بەیاننامەی رێکخراوی دەرەوەی حزب بەبۆنەی یادی ٨ ی مارسەوە
تائێستا بەمشێوەیە سیستمی سەرمایەداری کە جیهان بەڕێوە ئەبات داڕزینی خۆی نیشان نەداوە. سەرباری جەنگ و تاوانکاری و دڕندەیەتی و وێرانکاریەکان کە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییان هێناوە، قورسترین بارگرانیەکان بەسەر شانی ژنانەوەیە. ئەوە ژنانن کە ڕووبەڕووی تەحەددیاتەکانی وەک کاری بێ کرێ لە چەشنی کاری ناوماڵ و بەخێوکردنی مناڵان، کرێی نایەکسان بەرامبەر بە کاری یەکسان، هەژاری، دەسڕانەگەیشتن بە خوێندن و چاودێری تەندروستی و نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە.
هاوکات ژنان دووچاری بازرگانی کردن بە مرۆڤ و چەندین شێوازی توندوتیژی و هەراسانکردن چ جەستەیی یاخود لەڕێی سۆشیال میدیاکانەوە و هەڵاواردنێکی فراوان بوونەتەوە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. ژنان وەک هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە لە ئاسیای دوورەوە تاکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕۆژهەڵاتەوە تاکو ڕۆژئاوا. جگە لەوەش، ژنان وەک ئامڕازێکی هەرزانی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوە چاویان لێکراوە. ئەمە دیاری دەستی سەرمایەداریە بۆ ژیانکردن وەک ژن (یان مێینە) بەمجۆرە و لە هەلومەرجێکی بەمجۆرەدا.
سەرکردەکانی ئەم سیستمە، کە لەلایەن دەوڵەتە ئیمپریالیست و زلهێزەکانەوە نوێنەرایەتی ئەکرێت، بەجۆرێک ڕەفتار ئەکەن وەک ئەوەی یارییەک بکەن و مرۆڤایەتیش ئەو داشانە بن کە ئەوان ئەیانجوڵێنن. جەنگ ساز ئەکەن و خانەولانەی خەڵکی مەدەنی و بێتاوان خاپور ئەکەن. هەروەک بینیمان کە لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و زۆر شوێنی تر لە فەڵەستین زۆربەی هەرەزۆری ماڵوحاڵی خەڵکیان وێران کرد. کەچی دواییش لە دنیای خەیاڵی خۆیاندا، وێرانەکانیان بنیات ئەنایەوە و ڕزگاربووانیشیان ماڵبەدەر ئەکرد. ئەمە ئەو یاری و بازرگانیەیە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیموکراسیەوە پیادەئەکرێ. دواکەوتوویی و کۆنەپەرستی لە هەلومەرجێکی وەهادا بێگومان لە فراوانترین ئاستی خۆیدا سەرهەڵئەداتەوە.
هەروەک لەم دواییانەدا بینیمان هاوسەرگیری مناڵان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە ڕەوایەتی یاسایی پێدرا. ئەمە ئیتر ئاوەژووبوونی ئەم سیستمەیە کە ئەبێ بخرێتەوە جێگەی خۆی. ئەگەر ئەمانەوێ لە دژی هەڵاواردنی ژنان بوەستینەوە، ئەگەر ئەمانەوێ توندوتیژی دژی ژنان ڕابگرین وە ئەگەر ئەمانەوێ کۆتایی بە هەموو شێوەکانی ستەم لە دژی ژنان بهێنین، ئەوا ئەبێ دژی سیستمێک بوەستینەوە کە ئەم هەلومەرجەی خوڵقاندووە.
لەگەڵ ئێمە دژی چەوسانەوە و ستەمی سەر ژنان بوەستنەوە. لەگەڵ ئێمە خەبات بکەن لەدژی هاوسەرگیری مناڵان. بانگەوازی تەواوی یەکسانیخوازان و ئازادیخوازان ئەکەین کە لەدژی ئەم تاوانە بوەستنەوە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
ڕێکخراوی دەرەوە
٢٨ ی فێبریوەری ٢٠٢٥