لەڕەوتی پشتیوانی لەگەڵ مانگرتنی شۆفێرانی لۆری و  باڵهەگرەکانی ئێران دژی گرانبوونی نرخی سوتەمەنی و بیمەکردن و زیادبوونی نرخی کەرەستەی یەدەکی و هەروەها دژی کەمکردنەوە و دواخستنی کرێی گواستنەوەی بارەکانیان و فراوانبوونەوەی مانگرتنەکە بۆ شۆفێرانی تاکسی و شۆفێرانی پیکاب، چەندین رێکخراو گروپی سیاسی و کەمپینی هاوپشتی، بەیاننامەی پشتیوانیان لە مانگرتن و رەخنەگرتن و سەرکۆنەکردنی رژێمی ئێران بەرامبەر بە سەرکوتکردن و وەڵام نەدانەوە بە داواکاریەکانی شۆفێران، بڵاوکردەوە.

    حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، وەکو رێکخراوێکی سیاسی کرێکاری، دەستبەجێ بەیاننامەی پشتیوانی لە مانگرتنەکە بلاوکردەوە، کە دەقی بەیاننامەکە لەخوارەوە بڵاودەکەینەوە. هەروەها رۆژی ٥ی حوزەیران “فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کرێکارانی بارکردن و گواستنەوە”، کە نوێنەرایەتی زیاتر لە ١٦٠ ملیۆن کرێکار دەکات لە ١٥٠ ووڵاتی دنیادا، بەیاننامەی پشتیوانی بۆ شۆفێرانی لۆری و بارهەڵگرەکانی ئێران بڵاوکردەوە.  لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ”  ئەم شۆفێرانەی کە زۆربەیان خاوەنی لۆریەکانیشن،  قورسایی ئیشپێکردن و چاکردنەوەی لۆریەکانیان لە ئەستۆیە، بەهۆی گرانی نرخی بیمە، خراپبوونی هەلومەرجی کارکردن و گرانبوونی نرخی سوتەمەنی، ژیانیان بەرەو وێرانی و نەبوونی پاڵ پێوەنراوە.  ئەم کێشانە، لەپاڵ خراپی رێگاوباندا ژیانی شۆفێران و خێزانەکانیان و هەموو ئەوانەی خستۆتە بەردەم مەترسی و تیاچوونەوە. مانگرتنەکەیان تەنها خەباتێك نیە بۆبەرگری لە ژیان و مانەوە، بەڵکو  هاورێکی توندو بەهێزە لەپێناو دادپەرەوەی و سەلامەتی و بەردەوامی و کەرامەت و مافەکانی مرۆڤدا.” هەروەها لەکۆتایی بەیانەکەدا داوا دەکات کە دەستبەجێ وەڵام بە خواستەکانی شۆفێڕان بدرێتەدوەو ئەوانەی دەستگیراون ئازاد بکرێن.

    هەروەها کۆمیتەی هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری ئێران لە بەریتانیا، کە لەلایەن جۆن ماکدۆنالد ، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیاوە سەرپەرشتی دەکرێ، بۆهەمان مەبەست رۆژی ٧ی حوزەیران بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا هاتوە: ” لە نیوەی کۆتایی مانگی ئایارەوە، مانگرتنی شۆفێری لۆریەکان لەئێران بەرەو زۆرێك لە شارەکان فراواندەبێتەوە.  ئەم مانگرتنە سەرەتا لە شۆفێرانی بارهەڵگرەکانی بەندەر عەباس، یەکێک لە سەرەکیترین ناوەندەکانی بازرگانی و گواستنەوەی ئێران، دەستیپێکرد. ئەمە وەڵامێک بوو بۆ پلانی حکوومەتی ئێران بۆ زیادکردنی بڕی نرخی سووتەمەنی لە ١٥.٤ سەنت بۆ نزیکەی ١.٩ دۆلار بۆ هەر گالۆنێک، کە بڕیاربوو لە کۆتایی مانگی حوزەیران جێبەجێ بکرێت.. بە گەڕانەوە بۆ مێژووی گرتنی کرێکارانی گواستنەوە، کە پێکهاتەیەکی گرنگی ئابووری کۆمەڵگەن، ئەم مانگرتنە گەورەترین و فراوانترین مانگرتنی نیشتمانی ئەم بەشەی کرێکاری ئێرانە لە سەرەتای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە” هەروەها دەڵیت: ” ئێمە لە کۆمیتەی پشتیوانی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری لە ئێران – لەندەن سڵاوی خۆمانتان بۆدەنێرین و پاڵپشتی داواکاریە ڕەواو داپەروەرانەکانی ئێوە و هەموو شۆفێرانەی دیکە دەکەین کە پەیوەستبوون بە مانگرتەکەی ئێوەوە.

    وەک هەموومان دەزانین، مانگرتن گەورەترین چەکە کە کرێکاران دەتوانن بەرامبەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان بەکاریبێنن. بۆیە، وەک بەشێک لە چینی کرێکار، هیوامان وایە کە سەرباری فشارە ئابووری و ئەمنییەکان، دەستگیرکردنەکان و هەڕەشەکان، بەردەوام بن لە شەڕکردن بۆ مافەکانتان تا سەرکەوتنی کۆتایی.”

    Share.