
لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی نیسان، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە ئامادەبوونی زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ئۆرگانەکانی حیزب و بە بەشداری هاوڕێ سەمیر عادل سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، پلینۆمی (٣١) ی خۆی بەست.
سەرەتا پلینۆم بە سرودی ئینتەرناسیۆناڵ و خولەکێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ٢٧ هەمین ساڵیادی هاوڕێیان شاپور عبدالقادر و قابیل عادل و سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی دەستی پێکرد، دواتر هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، وتاری دەستپێکردنی پلینۆمی پێشکەشکرد. دوای ئەویش دەستوری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان و باسەکانی پلینۆم پەسەندکرا کە بریتی بوون لە:
١/ ڕاپۆرتی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی و ئۆرگانەکانی حیزب لە نێوان دوو پلینۆمدا
٢/ هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئاڕاستە و ئەرکەکانی حیزب…
٣/ پرسی هەڵبژاردنەکان..
٤/ بڕیار و بڕیارنامەکان…
ڕاپۆرتی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی و ئۆرگانەکان:
سەرەتا هاوڕێ خەسرەو سایە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی، ڕاپۆرتی کاری حیزب و مەیدانەکانی خستەڕوو… ئاماژەی بەو مەیدانانە کرد کە هەڵسوڕانی حیزب و ئۆرگانەکان تێیدا پێشڕەوییان کردووە و پاشان پەنجەی لەسەر لاوازیەکانی کاری حیزب و ئەو بەربەست و گرفتانەی کە لە کاری ئەم دەورەیەی حیزبدا هەبووە دانا. لەکۆتاییشدا چەند پێشنیارێکی لە ڕاستای برەودان بە مەیدانەکانی کاری حیزب و کارکردن بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکان خستە بەردەم پلینۆمەوە. بەدوای ئەودا پلینۆم ڕێگایکردەوە بۆ قسەوباسی بەرپرسی ئۆرگانەکان و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لەسەر سەرجەم ڕاپۆرتەکان کە پێشتر بە نوسراو خرابوونە بەردەستی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، دوای بەشداری و سەرنجدان لەلایەنە جیاجیاکانی کاری ئۆرگانەکان و هەڵسەنگاندنیان، پلینۆم وێڕای ئەوەی پێداگری لەسەر ڕاوەستاوی و بەرچاوڕۆشنیی حیزب و سیاسەتەکانی کردەوە لە کاری ئەم دەورەیەی حیزبدا، هاوکات لەسەر خاڵە لاوازەکان ڕاوەستا و لەبەرامبەریاندا، چەندین پێشنیاری لە دووتوێی چەند بڕیاردا پەسەند کرد.
هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئاڕاستە و ئەرکەکانی حیزب:
ئەم دەستورە و باسەکەی لەلایەن هاوڕی عەبدوڵا مەحمودەوە خرایەڕوو، تیایدا ئاماژەی بەو ئاڵۆگوڕانە کرد کە لە عێراق و کوردستاندا و لەژێر کاریگەری ڕوداو و ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دەورەیەی دنیاو ناوچەکە ڕوویانداوە. دواتریش گرنگترین سەرخەتی جیهەت و هەنگاوەکانمانی ئاماژە پێدا. پاش بەشداری گەرموگوڕی هاوڕێیان و خستنەڕووی سەرنج و پێشنیارەکانیان، پلنیۆم لەوبارەیەوە بریاریدا لەرێگای بەیاننامەیەکەوە سیاسەت و رێگاچارەکانی حیزب بخاتە بەردەم کۆمەڵگە.
پرسی هەڵبژاردن:
ئەم دەستوورە لەلایەن هاوڕێیان رێبوار ئەحمەد و عەبدوڵا مەحمودەوە، پێشکەش کرا، کە تیایدا لەسەر جێگاوڕێگای هەڵبژارن، پرانسیپە گشتیەکانی، ئەزموونەکانی، ئامادەیی حیزب، هەلومەرجەکانی بەشداری و ڕەتکردنەوەی… قسەوباس کرا. پاش بەشداری تێروتەسەلی هاوڕێیانی ئامادەی پلنیۆم، پێداگری لەسەر بەهێزکردنی تواناییەکانی حیزب کرا بۆ ئامادەبوونی لە مەیدانەکانی کیشمەکێشە سیاسیەکانی کۆمەڵگە و هەڵبژاردنیش وەکو مەیدانێکی ئەم بەرامبەرکێییە.
بڕیار و بڕیارنامەکان:
لە بەشی بڕیار و بڕیارنامەکاندا، چەندین بڕیار پەسەندکران سەبارەت بە چۆنیەتی عەمەلیکردنەوەی ئەو سیاسەتانەی کە لە باسەکانەوە دەبێت دەربکێشرێن و هەروەها هەنگاوی پێویست بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی حیزب و بردنەسەری تواناییەکانی لە مەیدانی سیاسی و دەرکەوتنی وەکو حیزبیکی دەخاڵەتگەری کۆمەڵایەتی…
هەڵبژاردنی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی:
لەم بەشەی بەرنامەی کارەکانی پلینۆمدا هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف بە تێکرای دەنگ بە سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرایەوە و هەروەها ١١ کەسیش بۆ مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران کە بریتین لە هاوڕێیان: خەسرەو سایە، دەشتی جەمال، ئازاد مەجید، عەبدوڵا محمود، موحسین کەریم، فوئاد صادق، ڕێبوار ئەحمەد، شاباز محمود، ئالان مەعروف، وەستا مەهدی ڕەسول و رێبوار عارف.
پلنۆم بەدوای دوو ڕۆژ لە قسەوباسی چڕوپڕ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
بەدوای تەواوبونی کارەکانی پلینۆم، مەکتەبی سیاسی لە یەکەمین کۆبونەوەی خۆیدا هاوڕێ خەسرەو سایەی وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی و فوئاد سادقی بەوێنەی جێگری سەرۆک هەڵبژارد و دەستەیەکی کارگێڕی لە هاوڕێیانی مەکتەبی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حیزب، دیاریکرد.
مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٢/٤/٢٠٢٥