
چینی کرێکاری بەتایبەتی ئەوروپی و ئەمریکی نەخشێکی بەرچاویان هەبووە و هەیە لە وەسستانەوە دژی شەڕ و تاوانکاریەکانی دەسەڵات و حکومەتە بۆرژوایی و ئیمپرایالیستیەکان. هەر لە شەڕی ڤێتنامەوەو تا شەڕی کەنداو، هەر لە وەستانەوە دژ بە جیاکاری رەگەزی( ئاپارتایید) لە ئەفریقای باشوور، تا بە کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی ئیسرائیل دژی خەڵکی فەلەستین و دانیشتتوانی غەززە.
دژی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور، کرێکارانی بەندەرەکان لە ئەمریکا، بەتایبەتی ئەوانەیان کە سەر بە سەندیکای ( یەکێتی جیهانیی کرێکارانی بەندەرەکان و گەنجینەکان-ILWU ) بوون، ساڵی ١٩٨٤ ، چالاکانە بەشداریان لە مانگرتن و بایکۆتی کەلوپەلی ئەفریقای باشووریان کرد بۆ ئەمریکا. ئەوان رەتیان کردەوە کە ئەو بارەی لە ئەفریقای باشورەوە هاتبوو، دابگرن. وەکو هاوپستی لەگەڵ زۆرینەی ڕەشپیست و وەستانەوە دژ بە رژێمی ئاپارتاید. ئەم مانگرتنەش بووە هۆی ئەوەی کە تەوژمێك بدات بە بزوتنەوەی دژی ئاپارتاید لەئاستی نێونەتەوەییدا.
هەروەها لە سەردەمی جەنگی کەنداودا، هەمان یەکێتی کرێکاری دەورێکی بەرچاوی هەبوو دژی جەنگ و گەمارۆی ئابوری لەسەر خەڵکی عێراق. ساڵی ٢٠٠٨ کرێکارانی سەر بەم یەکێتیە، لە رۆژی یەکی ئایاردا هەموو بەندەرەکانی بەشی رۆژاوای ئەمریکایان داخست کە بریتی بوو لە ٢٩ بەندەر، وەکو بەرزڕاگرتنی یادی یەکی ئایارو هەروەها دژی شەڕ لە عێراق. شایانی ووتنە یەکێتی ناوبراو لە ساڵی ١٩٦٤ یشدا دەورێکی کاریگەری هەبووە لە دژایەتیکردن جەنگی ئەمریکا لەدژی ڤێتنام.
ئەم بزوتنەوە کرێکاریە مرۆڤدۆست، تەنها لەچوارچێوەی ئەمریکادا قەتیس نەبووە. کرێکارانی ئەوروپاش نەخشی بەرچاویان هەبوەو هەیە لە دژایەتی جەنگ و جینۆساید، کە لەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپی و ئەمریکاو بەرپاکراوەو یان پشتیوانی لێکراوە. سەرەنجام کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی غەززە کە ویژدانی مرۆڤایەتی ڕاچڵەکاندو ناڕەزایەتی فراوانی لە سەراسەری جیهان و بەتایبەتی لە پایتەختەکان و شارە گەورەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بەدوای خۆیدا هێنا، جێگایەکی گرنگی بۆ چینی کرێکاری جیهانی بەرجەستەکردوە. سەرباری خۆپیشاندانەکان کە رێکخراوە کرێکاری و سەندیکاو یەکتیە کرێکاریەکان نەخشە بەرچاویان تێدا هەبوە لە سازدان و بەشداریکردن، هاوکات چینی کرێکار بەرەیەکی دیکەی لە جەنگخوازی و دڕندەیی بۆرژوازی گرت، کە ئەویش گۆڕینی بەندەرەکان بوو بۆ مەیدانێکی وەستانەوە و بەرگری دژی کوشتار و کۆمەڵکوژی.
رۆژی ٥ ی ئەم مانگە، کرێکارانی بەندەری مارسیلیای فەرەنسا ئامادەنەبوون بڕی ١٤ تۆن کەلوپەلی جەنگی و ١٩ سەکۆی گواستراوەی مووشەک، کە بڕیاربوو رەوانەی ئیسرائیل بکرێ، باربکەن و هاوکات سەرکۆنەی هەڵوێستی حکومەتی فەرەنسایان کرد لەسەر پشتیوانیکردنی لە حکومەتی ئیسرائیل لە جەنگی کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی غەززە. ئەم مانگرتنە لەسەر داوای یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی فەرەنسا (سی جی تی-
C G T) و لەلایەن یەکێتی کرێکارانی بەندەرەکانەوە، بڕیاری لەسەر درابوو. یەکێتی کرێکارانی بەندەرەکان دەڵێن: ” ئێمە دوبارەی دەکەینەوە کە نابینە بەشێك لەو جینۆسایدەی لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە رێکخراوە”!
مانگی شوباتی ئەمساڵیش، کرێکارانی بەندەرەکان لە سوید، ئامادەنەبوون هیچ بارێکی کەرەستەی سەربازی بۆ ئیسرائیل یان لە ئیسرائیلەوە باربکەن یان دابگرن. لەکاتێکدا ووڵاتی سوید پەیوەندیەکی گەورەی بازرگانی چەکی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە. بەرامبەر بەم هەنگاوەی کرێکارانی بەندرەکان، خاوەنی کۆمپانیای گواستنەوە جێگری سەرۆکی گشتی و وتەبێژی سەندیکای کرێکارانی بەندەرەکانی لەسەر کار دەرکرد. کرێکارانی سوید مێژوویەکی پرشنگداریان هەیە لە دژایەتیکردنی کرێکاران بۆ ناردنی چەك بۆ ئیسرائیل.