بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق سەبارەت بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای دادوەری

    بۆ داخستنی دۆسیەی تیرۆرکردنی دوکتورە بان زیاد!

    ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دۆسیەی تیرۆرکردنی دکتۆرە بان زیادی وەک “خۆکوشتن” ناساند، بەمەش داخستنی مەلەفەکە و کۆتاییهاتنی تەواوی دۆسیەکەی ڕاگەیاند.

    ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، بڕیارەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەتەواوی ڕەتدەکەینەوە. بە بڕیارێکی تەواو سیاسی دەزانین و پەیامێک بۆ کۆمەڵگا دەنێرێت کە یاسا و دادپەروەری هیچ مانایەکی نییە کاتێک باس لە گەیشتن بە ئازادی و ئاسایش و سەلامەتی و یەکسانی دەکرێت. هەڵوێستی ئێمە لەسەر ئەم ڕاستیانە دامەزراوە:

    یەکەم: ئەو پەلەکردنە زۆرە لە دانی بڕیارەکە لە دۆسیەی تیرۆرکردنەکەدا، لەکاتێکدا دەبوو کاتێکی پێویست بۆ لێکۆڵینەوەکە تەرخان بکرێت.

    دووەم: دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە ڕووداوی تیرۆرەکەدا، لەکاتێکدا ڕۆژانە ڕووداوی لەو شێوەیە لە عێراقدا ڕوودەدات، بەبێ ئەوەی ئەنجومەن هیچ هەڵوێستێک لەبارەیانەوە ڕابگەیەنێت. هۆکاری ئەم دەستێوەردانە نائاساییە چییە؟

    سێیەم: دەستێوەردانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەو دۆسیەیە و داخستنی بەم شێوەیە دەرخەری ئەوەیە کە یاسا بەیەکسانی بەسەر هەمووانداجێبەجێ ناکرێت، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و ڕێککەوتننامەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە جەخت لە یەکسانیی هەمووان لەبەردەم یاسادا دەکاتەوە.

    چوارەم: بەخێرایی کۆتاییهاتنی دۆسیەکە لەلایەن باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییەوە بەواتای بێبەشکردنی مافی گشتی( الحق العام) ە بۆ بەدواداچوونی لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی دکتۆرە بان، ئەمەش گومان لەسەر پاڵنەرەکانی پشت ئەم بڕیارە دروست دەکات.

    ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، سەندیکاکانی کرێکاران، ڕێکخراوە پیشەییەکان و کەسایەتییە ئازادیخوازەکان!

    داخستنی دۆسیەی دکتۆرە بان زیاد بەمشێوەیە واتە ناردنی پەیامی تیرۆر و ترس بۆ کۆمەڵگا، هەوڵێکە بۆ لێ نەپرسینەوە لە تاوانباران و ئازادکردنی باند و مافیاکانە بۆ بێبایەخکردنی ئاسایش و ئیرادەی کۆمەڵگا. هەروەکو بەواتای دانانی کۆمەڵگایە وەکو بارمتەی ئەم باندانە کە لە سەرووی یاساوە بن و ئەوان بڕیار دەدەن کێ مافی ژیانی هەیە و کێ شایەنی مردنە.

    بێدەنگی لەم پرسە یەکسانە بە ملکەچبوون و گوێڕایەڵبوون بۆ ئەو باندانە، ئەوەش دەبێتە هۆی تیرۆرکردنی زیاتری ژنان و سەرکوتکردنی زیاتری دەنگە ئازادەکان. ئەم باندانە ئەوە دەزانن کە کوشتنی ژنان واتە بێدەنگکردنی نیوەی کۆمەڵگا و ئاسانکردنی کۆنترۆڵکردنی.

    ئێمە داوا لە هەموو هێزە ئازادیخوازەکان دەکەین کە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و داوای کردنەوەی دۆسیەکە و لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف بکەن، بە بەشداری پارێزەرانێك وەکو نوێنەرانی مافی گشتی( الحق العام) و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیای سەربەخۆ، وەک بەشێک لە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە کە بەجددی بارودۆخی دۆسیەکە ئاشکرا دەکات.

    حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییی عێراق

    ٢٠ی ئابی ٢٠٢٥

    Share.