ئەمساڵ، رۆژی ٨ی مارس، جاریکی دیکە جیهان شاهیدی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی فراوانی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز بوو دژی ستەم و چەوسانەوە و جیاکاری بەرامبەر بە ژنان و مامەڵەکردنیان وەکو هاوڵاتی پلەدوو وبێبەشکردنیان لە سەرەتاییترین مافە ئینسانیەکان. لە زۆرێك لە وڵاتانی دنیادا و لە کوردستانیش، چالاکی جۆراوجۆر، بەشێوەی مارشی ناڕەزایەتی و رێپێوان و کۆبوونەوەو سیمینار لەلایەن رێکخراوەکانی ژنان، سوشیالست، چەپ، رێکخراوەکانی پەنابەری و کۆمۆنیستەکانەوە ساز درا. رێکخستنەکانی حزب لە ناوخۆی کوردستان و لە دەرەوەش بەشداری چالاکانەیان لەو چالاکیانەدا کردو لە چەندین ووڵاتیش چالاکی سەربەخۆی ئەنجام دا.
کوردستان/ سلێمانی:

کۆمیتەی ٨ مارس کە پێکهاتوە لە ژمارەیەك ڕێکخراوی ژنان و دوو نوێنەر لە کۆمیتەی سلێمانی حزب، رۆژی ٨ ی مارس لەبەردەم باخی گشتی کۆبونەوەیەکی جەماوەری گەورەی سازدا بە بەشداری سەدان ژن و پیاوی یەکسانیخواز. ئەگەرچی بڕیاربوو چالاکیەکە لە سەرای ئازادی ئەنجام بدرێ، بەڵام لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە رێگری لێکراو بەناچاری گواستیانەوە بۆ بەردەم باخی گشتی. لە کۆبونەوەکەدا یاداشتنامەیەك خوێنرایەوە کە لەبەشێکیدا هاتووە: ” لەمڕۆی جیهاندا مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ژنان بەتایبەتی لە دۆخێكی خراپدان، ناسهقامگیرى بارودۆخى سیاسى و هەژموونی سیستەمی سەرمایەداری جیهانیان كردووهته مۆڵگهیهك بۆ بهرههمهێنانەوەی توندوتیژى، شكاندنى ئیرادهى مرۆڤ و پێشێلكردنى ماف و ئازادییەکان، بارودۆخى ژنان لەكوردستان و ناوچهكه بەھۆی نادادى، چهوساندنهوهو نایهكسانییەوە بهههلومهرجێكى دژوار و خراپدا تێدهپهڕێت، ژنان لهژێر فشارى دهروونى وجهستهیدان بەناوى ناموس و نەریتی دواكهوتوو.” هەروەها دەڵێت: ” ئەمساڵ لەکاتێکدا پێشوازی لە۸ ی مارس دەکەین، کە گۆڕانکاری گەورەی کارەساتبار لەئەنجامی رێککەوتنی سیاسیی لەکوردستان و عێراقدا روویداوە، ئەویش هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عێراقە، کە یاسایەکی کۆنەخوازی دژە منداڵ و دژە ژنە” لەبەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا رەخنە لە حکومەتی هەرێم دەگرێ بەوەی کە ساڵانێکە ئامارەکانی کوشتنی ژنان راناگەێنێت و ئاشکرایان ناکات. هەروەها بێدەنگی هەڵبژاردوە بەرامبەر بەو ئامارانەی لەلایەن رێکخراوەکان و کەمپینەکانی دژی کوشتنی ژنانەوە بڵاودەکرێتەوە. باس لەوە دەکەن کە بێدەنگی دەسەڵات بەرامبەر بە دیاردەی قێزەونی ژنکوشتن، هۆکارێکی سەرەکی فراوانبوونەوەی ئەو دیاردەیەیە.
لەکۆتایی یاداشتەکەدا ئاماژەیان بە کۆمەڵیك داواکاری کردوە لەوانە: رێگریکردن لەجێبەجێکردنی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٢٥) هەموارکراوی یاسای باری کەسێتی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی(١٩٥٩) لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە و هەروەها تۆمارکردنی سکاڵا لەدادگای فدراڵی عێراق، سەبارەت بەنایاسایی دەرچواندنی یاسا هەموارکراوەکە. بێجگە لەوە داوایان لە حکومەتی هەرێم کردوە کە ژنان و کچان لەکوشتن بەناوی شەرەف و توندوتیژی بەرامبەریان بپارێزێت و ژنکوژەکان بدات بە دادگا و داڵدەیان نەدەن. هەروەها ڕێزگرتن لە ئازادییەکان و دانانی (یاسای نوێی کار) بەجۆرێک رەچاوی یەکسانی ژنان و پیاوان بکات.
دوای خوێندنەوەی یاداشتەکە خۆپیشاندەران بەرەو سەهۆڵەکە بەڕێپێوان و ووتنەوەی دروشمی یەکسانیخوازی و بەرگری لە مافەکانی ژنان بەڕێکەوتن و دوای نزیکەی دوو کاتژمێر چالاکیەکە کۆتایی پێهێنرا.
شایانی ووتنە لە مەراسیمەکەدا خەڵاتی رێزلێنان بەخشرا بە بەهار مونزیر هەڵسوراوی بەرچاوی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان.
سوید:
١- بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە ناوەندی شاری ستۆکھۆڵم بە بەشداری چەند ڕێکحراو و لایەن ( لە ژێر ناونیشانی ٨ی مارس ڕۆژی جیھانی ژنان بۆ ھاوپشتی و مافە ئینسانیەکانی ژنان و کچان).
٢- سازدانی مەراسیمێك بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی یەکسانیخواز و پێشکەوتوخواز بۆ ڕێزگرتن لە ٨ی مارس.
بەریتانیا:
١/ بەشداری لە خۆپیشاندانی چەندان هەزاری لەژێر ناونیشانی” ناڕەزایەتی یەک ملیۆن ژن لەبەریتانیادا” کە لەلایەن فیمینستەکانەوە سازدرابوو. بەرزکردنەوەی دروشم و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی حزب بەبۆنەی ٨ ی مارسەوە بەزمانی ئینگلیزی.
٢/ بەشداری سەوسەن سەلیم ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی لە پانێڵێكی حزبی حیکمەتیست/ خەتی رەسمی تایبەت بە ٨ ی مارس.
٣/ مەراسیمێك بەبۆنەی ٨ی مارسەوە، لەلایەن رێکخراوەکانی: ژنانی کوردو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقیەوە سازدرا، کە هاورێیانی حزب بەشداری بەرچاویان هەبوو، تێیدا سەوسەن سەلیم سەبارەت بە ٨ی مارس و هێرشەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان و عێراق بۆسەر مافەکانی ژنان و بەرەنگاربونەوەی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان هەروەها دوا هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراقی کە شەرعیەت دەدا بە زەواجی کچانی ٩ ساڵ قسەوباسی کرد. دواتریش دەشتی جەمال لەسەر کاریگەریەکانی هەمواری یاسایی باری کەسیتی لەسەر ژنان و مناڵان و چۆنیتی کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە و ریسواکردنی سیاسەتێك کە مافەکانی مناڵان لەژێر پێدەنێت، قسەوباسی کرد.
ئوسترالیا:
لە شاری سیدنی کۆمیتەی ڕۆژی جیهانی ژنان بە بەشداری و پشتیوانی نەقابە کرێکارییەکان لە ڕۆژی ٨ی مارس کۆبوونەوە و ڕێپێوانیان لە ناوەندی شاری سدنی دا بەڕێخست. دۆستان وهاوڕێیانی حیزب چالاکانە بەشداریان کرد و دروشمەکانی حیزب تایبەت بە ٨ی مارسی ئەمساڵیان بەرزکردەوە، و هەروەها بەیانی ڕێکخراوی دەرەوەی حیزبیان لە نێو بەشداراندا بەفراوانی بڵاوکردەوە.
کەنەدا:
١/ سەر لەبەیانی ٨ی مارس مەراسیمێک لەلایەن رێکخراوی (International women’s Day) کە گەورەترین ڕێکخراوە لە باکوری ئەمەریکا سازدرا و هاوریانی حیزب بەشدار بوون لەم مەراسیمەدا. دوای نیوەرۆش ڕێکخراوی ناوبراو ڕێپێوانێکی بەڕیخست و رێکخستنەکانی کەنەدای هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراق بە دوو لافیتەی گەورەو چەندین پلاکارد کەدروشمەکانی حزبیان لەسەر نوسرابوو، بەشداریان کرد.
٢/ لەکاتژمێر ٧ی ئێوارەش مەراسیمێک لەلایەن هەرسێ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، عێراق و حیکمەتیست/خەتی رەسمی یەوە ئەنجام درا. ڤیدیۆ کلیپێک کە بەبۆبەی ٨ی مارسەوە ئامادە کرابوو پیشانی ئامادە بووان درا. دواتریش وتەی سیاسی مەراسیم لەلایەن هاوڕێ سەردار عەبدوڵا حەمەوە بە ناوی هەرسێ حیزبی بەشدارەوە پێشکەش کرا کە تیایدا باسی لەهۆکاری ستەمی سەر ژنان کرد و هەروەها باسی لەگرنگی کەمپینی راوەستانەوە لەبەرانبەر هەمواری یاسای باری کەسێتی کرد.

نەرویج:
١/ فرێدریکستاد: نیوەڕۆی ٨ی مارس کۆمیتەی ٨ی مارس کۆبوونەوەی خۆی لەبەردەم کتێبخانەی گشتی لە شاری فرێدریکستاد ڕێکخست و خەڵکانێکی یەکسانیخواز بە گەرمی بەشدارییان کرد. لەو نمایشەدا هاوڕێیانێک لە حیزب بە تراکتەکانی حیزبەوە بەشدارییان کرد. هاوکات بەیاننامەی ڕێکخراوی دەرەوە بە زمانی نەرویجی سەبارەت بە ٨ی مارس بەناو ئامادەبوواندا بڵاوکرایەوە.
٢/ ئۆسلۆ: لە گۆڕەپانی یونگستۆرگە، مەیدانی کرێکاران، وەک نەریتێکی ساڵانە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کە لەلایەن کۆمیتەی ٨ی مارسەوە ڕێکخرابوو دەستی پێکرد و چەندین دروشم ووترانەوە کە جەختیان لە یەکسانی و بردنە سەرەوەی ڕۆڵی ژنان ئەکردەوە. شایانی وتنە کە بەشێک لە هاوڕێیانی حیزب بەشداری ئەم نمایشەیان کرد و تراکتەکانی حیزبیان بەرز ڕاگرت. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە ڕێڕۆیشتن دەستی پێکرد کە بەناو شاری ئۆسلۆدا بەردەوامی پەیدا کرد.
دانمارک:
کۆبونەوەیەکی جەماوەری لە سەنتەری کۆپنهاگن کە لەلایەن کۆمیتەی ژن، ژیان، ئازادی، وە رێکخراوی DEMO کە رێکخراوێکی چەپن لەگەڵ KFS ڕێخراوی ژنان لە دانمارک، کە رێکخراوێکی ژنانی چەپ و ڕادیکاڵن، سازدراو هاورێیانی حزب بەشداری بەرچاویان تێدا کرد. قسەکەری کۆمیتەی ژن، ژیان ئازادی ، ناهید ریازی هەڵسوڕاوی دیاری ژنانی ئێرانی، ئاماژەی بە هەڵسوڕاوانی کوردستان و عێراق و کەمپینی دژی یاسای باری کەسێتی بەشوودانی منداڵانی ٩ ساڵان کردو وە داوای لە ئامادەبوان کرد واژۆی خۆیان لە کەمپینی دژی یاسای باری کەسێتی بدەن کە رێکخستنەکانی حزب ئامادەیان کردبوو.
فینلەندا:
کۆمیتەی فینلەندای حیزب و ڕێکخراوی ژنانی عێراقی مەراسیمێکیان بۆ شکۆدارکردنی هەشتی مارس سازکرد کە ژمارەیەکی بەرچاو ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخواز ی تێیدا بەشدار بوون. ئاڵا فەرەج بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی عێراقی لەسەر دۆخی ژنان و جێگەوڕێگەی پلەدویی ژن لە وڵاتانی جۆراوجۆر ڕاوەستا و لەسەر پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی یاسای بە شودانی منداڵانی کچ لە عێراق کە لەلایەن هێزە ئیسلامی و قەومیەکانی دەسەڵاتدارەوە دەنگی پێدراوە، قسەی کرد.
دواتر ابراهیم حسێن وتەی کۆمیتەی فینلەندای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانی پێشکەش کرد و تێیدا لەسەر ستەمکێشی ژن وەک بەشێک لە پیداویستیەکانی سیستەمی سەرمایەداری و هەروەها سەبارەت بە یاسای بەربەریانەی زەواجی مناڵانی کچ قسەوباسی کرد. دوای ئەویش “توڵڵا هەتاینێن” وەزیری پێشووتری کار کە هەڵسوڕاوێکی ژنی سۆسیال دیموکراتە، لە وتەکەیدا دژی ئەو یاسا قێزەونە وەستایەوە. پاشان “تینا ساڵدێنبێرگ” لە حیزبی کۆمۆنیستی فینلەند و ئەندامی کۆمیسیۆنی ژنانی چەپ لە پەرلەمانی ئەوروپا، ووتەیەکی پێشکەش کردو یاسای باری کەسێتی عێراقی ئیدانەکرد و پەیمانیدا کە ڕاستەوخۆ بە ناوی حیزبی کۆمۆنیستی فینلەندەوە و ئیدانەی بکەن و هەروەها ئەم بابەتە لە ئاستی کۆمیسیۆنی ژنان لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بوروژێنێ.
ئەڵمانیا:
١/ شاری کۆڵن: کۆمیتەی ئەڵمانیای حیزب لە شاری کۆڵن بەهاوبەشی لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران حیکمەتیست خەتی ڕەسمی، مەراسیمی هەشتی مارسی بەرێخست. پەیامی حیزب لەلایەن گەشاو ڕەحیم پیشکەش کرا کە تێیدا پێداگری لەسەر وەستانەوە دژی یاسای باری کەسیتی و بەشوودانی مناڵی کچی نۆ ساڵان کرد.
٢/ شاری کارلسڕۆ
هاوڕییانی حیزب لە شاری کارلسڕۆ، بەشداری کۆبوونەوەیەکی گشتیان کرد بەبۆنەی ٨ی مارسەوە کە هەموو ساڵێک لەلایەن ڕیکخراوە چەپ و کۆمۆنیست و فیمینیستیەکانەوە بەرپا دەکریت، نزیکەی دووهەزار کەس بەشداربوون و دواتر بەڕێپێوان بەرەو سەنتەری شار Konrad platzt بەرێکەوتن کە چەندین کاتژمێری خایاند.