوەی کە”بەرگری لە مافە دەستوری و یاساییەکان و لە خواستەکانی جەماوەر” دەکەن بەکەڵک وەرگرتن لە ناڕەزایەتی و نەفرەتی خەڵکی ناڕازی لەهەردوو دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا، هەموو هەوڵێکیاندا خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش، خۆشباوەڕ بەدەسەڵاتی هێزە قەومی و مەزهەبیەکانی عێراق بکەن و لەو نێوەدا جەژنی بەدەستهێنانی کورسی زۆر و بەشداری لە دەسەڵاتی ناوەندیدا بگێڕن. بەڵام ئاکامی هەڵبژاردنەکان خۆشباوەڕی بەهەموو ئەم لایەنانەی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە پوچەڵ کردەوە و ماهیەتی فریوکارانەی ئەوانی خستە ڕوو.

    لەکەنار هەموو ئەو ڕاستیانەی سەرەوە، خەڵکی ناڕازی چ لەعێراق و چ لەکوردستان، بەپوچەڵکردنەوەی دەنگەکانیان وبەبەشداری نەکردنی نزیکەی نیوەی دەنگدەران، لەم هەڵبژاردنەدا هەڵوێستیان گرتو بانگەشەکەیان تێپەڕاند. ئەم هەڵوێستەش ئەگەرچی ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ توڕەیی وبێزاری خەڵک لەو سیستەمو دەسەڵاتەی ساڵانێکە ژیانی ئەوانی بەم ڕۆژەگەیاندووە، بەڵام  ئەم توڕەیی و بێزاریە بەرئەنجامی نائومێدی خەڵکێکە لەدۆخێک کەهێشتا ڕێگای خەباتێکی شۆڕشگێڕانەی نەدۆزیوەتەوە وهێشتا بەدیل وحێزبێکی پێشڕەو وکۆمۆنیستی هەڵنەبژاردووەو لەدەوری سیاسەتەکانی، ڕیزەکانی خۆیان یەکگرتوو و ڕیکخراو نەکردووە. ئەمەش لەکاتێکدایە کەئەزمونی ناڕەزایەتیەکان ئەوەیان سەلماندووە کە بەبێ بەدەستەوە گرتنی ئاسۆیەکی سیاسی چینایەتی و بەبێ کۆبوونەوەی بەشەکانی جەماوەری ناڕازی و بەشمەینەت، لەدەوری حیزبێکی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستی و بەدەستەوەگرتنی لەخەباتی ڕۆژانەو بەردەوامی خۆیاندا، ئەنجامێکی دڵخوازی نابێت.

    کرێکاران زەحمەتکێشان و جەماوەری ئازادیخواز!

    ئێمە هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان، لەگەڵ پەی بردنی تەواومان بە ماهیەتی چینایەتی پەرلەمانتایزم و هەڵبژاردنی پەرلەمانی، بەشداری پرۆسەکەمان کرد، ئامانجی ئێمە لەو تاکتیکە بۆ بەشداری بۆ ئەوە بوو، کەلەلایەکەوە بژرادە و سیاسەت و ڕێگاچارەی خۆمان لە دڵی قوتبی بوونەوەی کێبەرکێی سیاسی لە هەڵبژاردنەکاندا، نیشان بدەین و لەلایەکی تریشەوە ناوەڕۆکی دیموکراسی بۆرژوازی، ماهیەتی پوچی پەرلەمان و پەرلەمانتازیزم لەناو جەرگەی پرۆسەکەدا بە ئێوە نیشان بدەینەوە، لە گۆڕەپان و سەکۆی بۆرژوازیدا، تەپڵی ڕیسوایی پەرلەمانتاریزم بکوتین و دژایەتیەکەی لەگەڵ خواستی چینی کریکار و خەڵکی بەشمەینەت بۆ ئاڵوگۆڕ، بخەینەوەڕوو، وە هێندەی تر ڕیسوای بکەین. 

    ئێستا ئەگەر بۆ چینی بۆرژوازی وڕەوتە ڕەنگاوڕەنگەکانی لە عێراق و بۆ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە، هەڵبژاردن تەواو بووە، ئەوا بۆ ئێمە و چینی کرێکار وجەماوەری بەشمەینەت وخەڵکی ناڕازی، هێشتا کێشمەکێشە چینایەتیەکانمان، لەسەر ئازادی وباشبژێوی، خزمەتگوزاری و هەلی کار، لەسەر مەدەنیەت و کۆتایی هێنان بەستەم وجیاکاری لەدژی ژنان وبەدەستهێنانی یەکسانی وهەموو ئەوخواستانەی کە ساڵانێکە جەماوەر ناڕەزایەتییان بۆ دەربڕیوە، لەشوێنی خۆیدا باقیەو درێژەی هەیە. کەوایە ئیتر کاتی ئەوەیە کەخەڵکی ناڕازی کوردستانو عێراق، بەخواستەکانی خۆیانەوە پێبنێنە مەیدان و یەخەی حیزبەکانی دەسەڵات وهەموو ئەو لایەنانە بگرن کەبەڵێنیاندا وناچاریان بکەن مل بەجێبەجێکردنیان بدەن. بەدڵنیایەوە ئەم هەڵبژاردنە ناتوانێ چینی بۆرژوازی ودەسەڵاتەکانی چ لەعێراق چ لەکوردستان، لەو تەنگانەیەو لەو گێژاوە دەرکێشێ کەسالانێکە دەرگیرین، تەنانەت ناتوانێ لەکاریگەری گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە ودەخاڵەتی دەولەتان دەرچێت. ئەمەش بەپێویست دەرفەتێک بۆ چینی کرێکارو بزوتنەوەی جەماوەری و خەباتەکەیان دەکاتەوە، تا بەهێزێکی گەورەوە لەدەوری خواستەکانیان پێبنێنە مەیدانەوە و بۆ بەدیهیانیان یەکگرتوانە تێبکۆشن. هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی جارێکیتر تەئکید دەکەیەنەوە، کەلەڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدا ڕادوەستین وبۆ سەرکەوتنی بەتەواوی توانامانەوە تێدەکۆشین.

    حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

    حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

    ٢٠/ نۆڤێمبەری ٢٠٢٥

     

    Share.