رۆژی ٧ی حوزەیران، ناوەندی لەندەن بووە مەیدانی ناڕەزایەتی گەورە بەدژی سیاسەتی حکومەت و هێرشەکانی بۆسەر  ئاستی ژیان و گوزەرانی چینی کرێكارو خەڵکی کەمدەرامەت و بەدژی سیاسەتی جەنگخوازی و تەرخانکردنی داهاتی ووڵات بۆ کۆمەك بە جەنگ و میلیتاریزم و هەروەها لایەنگری بێشەرمانەی حکومەتی پارتی کرێکاران بۆ حکومەتی ناتانیاهۆو کۆمەڵکوژیەک کە بەدژی خەڵکی غەززە بەڕێیخستوە!

    خۆپیشاندانەکە بەبەشداری دەیان هەزار کەس، کە لەلایەن رێکخراوە کرێکاریەکان و ئەنجومەنی خەڵك  و بەرەی دژی شەڕەوە بانگەوازی بۆ کرابوو، لە بەردەم بینای ( بی بی سی )یەوە دەستی پێکرد بەرەو ماڵی سەرۆك وەزیران بەڕێکەوت. رێکخستنەکانی حزب لە لەندەن بە دروشمی ( نا بۆ سك هەڵگوشین و هەژاری، نا بۆ جەنگخوازی، بەڵێ بۆ هاوپشتی و بەرەنگاری) بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کرد.  هەروەها بەشێکی دیکە لە دروشمەکان بریتیبوون لە: خزمەتگوازریەکان مەبڕن، باج لەسەر دەوڵەمەندان دابنێن! نا بۆ جەنگ و کوشتارو کۆمەڵكوژی خەڵکی غەززە. نا بۆ بڕینی بیمەی خاوەن پێداویستی تایبەت. پارە بۆ خزمەتگوزاری نەك بۆ جەنگ…. و تاد.

    شایانی گووتنە دەیان سەندیکاو یەکێتی کرێکاری و رێکخراوی سیاسی لایەنگری چینی کرێکار و سۆشیالیست و گروپ و کەمپینی پارێزەی ژینگەو مافی مرۆڤ و ..تاد. لەم خۆپیشاندانەدا بەشداربوون. 

    Share.