
هاورێیان…
سەرەتا پیرۆزبایی بەستنی کۆنفرانستان لێدەکەین و سوپاستان دەکەین بۆ بانگێشتکردنمان بۆ ئامادەبوون لە کۆنفرانسەکەتاندا.
هاورێیان وەکو ئاگادارن، سەرمایەداری لەناو گێژاوی قەیرانەکان و ڕاکردن بەدوای قازانج و کەڵەکەی ساماندا، نەك هەر دۆخی ژیان وگوزەرانی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش و کەمدەرامەتی روبەرووی مەترسی کردۆتەوە، نەك هەر ژیانکردن لە هەژاری و برسێتی و بێمافیدا لە چوارگۆشەی دنیادا بەسەر چینی کرێکارو جەماوەری بێبەشکراودا سەپاندوە، نەك هەر ئەو دەسکەوتانەی کە نزیك بە سەدەیەك لەمەوبەر چینی کرێکار لە زۆربەی ووڵاتانی رۆژاوایی و ئەوروپیدا، بەدوای ئەویشدا لە زۆربەی ووڵاتانای دنیادا، لە پەیوەند بە هەلومەرجی کار، کرێ، سەعاتی کارکردن، سەلامەتی و مافی خۆپیشاندان و مانگرتن و …تاد. بە خەبات و قوربانیدانی خۆیان لەبۆرژوازی و دەولەتەکانیان سەندبوو، بگرە جەماوەر بەگشتی لەسایەی ئەو خەباتەی چینی کرێکارەوە، دەستیان بە کۆمەڵێك خزمەتگوزاری و ماف و ئازادی گەیشتبوو، ئێستا نەك ئەمانە کەوتونەتە بەر هەڕەشەی بەردەوامی لێسەندنەوەو نەهێشتنی لەلایەن دەوڵەتە سەرمایەداریەکانەوە، بگرە لەرێگای شەڕە ناوچەییەکانیان و توندکردنەوەی کەشوهەوای میلیتاریزم و هەڵپەکردنیان بۆ قازانج و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ووزەو کانزا و کەرەستەی خاو و جەنگە بازرگانیەکانیان، وە لەئاستی جیهانیدا، ژیان و مانەوە و ئایندەی ملیۆنەها ئینسانی کرێکارو زەحمەتکێشیان خستۆتە بەردەم تونێلێکی تاریك و هەڕەشەی لەناوچوونەوە!
جەنگی ٣ ساڵەی بەوەکالەتی نیوان ناتۆ و روسیا لە ئۆکرانیا، کە ژیانی سەدان هەزار مرۆڤی کردۆتە قوربانی و سەدان هەزاریشی تووشی پەککەوتەیی و لەدەستدانی بەشێك لە جەستەیان کردوە، ئۆکرانیای نابوت و وێران کردوە و ملیۆنەها هاوڵاتی ئۆکرانیای ئاوارەی ووڵاتانی ئەوروپا کردوە، پەرەگرتنی ڕاسیزم و ڕاستڕەوی بۆرژوازی لە ئەوروپا و چووەنەسەدەسەڵاتی پارتە فاشیست و ڕاسترەوە توندڕەوەکانی بۆروازی بۆسەر حوکم و سیاسەتی خۆپڕچەكکردن و تەرخانکردنی بودجەی زەبەلاح بۆ چەك و پێشبرکێی میلیتاریستی و سەپاندنی باج و گرانی بەسەر چینی کرێکار و، جینۆسایدی ئیسرائیل دژی هاوڵاتیانی غەززەو بۆردومانەکانی ئیسرائیل دژی خەڵکی لوبنان و سوریا و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیاو نۆکەرانی بۆسەر دانیشتوانی رۆژهەڵات و باکوری سوریا و دواتریش ملهوڕی و هێزنواندنی ئەمریکا دژی ئێران کە دۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی روبەرووی مەترسی جدی کردۆتەوە ، هەموو ئەمانە بەرهەمی ئەم دۆخە قەیرانگرتوەی سەرمایەدارین کە خەریکە لەگەڵ قەیران و چاوچنۆکی و گرفتەکانی خۆیدا مرۆڤایەتی بۆناو کورەی ئاگر پاڵپێوەدەنێت.
ئەم دۆخە خەتەرناکەی روبەرووی چینی کرێکار لەئاستی جیهاندا بۆتەوە، هۆکارەکەی تەنها زاڵبوونی دەسەڵاتی بۆرژوای و چاوچنۆکی ئەوان بۆ قازانج و کەڵەکەی سامان و چەوساندنەوەی لەڕادەبەردەی چینی کرێکار و پێشبکڕێی نێوان کۆمپانیا فرە رەگەزەکان و سەپاندنی ملیتاریزم بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا نیە، بەڵکو لە لایەکیدا ئاکامی لاوازی بزوتنەوەی چینی کرێکارو کۆمۆنیزمی چینی کرێکارە لە جەرگەی خەبات و تێکۆشان بۆ روبەرووبونەوەدا لەگەڵ بۆرژوازی و نەبوونی حزبە کۆمۆنیستیەکانی چینی کرێکارە کە لە جەنگی چینایەتیدا نوێنەرایەتی بەرژەەوەندیەکانی چینی کرێکارو ڕابەری چینی کرێکارو جەماوەری کەمدەرامەت و زەحمەتکێش بکەن بەرەو کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری سەرمایەو دامەزراندنی دەسەڵاتی چینی کرێکار.
دۆخی خەباتی چینی کرێکارو زەرەرورەتی ئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ ئەم جەنگە چینایەتیە کە لەگەڵ رزگاری خۆی لە دەسەڵاتی سەرمایە، کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش لە ستەم و چەوساندنەوەو بێمافیەکان و شەڕەکانی بۆرژوازی و دەوڵەتەکانیان رزگار بکات، ئەوە لەئێمە کۆمۆنیستەکانی چینی کرێکار دەخوازێت کە خۆمان بۆ ئاستی ئەم بەرپرسیارێتیە مێژوویی و چینایەتیە بەرزبکەینەوە. دەبێ ئامادەیی فکری و سیاسی و رێکخراوەیی چینەکەمان، چینی کرێکار فەراهەم بکەین تا لەم دۆخە دەربازی بکەین و هەنگاو بەرەو دنیایەکی باشتر ، دنیای ئازاد و یەکسانی کۆمۆنیستی بنێت. ئەنجامدانی ئەم ئەرکەش بەبێ یەکخستنی ریزی سیاسی و رێکخراوەیی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و رێکخراوە کۆمۆنیستیەکانی چینی کرێکار مەیسەر نابێت. ئێستا لە هەموو کاتێك زیاتر زەمینەی بابەتی روخاندنی دنیای نایەکسانی سەرمایەداری فەراهەم بووە و لەهەموو کاتیکیش زیاتر زەرورەتی پەیداکردوە بۆئەوەی مرۆڤایەتی لە برسێتی و کارەسات و لەناوچون بپاریزین.
لەکۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوزین و ئومێدەکەین کە بڕیارەکانی کۆنفرانس و کارەکانی داهاتووتان بەو ئاقارەدا بڕوات کە دەوری شایستە بگێڕێت لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەناو بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا هەیە لەپەیوەند بە حزبێکی سیاسی کۆمۆنیستی کرێکاری شۆڕشگێڕی بەهێز لە بەریتانیادا و دەوری لە بزوتنەوەی چینایەتی کرێکاران لە بەریتانیا و لەئاستی نێوەنتەوەییدا….
سەرکەوتووبن
کۆمیتەی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان