یاسر ئەحمەدی نەژاد، کرێکاری نەوت و یەکێك لە ڕابەرانی کرێکارانی نەوتی ئێران لەزیندان ئازاد کرا!

    بەپێی ڕاپۆرتێکی “بڵاوکراوەی ئەنجومەنی رێکخستنی نارەزایەتیەکانی کرێکارانی گرێبەستی نەوت”،  یاسر ئەحمەدی نەژاد ، دوای ئەوەی بۆماوەی ٤٢ مانگ بەزیندانیکردن حوکم درابوو، رۆژی ١١ی تەموز/ جولای ٢٠٢٦  بە کەفالەت لە زیندان ئازادکرا.

    یاسر ئەحمەدی نەژاد، یەکێکە لە ناسراوترین وخۆشەویستترین هەڵسوراوان و ڕابەرانی کرێکارانی گرێبەستی کەرتی نەوت لە ئێران، کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بەرگری لە مافەکانی کرێکارانی گرێبەست کردوەو رووبەرووی گەندەڵی نێوان بەرپرسانی ئیدارەی نەوت و بەڵێندەران بووەتەوە، کە لەسەر رەنج و چەوساندنەوەی کرێکاران قازانجێکی خەیاڵیان بۆخۆیان مسۆگەر دەکرد. هەروەها دەورێکی ڕابەریی هەبوو لە کەمپەینی یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی مافی ٣٠ هەزار کرێکاری گرێبەست لە کۆمپانیای نیشتمانی ئێران بۆ گەڕان و دزۆینەوەی نەوت. یاسر بەهۆی ئەم چالاکیانەیەوە لە کارەکەی دەرکرا، بەڵام دوای ناڕەزایەتی هاوڕیکانی گەرینرایەوە سەرکار، بەلام جارێکی دیکە بەهۆی چالاکیەکانیەوە لەکار دەرکرایەوە. ئەمە بێجگە لەوەی کە یاسر چەندینجار رووبەرووی گرتن و زیندانیکردن بۆەتەوە بەهۆی بەرگریکردنی لەکرێکاران. هەروەکو لەکاتی خرۆشانی ژن ژیان ئازادیدا پشتیوانی لەو بزوتنەوەیە کرد.

    بێگومان ئازادکردنی یاسر ئەحمەدی نەژاد، بەرهەمی فشاری هاورێیانی کرێکاری لە ئەنجومەنی رێکخستنی ناڕەزایەتیەکانی کرێکارانی گرێبەست و ئەنجومەنی رێکخستنی کرێکارانی نەوت لەلایەك و هاوكات هاوپشتی بزوتنەوەی کرێکاری بووە لەئاستی جیهانیدا، کە خوازیاری دەستبەجی ئازادکردنی بوون و ئێمەش لە رێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، شانازی ئەوەمان پێبڕا کە بەشداری ناڕەزایەتی رێکخراوە کرێکاری و چەپەکانی بەریتانیا بکەین لەلەندەن کە هەمان رۆژی ئازادکردنەکەی و بۆ خواستی ئازادکردنی، بەڕێوەچوو. سەڕەڕای ئەوەی  پێشترو لەئاکامی هەوڵەکانی هاورێیانی ئێمەوە پرسی دەستگیرکردنی یاسر ئەحمەدی نەژاد لەرێگای جۆن ماکدۆناڵد، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیاوە، براوەتە پەرلەمانی بەریتانیا و ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانیش پشتیوانیان لێکردوەو داوای ئازادکردنیان کردوە.

    رێکخراوی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

    ١٣ی تەمووز/ جولای ٢٠٢٦

     

    Share.