فەرهەنگی سوکایەتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا!
موحسین کەریم
بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق تا ئەو ئاستە توندبووەوە کە هەردولا کەوتنە پەخشکردنی سوکایەتی و بگرە جنێودان بە یەکتری. هەڵبەتە ئەم فەرهەنگی شکاندن و سوکایەتیکردنە بەشێکە لە فەرهەنگی بۆرژوازی نەك تەنها لە کوردستان و عێراق بەڵکو لە زۆربەی بەنگەشەکانی هەڵبژاردنەکانی بۆرژوازی لە سەراسەری دنیادا. هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا یەکێکە لە باشترین نمونەکانی ئەمجۆرە بانگەشە سوك و بێتامەی حزب و لایەنە بۆرژواییەکان.
بەڵام یەکێتی و پارتی کە ئێستا پێشبركێی ئەوە دەکەن هەریەکەیان لە کێکی دەسەڵاتی بەغدا چەندیان بەردەکەوێ، بۆ گەرمکردنی وەکو خۆیان دەڵێن پەتای هەڵبژاردن و هێزکۆکردنەوە و بەدەستهێنانی چەند هەزار دەنگێکی زیاتر، دەستیان بۆ نزمترین ئاستی بانگەشە و پروپاگەندەی هەڵبژاردن بردوە. ئەوان دوای ئەوەی لە قومارێکی دۆڕاوی خۆ هەڵخستن بە بەرگریکاری ئازادی لەژێر دەسەڵاتی یەکتردا، مایەپووچ دەرچوون و کڕیارێکیان بۆ کاڵا بێبەهاکەیان دەست نەکەوت لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە، ئینجا کەوتنە سوکایەتیکردن بە یەکتری و بەکارهێنانی قێزەونترین شێوازی تەشهیر بەرامبەر بە یەکتری بەجۆرێك کە دەستیاندایە هەڵدانەوەی گۆڕی مردوەکانی یەکتر و سوکایەتی پێکردنیان!
ئەم نەریتە قێزەونەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆ حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و دوو حزبی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتی کە لە لێکترازانێکی سیاسی- رێکخراوەیدا ، وەکو دوو هێزی نەیاری یەکتر دەرکەوتوون، درێژکراوەی ئەو کەلتورەیە کە بەدوای ئەو لێکترازانەدا روویداوەو بۆ دەیانساڵ، بەشێوەی شەڕ و کوشتار و تیرۆری یەکتری و پیلانگێڕی و خزانە باوەشی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، عێراق- ئێران- تورکیا، بۆ لێدان لە یەکتری، درێژەی هەبووە. ئەگەر بۆماوەیەك، دوای ڕاگەیاندنی پەشیمانی تاڵەبانی باوك لە دژایەتیکردنی ماڵی بارزانی، هێوریەکی بەخۆیەوە بینیوە، ئەویش لەبەرئەوەی لەوجۆرە زەواجە سیاسیەدا دەیانتوانی کێکی دەسەڵاتی کوردستان لەنێوان خۆیان و بەشدارییان لە کێکی دەسەڵاتی عێراقدا دوای ساڵی ٢٠٠٣ دەستەبەر بکەن، بەڵام لەم دۆخە سیاسیە تازەیەی کوردستان و عێراقدا، کە ئایندەیان گرێدراوەتەوە بە دەوڵەتی ناوەندیەوە، ئیتر دیسانەوە بەو ئاوازەی شەڕی دەیانساڵەی نیوانیان بازاری سیاسەتیان بۆ چەواشەکردنی خەڵك گەرم دەکەن.
لە میژووی بزوتنەوەی کوردایەتیدا لە کوردستانی عێراق، هەرکاتێك ئەم بزوتنەوەیە رووبەرووی بنبەست و بێئاسۆیی سیاسی بووبێتەوە و بەرامبەر بە دەسەڵاتی ناوەند بێدەسەڵات و بێچارە بووبێت، ئەوا حزب و لایەنە سیاسیەکانی گەڕاونەتەوە بۆ ناوخۆیان و کێشمەکێش و شەڕ لەسەر دەسەڵات و پاوانکردنی ناوچەی نفوز بووەتە ستراتیژی سەرەکیان بۆئەوەی بەرامبەر بە ناوەند خۆیان وەکو لایەنی سەرەکی مامەڵەو ساتوسەدا نیشان بدەن. شەڕەکانی ساڵانی شەستەکان، دواتر هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردووی نێوان یەکێتی و پارتی، هەمیشە بۆئەوە بوو کە یەکێکیان لای حکومەتی ناوەندی وەکو لایەنی ساتوسەدا قبوڵ بکرێ و بەرەسمی بناسرێ! ئیستاش ئەم پڕوپاگەندە قێزەونەی نێوانیان کە بەهەمان نەفەسی شەڕی ناوخۆوە بەڕێوەدەچێت، بەڵام تەنها فیشەکی تێدا نەتەقێنراوە، ئامانجەکەی ئەوەیە کە بزانن کامیان لەلایەن بەغداوە وەکو کوێخا و دەمراستی هەرێمی کوردستان قبوڵ دەکرێ!؟
بەڵام ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر خواست و ئومێدەکان و چاوەروانیەکانی خەڵکی کوردستان بۆ ژیانێکی ئارام و ئاسودە و خۆشگوزەران، لەناو ئەم زەلکاوی جنیوفرۆشیەی یەکێتی و پارتیدا جێگایەکی نیەو نابێتەوە. رێگای خەڵکی کوردستان جیاوازە لەم دوو لایەنەو لە کێشمەکێش و پڕوپاگەندەو جنیوفرۆشیەکانیان بەناوی کەمپینی هەڵبژاردنەوە. ئەوەی ئەوان دەیکەن، هیچ پەیوەندیەکی بە کەلتورو فەرهەنگی ئینسانی و لێبوردەیی خەڵکی کوردستانەوە نیە. پڕوپاگەندە و بانگەشە و نەریتی سیاسی ئەو دوو حزبە نمونەی دواکەوتوویی کەلتوری و فەرهەنگی سیاسی و پەرەپێدەری کەلتور و فەرهەنگی دواکەوتوانەو دژەمرۆیی و ئینسانشکاندن و بێبەهاکردنی هەرچی بەها مرۆییەکانە. ئەو حزبانە لەبەرئەوەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و خواست و چاوەروانیەکانیان شکستیان هێناوەو هەگبەیان بەتاڵە، بۆیە بەناچاری دەستیانبردوە بۆ ئەمجۆرە لە فەرهەنگی سیاسی بۆئەوەی فەزای سیاسی کوردستان ئالودە و بۆگەن بکەن تا بتوانن کڕیار بۆ سیاسەتە کۆنەپەرست و دژە خەڵکی و بەرژەوەندخوازانەکانی خۆیان پەیدا بکەن! ئەوان وەکو ماسیگرە هەلپەرستەکان وان کە لەئاوی لیخندا دەتوانن ڕاوبکەن! بەڵام هەروەکو چۆن لە قوماری خۆهەڵخستن بە لایەنگری ئازادیدا مایەپووچ بوون، لەم بازاڕی جنێوبەخشینەوەشدا بێکڕیار دەمێننەوەو ئەوەندی دیکە جەوهەری دواکەتوویی و بێبەهرەیی سیاسی خۆیان و نامۆبوونیان لەگەڵ بەهاو ئومێدو ئارەزوە ئینسانیەکانی خەڵکی کوردستاندا نمایش دەکەن!