بڕیارنامە دەربارەی خەبات دژی گرانی!
پێشەکی
گرانی بەڕادەیەك بەرەوسەرچووە کەتەنگی بە جەماوەری ملیۆنی خەڵکی کریکار و زەحمەتکێشی کوردستان هەڵچنیوە. ژیانی ئەوانی گۆریوە بۆ جەنگیکی رۆژانە لەپێناو مانەوەدا. جیاوازی نێوان ئاستی داهاتی خێزانە کرێکاری و توێژە کەمدەرامەتەکان بە بەراورد بە داهات و سامانی هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و بەرپرسانی حیزبی و حکومی و خاوەن کۆمپانیاکان، لەلایەکەوەو لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ خەرجییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر هەتادێت قوڵتر دەبێتەوە. گرانبوونی بەردەوامی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، کەمبوونەوەی توانای کڕین، نەبوونی کار و داهاتی جێگیر، و خۆدزینەوەی دەسەڵات لەهەرجۆرە بەرپرسیارێتیەك بەرامبەر بە ژیانی خەڵك و پوکاندنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ژیانی بەشێکی زۆری خەڵکی بەرەو هەژاری و برسێتی و کارەسات بردوە.
ئەگەرچی پاساوەکانی دەسەڵاتداران بەرامبەر بەم دۆخە سەختە ئابورییە، ئەوەیە کە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم نانێرێت، یاخود ئەوەی کە ئەم گرانی و نەبونیە بەرئەنجامی دۆخی جەنگی ناوچەکەیە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم بارودۆخە نەك بەرەنجامی هیچکام لەو پاساوانەی دەسەلاتدارانی هەرێم نیە، تەنانەت بە تەنهاش بەرئەنجامی گرانبوونی کاڵاکان و لەڕادەبەدەر لە خوارەوەبوەنی کرێ و مووچەکان نییە؛ بەڵکو ڕاستەوخۆ ئاکامی سیاسەتە ئابووری و داراییە بۆرژواییەکانی حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی بنەماڵەیی فەرمانڕەوا (یەکێتی و پارتی) یە کە لەسەر تاڵانی و گەندەڵی و دەستگرتن بەسەر داهاتی گشتی و سەپاندنی جۆرەها باج و لەناوبردنی هەرجۆرە خزمەتگوزاریەکی گشتی بەناوی چاکسازیەوە، بنیاتنراوە.
لەبەرامبەردا دۆخی ئیستای ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستان بەجۆرێکە کە مووچە و هەقدەستەکان ئەوەندە کەم و لە خوارەوەن، کە بۆ بەشێکی یەکجار زۆر لە کرێکاران و فەرمانبەران، تەنها بۆ چەند کاتژمێرێك لە دەست و گیرفانیاندا دەمێنێتەوە. سەرباری ئەوەش دواکەوتنی مووچە، لێبڕینی بەردەوام، زیادکردنی جۆرەها باج و خەرجی زیاتر و زیاتر لەسەر خەڵک، نەبونی هیچبیمەیەکی بێکاری و کۆمەڵایەتی، فشارێکی وەها گەورەیان لەسەر خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان دروست کردووە، کە بەتەواوی لە سنوری تەحەمولکردن دەرچووە.
لەبواری تەندروستی و پزیشکیشدا بەکردەوە ژیان و سەلامەتی بەشێكی بەرچاوی خەڵک لەبەردەم مەترسیدایە. خەستەخانەکان و نەخۆشیەکان پێکەوە دژی خەڵک یەکیان گرتووه!. لاوازکردن و پوکاندەوەیدەوری نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە گشتییە حکومیەکان و گۆڕانی تەواوەتی بواری تەندروستی بۆ یاساکانی بازاڕ و کەڵەکەی سەروەت، کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بوارەکە لەلایەن نەخۆشخانە تایبەتەکانی سەربە دەسەڵات و بەرپرسانەوە، دۆخێکیان خوڵقاندوە کە خەڵکی ئاسایی خەریکە بەیەکجاری لە دکتۆر و دەرمان بێبەشدەکرێن! خێزانەکان لەئاستێکی فراواندا ناچاربوون بۆ دابینکردنی خەرجی نەشتەرگەری و چارەسەری نەخۆشی، ماڵوحاڵی خۆیان بفرۆشن، قەرز بکەن یان پەناببەنەبەر خزم و کەسوکار، یاخود بەئازارەوە چاوەرێی مەرگی نەخۆشەکانیان بکەن.
لەبواری خوێندندا، لاوازکردن و هینانەخوارەوەی ئاستی خوێندنی گشتی و پەرەسەندنی خوێندنی تایبەت و گۆڕانی بۆ بازرگانی و قازانج لە هەموو ئاستەکاندا، دەرفەتی خوێندنی یەکسانی بۆ منداڵانی خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان نەهێشتوەتەوە. لەبواری پەیداکردنی کاریشدا دەرچووانی خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆ حکومیەکان ڕووبەڕووی بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کار دەبنەوە بەبەراورد بە خوێندگاو پەیمانگاو زانکۆ ئەهلی و تایبەتەکان.
سپاردنی بازاڕی سوتەمەنی بە کۆمپانیاکانی سەر بە هەردو حزبی دەسەڵاتدار و بەرپرسانیان، بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخی بەنزین، نەوت، گاز و غازی ماڵان و کارەبا بارێکی قورسی لەسەر ژیانی خەڵک داناوە؛ بەشێوەیەک کە لە زستاندا توانای گەرمکردنەوە و لە هاویندا توانای فێنککردنەوەی ماڵەکانیان نییە.
لەپەیوەند بە خۆراک و کەلوپەلی ژیانی رۆژانەوە،لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە دەرەوەی هەرێمەوە دێت، حکومەت و ئەحزابی دەسەڵاتدا لەجیاتی پشتیوانی لەنرخەکان، جۆرەها باج و گومرگ و خەرجیی جۆراوجۆر زیاد دەکەن کە راستەوخۆ خەڵک باجەکەی دەداتەوە. لەگەڵ گۆڕانی نرخی دینار و دۆلار، بەردەوامنرخی کاڵاکان بەرەوسەر دەبات و توانای کڕینی خەڵکی روو لە دابەزین دەکات.
سەرباری هەموو ئەوانە گەندەڵی، تاڵان و دەستگرتن بەسەر سامان و داهاتی گشتی و کۆنترۆڵکردنی جومگە ئابوورییە گرنگەکان لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارو دەستو پێوندەکانیانەوە، بووەتە هۆی کۆبوونەوەی سامانێکی لەرادەبەدەر لە دەستی کەمینەیەکی مشەخۆرو تاڵانچیدا، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری کۆمەڵگا ڕاپێچی هەژاری و برسێتی و نەداری کراوە!
بۆیە گرانی و دابەزینی ئاستی ژیان پێویستی بە وەڵامێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی فراوان هەیە؛ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی پێیوایە کە ڕیشەی گرانی و نەبونی و خراپی باری ئابوری کرێکاران و کارمەندان و بەشی زۆری کۆمەڵگا، لەدەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداریدایە، هەربۆیە وەلانانی ئەم دەسەڵاتەو گۆڕینی ئەم سیستەمە، بەدەسەڵات و سیستەمێک کە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا بداتە دەستی نوینەرانی هەڵبژێرداوی ڕاستەوخۆی خەڵکە؛ واتە (حکومەتی شوراکان)، دەتوانێ هەنگاوێکی گرنگ بەرەو کۆتاییهێنان بە گرانی و هەژاری و نایەکسانی ئابوری بنێت و ژیانێکی شایستەو خۆشگوزەران بۆ هاوڵاتیان دابین بکات. بەڵام هەرئێستاش دەتوانرێ لەرێگای فشاری جەماوەریەوە سنورێك بۆ ئەم گرانی وهەژاریە دابنڕی لەڕیگای سەپاندنی سیستەمی بیمەکان بەسەر دەسەڵاتدارانی کوردستاندا.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەپێناو بەڕیخستنی فشارێکی جەماوەری فراوان کە بتوانێ گەروی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار بگوشێت و بژیوی خەڵکیان لەدەست دەربهێنێت، ئەم هەنگاوانە دەخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە و بانگەوازی هەموو هەڵسوراوانی کرێکاریی و جەماوەری دەکات کە لەدژی گرانی و دۆخی ناهەمواری بژێوی سەپاو بەسەر کۆمەلگادا، یەکگرتوانە هەوڵ وتێکۆسانی خۆیان یەکگرتووبکەن:
ئاراستە و مەیدانەکانی خەبات دژی گرانی:-
خەبات دژی گرانی و ئەم کارەساتەی باڵی بەسەر ژیانی خەڵکدا کێشاوە پێویستە لەم ئاراستانەدا پەرەبگرێت:-
١. خەبات دژی گەندەڵی و لەپیناو گێڕانەوەی پارەو مومتەلەکاتە دزراوەکان:
بەرپرسانی گەندەڵ و ئەوانەی دەستیان بەسەر سامانی گشتی و داهاتی خەڵکدا گرتووە، ئاشکرا بکرێن؛ موڵک و سامانیان دەستی بەسەردا بگیرێت و بڕی سامانی گەڕێندراوەوە بەشێوەیەکی تەواو شەفاف بۆ خەڵک ڕابگەیەنرێت و تەرخان بکرێت بۆ زیادکردنی کرێ و موچە و دابینکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان.
٢. هەڵوەشاندنەوەی باج و خەرجییە سەپێنراوەکان:
هەموو ئەو باج و سەرانانەی بەناوی یاساوە بەسەر هاوڵاتیانی کەمدەرامەتدا سەپێنراوە، هەڵبوەشێنرێنەوە؛ باج لەبنەڕەتدا دەبێ تەرخان بکرێت بۆ دابنکردنی بیمە و خزمەتگوزاری گشتی. حکومەتێک کە هیچ خزمەتگوزاریەکی گشتی دابین ناکات و هیچ بەرپرسیارێتیەکی ژیانی خەڵک ناگرێتە ئەستۆ، مافی ئەوەی نیە هیچ جۆرە باجێك لە خەڵک وەرگرێت.
٣. هەڵوەشاندنەوەی گومرگی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان:
گومرگ لەسەر ماددەی خۆراکی، دەرمان و کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانە هەڵبوەشێنرێتەوە. لەجیاتی ئەوە حکومەت دەبێ پشتیوانی نرخی پێداویستیە سەرەکی و سەرەتاییەکان بکات و ئەو بەشە خۆراکەی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت دەبێ بکرێتە مانگانە و بە کواڵێتی باش و هەموو مەوادە پێیویستەکان بگرێتەوە.
٤. باج لەسەر سەرمایە و خاوەن کۆمپانیا گەورەکان:
دەبێ باجی ڕوولەسەر لەسەر سەرمایەداران و کۆمپانیا و کارگە و دامەزراوە گەورەکان دابنرێت کە قازانج کەڵەکە دەکەن و سەرچاوەی پیسبونی ژینگەی وڵات و جۆرەها نەخۆشین. داهاتی ئەم باجانە بە تەواوی و بەشێوەیەکی شەفاف بخرێتە ناو خەزێنەی گشتی و بۆ بیمە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان خەرج بکرێت.
٥. تەندروستی و دەرمانی خۆڕایی و گشتی:
حکومەت بەرپرسە لە دابینکردنی دکتۆر و دەرمانی پێویست و کواڵێتی بەرز بە نرخێکی ڕەمزی بۆ خەڵک. دەبی بەشێک لە داهاتی گشتی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی تازە و باشترکردنی کواڵێتی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییە حکومییەکان بەکاربهێنرێت. کوالیتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکرێتەوە و دەرمان، پشکنین، چارەسەر و نەشتەرگەری بۆ خەڵکی کەمدەرامەت بەخۆڕایی یان بە نرخی رەمزی دابین بکرێت.
٦. سوتەمەنی، کارەبا، ئاو و گاز بە نرخی پشتیوانیکراو:
بەنزین، نەوت، گاز، کارەبا و ئاوی خواردنەوە بە نرخێکی هەرزان و پشتیوانیکراو لەلایەن حکومەتەوە دابین بکرێن. پێویستە بەشێك لەو نەوتەی لە کوردستان دەردەهینرێت پێش هەموو شتێک بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی خەڵك لە سوتەمەنی و هەروەها باشترکردن و فراوانکردنەوەی تۆڕەکانی ئاوو کارەبا تەرخان بکرێت.
٧. بەرزکردنەوەی مووچە و دابینکردنی بیمەی بێکاری:
مووچە و هەقدەستی کرێکاران و مووچەخۆران بەرزبکرێتەوە بەشێوەیەک کە لەگەڵ هەڵاوسان و خەرجییەکانی ژیاندا بگونجێت. هەروەها بیمەی بێکاری و لانی کەمی ژیان بۆ هەموو بێکارانی ئامادە بەکار، ژن و پیاوەوە دابین بکرێت.
٨. خوێندنی گشتیی بەکواڵێتی بەرز و دامەزراندنی دەرچووان:
کوالیتیی خوێندن لە خوێندنگا، پەیمانگا و زانکۆ گشتییەکان بەرز بکرێتەوە و دەرفەتی یەکسانی خوێندن بۆ هەمووان دابین بکرێت. هەموو ئەو دەرچووانەی بۆماوەیەکی درێژ بەشێوەی خۆبەخش لە دامەزراوە حکومییەکاندا کاردەکەن، بەپێی پێویستی و توانای دامەزراوەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دامەزرێن و مافی بیمە و هەقدەستی یاساییان بۆ دابین بکرێت.
٩. مافی نیشتەجێبوون و کرێی گونجاو:
حکومەت بەرپرسیارێتی خۆی بۆ دابینکردنی خانووی گونجاو و نیشتەجێبوونی شایستە بۆ خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان جێبەجێ بکات. یەکەکانی نیشتەجێبون بە نرخی گونجاو و قیستی درێژخایەن یان زەوی لەگەڵ قەرزی بانکی بەبێ سوود و بەشێوەی درێژخایەن، بەسەر خێزانە کرێچیەکاندا دابەش بکات. هەروەها کرێی خانوو و خەرجییەکانی نیشتەجێبوون بەشێوەیەک کۆنترۆڵ بکرێن کە لەگەڵ داهاتی خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان بگونجێت و هیچ خێزانێک بەهۆی نەبوونی توانای داراییەوە بێخانەولانە نەکرێت.
پیویستی بەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری دژی گرانی:
بەدیهێنانی ئەم خواستانە تەنها بە بانگەشە و بەرزکردنەوەی داخوازی بەدی نایەت؛ پێویستی بە خەباتێکی ڕێکخراو و بەردەوامی جەماوەری هەیە. لەمبارەیەوە دەبێ کار و هەڵسورانێکی هەمەلایەنەی سیاسی و جەماوەری بەڕبخرێت. لەوانە ئەرکی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستانە کە کار بۆ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بکات::-
١. کردنی پرسی گرانی بە بابەتی ڕای گشتی:
-هەوڵدان بۆئەوەی لەڕێگەی کۆبوونەوە، سیمینار، وتووێژ، کەمپین، بڵاوکردنەوەی زانیاری و چالاکییە جەماوەرییەکانەوە، پرسی گرانی و دابەزینی ئاستی ژیان بکاتە بابەتێکی سەرەکیی ڕای گشتی.
٢. دروستکردنی بلۆکێکی فراوانی دژی گرانی:
پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ کەسایەتییە جەماوەری و کرێکارییەکان، سەندیکا و یەکێتییە کرێکارییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان، خوێندکاران، بێکاران، مامۆستایان و هەموو ئەو لایەن و ڕێکخراو و حزبە سیاسییانە بکرێت کە ئامادەی خەباتی هاوبەشن بۆ کەمکردنەوەی باری گرانی و باشترکردنی ژیانی خەڵک.
٣. ئامادەکردنی لایحەیەکی هاوبەشی داواکارییەکان:
لەگەڵ ئەو لایەن و ڕێکخراوانەی بەشداریی ئەم بزوتنەوەیە دەکەن، لایحەیەکی هاوبەش لەسەر خواست و داواکارییە سەرەکییەکان ئامادە بکرێت کە هەم بە شێوەیەکی ڕەسمی ئاراستەی حکومەت و دەسەڵات بکرێت، هەم بکریتە ئاڵای خەباتیکی هەمەلایەنە.
٤. فراوانکردنی بزوتنەوەکە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان
بەپێی توانای ڕێکخراوەیی و جەماوەری، کار لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان بکرێت و زۆرترین ژمارەی خەڵک لە دەوری ئەم خواستانە کۆبکرێنەوە، بۆ زیادکردنی فشاری جەماوەری لەسەر حکومەت و دەسەڵاتداران بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان.
٥. دروستکردنی پشتیوانی لە دەرەوەی وڵات
لە دەرەوەی وڵاتیش هەوڵ بدرێت لەڕێگەی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و جالیەی کوردی لە دەرەوەی وڵات، پشتیوانیی جەماوەری و سیاسی بۆ ئەم بزوتنەوەیە بەدەست بهێنرێت و فشار لەسەر حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران دابنرێت بۆ وەڵامدانەوە بە خواست و پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک.
کۆتایی
گرانی و هەژاری چارەنووسێکی سروشتی و نەگۆڕ نییە. ئەو سیاسەتانەی سامانی کۆمەڵگا لە دەستی کەمینەیەک کۆدەکەنەوە و باری قەرەبووکردنەوەی کێشە ئابوورییەکان دەخەنە سەر شانی کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەت، بەشێکە لە میکانیزمی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری و دەتوانرێت بە خەباتی ڕێکخراو و جەماوەری بگۆڕدرێن.
بۆیە خەبات دژی گرانی تەنها خەبات بۆ کەمکردنەوەی نرخی کاڵایەک نییە؛ بەڵکو خەباتە بۆ نان، دەرفەتی کار، دەرمان، خوێندن، خانوو، مووچەی شایستە و ژیانێکی سەردەمیانە.
بزوتنەوەیەکی فراوان و یەکگرتووی کرێکاران، خەڵکی کەمدەرامەت، بێکاران، ژنان، خوێندکاران و هەموو ئەو توێژانەی کە لە گرانی و هەژاری زیان دەبینن، دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە. ئەرکی حزبی کۆمۆنیستی کریکارییە ئەم بزوتنەوە جەماوەریە ڕێکخراو و یەکگرتووبکات و بیهێنێتە مەیدان.
