پێویستی هاودەنگی نیونەتەوەیی لەگەل کریکارانی ئیران
ڕاپۆرتێك لەسەر دووچالاکی کۆمیتەی هاوپشتی لەگەڵ جولانەوەی کریکاریی ئێران
رۆژی چوارشەممە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ کۆمیتەی هاوپشی لەگەل جولانەوەی کریکاریی ئیران/ لە بەریتانیا، بەمەبەستی دەربرینی نارەزایەتی دژی لەسیدارەدان و ئەشکەنجە و سەرکوت و گرتنی بەکۆمەڵی هەلسوراوانی سیاسی ودیپۆرتی زۆرەملی کارگەرانی ئەفغانی لەدوای جەنگی ١٢ رۆژەی ئیران- ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی لە ژێر پەردەی “ئاسایشی نەتەوەیی” و “سیخوڕی”، دەستیپێکردوە، لەکاتژمیر ٤بۆ ٥ ئیوارە لەکەشوهەوایەکی ساردا، خۆپیشاندانێکی نارەزایەتی لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانیادا، دەستی پێکرد.
سەرەتای نارەزایەتیەکە بە پێشکەشکردنی وتار دەستیپپکرد سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەم خۆپیشاندانە نارەزایەتیە قسەوباسکرا و چەندین پلاکارد، لەوانە: ئیعدامەکان لە ئێران ئێستا ڕابگرن، هەموو کرێکارانی زیندانیکراو لە ئێران ئازاد بکەن، هەموو زیندانیانی سیاسی لە ئێران ئازاد بکەن، هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران لە ئێران، نا بۆ دیپۆرتی پەنابەرانی ئەفغانی ،دژ بەسیاسەتی ئەپارتایدو جیاکاری ژنان لە ئێران ، ….دەنگی نارەزایەتی خۆپیشاندەران سەرنجی ڕێبواران و کەسانێك کە بەبەردەم پەرلەماندا هاتووچویان دەکرد ،راکیشا. جۆن سپێلار پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجوومەنی لۆردەکانی بەریتانیا بەشداریکردو پشتیوانی خۆی بۆ داواکاریەکانی خۆپیشاندەران ڕاگەیاند. پاشان خۆپیشاندەران روویانکردە نیو پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان کە لەلایەن جۆن مکدونێڵ، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا و بەرپرسی کۆمیتەی هاوپشتی لەگەل جوڵانەوەی کرێکاریی ئیران، ڕێکخرابوو.
کۆبوونەوەکە لەکاتژمیر ٦ی ئیوارە لەنیو یەکێك لەلەهۆلەکانی پەرلەمانی بەریتانیا ،دەستیپیکرد. بەشداربوانی پانێڵەکە بریتی بوون لە جۆن ماکدۆنێل پەرلەمانتاری پارتی کرێکاران و بەرپرسی کۆمیتەی هاوپشتی لەگەل جوڵانەوەی کرێکاریی ئیران ،جۆن مۆلۆنی، یاریدەدەری سکرتێری گشتی(یەکێتی خزمەتگوزارییە گشتی و بازرگانییەکان) و ئەندامی کۆمیتەی هاوپشتی لەگەل جوڵانەوەی کرێکاریی ئیران، سەتار ڕەحمانی، کرێکار و هەلسوراوی پیشوی مامۆستایان لە ئێرانەوە و ئەندامی کۆمیتەکە، نەسرین پەرواز، هەلسوراوی مافی مرۆڤ و زیندانی سیاسی پیشوو دوای شۆڕشی ١٩٧٩ و ئەندامی کۆمیتەکە،چاتورا گوناتیلاکا، هەلسوراوی پەیوەندیدار بە ناوەندی خەباتی کرێکاران (WSC) لە سریلانکا ،جۆن سپێلار پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجومەنی لۆردەکان و دەشتی جەمال ئەندامی کۆمیتەی هاوپشتی لەگەل جوڵانەوەی کرێکاریی ئیران.ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن هەڵالە تاهیری ئەندامی کۆمیتەی هاوپشتی لەگەل جولانەوەی کرێکاریی ئیران بەرێوەبرا.
جۆن سپێلار ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیاو ئەندام لە ئەنجومەنی لۆردەکان لە ووتەیەکدا هاوپشتی خۆی بۆنارەزایەتیەکانی کریکاران و ژنان و خەڵکی ئازادیخوازی ئیران دەربڕی لە خەباتیان دژی کۆماری ئیسلامی ئیران وپشتیوانی خۆی بۆکارەکانی کۆمیتەی هاوپشتی لەگەل کرێکارانی ئیران تاکیدکرد.
پاشان نەسرین پەرواز لە ووتارەکەیدا باسی لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کرد و بەراوردی کرد بەشێوازی کوشتنی فەلەستینیەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە. ئەو پرسیاری کرد، ئیسرائیل چۆن پێش کوشتنیان شوێنی بەرپرسانی ئێرانی زانیوە، بەڵام لە فەلەستین ناچاربوون تەواوی نەتەوەیەك بکەنە ئامانج بۆ ئەوەی ئەندامانی حەماس بکوژن؟ کەڵک وەرگرتن لە دوو شێوازی جیاوازی کوشتن لە ئێران و فەلەستین ئەوە دەردەخات کە لە غەززە ئامانجیان پاکتاوکردنی خەڵکی فەلەستین بووە …
بەدوای ئەودا سەتار ڕەحمانی قسەکانی دەستپێکردو ڕوونیکردەوە کە بزووتنەوەکانی کرێکاری و مامۆستایان لە ئێران ڕووبەڕووی سەرکوتی سیستماتیکی دەوڵەت دەبنەوە، لەوانە دەستبەسەرکردن، تۆمەتی تاوانکاری و دروستکردنی سەندیکاکانی سەر بە دەوڵەت. کرێکاران بەهۆی هەڵاوسان و بێمووچەیی و گرێبەستە نائەمنیەکانەوە تووشی گرفتی ئابووری سەخت دەبن و ساڵانە هەزاران ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە. دەوڵەت وەک گەورەترین خاوەنکار لە ئیراندا یاساکانی کار پێشێل دەکات و هەلسوراوان سەرکوت دەکات. ژنان ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە کە بەشداریکردنیان لە هێزی کاردا زۆر نزم دەهێڵێتەوە. سەرەڕای سەرکوتکردن، کرێکاران لە ڕێگەی ناڕەزایەتی بەربڵاو و شەپۆلی مانگرتن بەردەوامن لە ڕێکخستن و پەرەسەندنی هێز و بەردەوامیی بزووتنەوەی کرێکاری.
پاشان جۆن ماکدۆنێل وەك بەرپرسی کۆمیتەکە باسی لە گرنگی کۆمیتەی هاوپشتی لەگەل جولانەوەی کرێکاریی ئیران و چالاکییەکانی وەك هاوپەیمانی لەگەڵ خەباتی کرێکاران لە ئێران و بزووتنەوەی ژنان کرد. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە هاوپشتی نێودەوڵەتی و پشتیوانی سەندیکاکان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ یارمەتیدانی کرێکارانی ئێران و ڕابەران بۆ درێژەدان بە خەبات بۆ مافەکانیان زۆر گرنگە.
بەدوا ئەودا دەشتی جەمال ئەندامی کۆمیتەکە بەیاننامەی کۆمیتەکەی سەبارەت بە پەرەسەندنی سەرکوتکردن لە ئێران دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل لەم دواییانەدا پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەرشەپۆلێکی گەورەی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، هێرشکردنە سەر کرێکاران و توندوتیژی دژی پەنابەرانی ئەفغانی… پوختەی قسەکانی دەشتی جەمال بەشێوەی سەربەخۆ بڵاودەکەینەوە.
پاشان جۆن مۆلۆنی قسەوباسەکانی دەستپێکرد و پێداگریکرد لەسەر پێویستی بەدەستهێنانی پشتیوانی زۆرترین سەندیکای کرێکاری بۆ خەباتی چینی کرێکار لە ئێران. ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە کۆمیتەی هاوپشتی لەگەل جولانەوەی کرێکاریی ئیران داوای پشتیوانی لە کۆمیتەکە بخاتەبەردەم کۆنفرانسی سەندیکاکانی کرێکاران لە ساڵی ٢٠٢٦دا و هەوڵ بدەن پەیوەست ببن بە کۆمیتەوە.
دوا وتاردەر، چاتورا گوناتیلاکا لە ناوەندی خەباتی کرێکاران-سریلانکا، جەختی لە گرنگی یەکگرتوویی و هەنگاوی هاوبەش لە نێوان هاوپەیمانەکانمان بۆ زیادکردنی فشار لەسەرکۆماری ئیسلامی ئیران بۆ ڕاگرتنی دڕندەیی وتوندوتیژی و ناچارکردنی بۆ پەسەندکردنی داواکارییەکانی کرێکاران. ئەو ئەزموونەکانی کۆمەڵگاکەی خۆی باسکرد، ڕوونیکردەوە کە یەکێتی و یەکدەنگی کاتێك گرنگە کە هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی دوژمن بێت.
بەدوای قسەوباسی پانێلستەکان دەرفەتدرا کرایەوە بۆ بەشداری ئامادەبووان لە گفتوگۆکەدا ،بە پرسیارو موداخەلە لە باسەکانیان دەولەمەندکرد. پاشان جاریکی تر دەرفەتکرایەوە بۆ وەلامدانەوەی پرسیارەکان لەلایەن پانیلیستەکانەوە وجۆن مکدونیل ئەم پێشنیارانەی لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا خستە روو وەك خاڵی کرداری بۆ ئایندەیەکی نزیك:
- بڕیارنامەی کۆمیتەی هاوپشتی لەگەل جوڵانەوەی کرێکاریی سەبارەت بەدۆخی ئیران بۆ لقەکانی یەکیتی کرێکاریەکانی لەسەراسەری بەریتانیا بنێردرێت
- ڕێکخستنی کۆبوونەوەی پەراوێز لە کۆنفرانسەکانی یەکیتی کرێکاریەکانی بەریتانیا وپیشنیار بخریتە بەردەم کۆنفرانسی یەکیتی کرێکاریەکان بۆ پشتیوانی لەجولانەوەی کرێکاریی لە ئیران ودژ بەئیعدام
- ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی دیکە لە پەرلەمان لە مانگی حوزەیران بە بەشداری نۆینەرانی زیاتری یەکیتی کریکاریەکان
- ڕەشنووسی EDM لەسەر بنەمای بەیاننامە – نوسراو بۆ سکرتێری گشتی سەندیکاکان بنێرێت – داوا لە TUCG بکەین نامە بنێرێت بۆ ئەوەی داوا لە سەندیکاکان بکات ناوی خۆیان تۆمار بکەن،
- سازدانی کۆنفرانسیکی بە بەشداری زۆرترین یەکیتی کریکاریەکان بۆ پشتیوانی لەوداواکاریانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرایە روو.هاوکات تاکید لەسەر بەردەوامی پەیوەندی و راکیشانی پشتیوانی یەکیتی کرێکاریەکان لە ئاستی ئەوروپادا کرا.