بەڵتەجیەکانی سەر بە رەزا شا پەلاماری خۆپیشاندانی دژ بە رژێمی ئیسلامی ئێرانیان دا لە لەندەن!

    دوێنێ ١١ی جوڵای ٢٠٢٦ لەسەر بانگەوازی رێکخراوی رزگاری کرێکاریی بەریتانیا Workers Liberty لەبەردەم سەفارەتی رژێمی ئیسلامی لە لەندەن، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی بۆ خواستی ئازادکردنی یاسر ئەحمەی نەژاد، هەڵسوڕاوێکی کرێکاریی کۆمپانیای نەوتی ئێران، کە بەتومەتی “پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت ” سزای زیندانیکردنی بۆماوەی ٣٣ مانگ بەسەردا سەپێنراوە، ئەنجام دراو ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی یەکێتی کرێکارانی شەفەندەفەر، دەریاوانی و گواستنەوەی گشتی (RMT )و ژمارەیەك هاوڕێیانمان لە ڕێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەشداریان کرد..

    لەکاتیکدا خۆپیشاندەران بەردەوام بوون لەوتنەوەی دروشمی”ئازادی بۆ یاسر ئەحمەدی نەژاد، ئازادی بۆ سەرجەم زیندانیانی سیاسی، بڕوخی رژێمی ئیسلامی ئێران..” کۆمەڵێک لۆمپەن و بەڵتەجی سەر بە رەزا پەهلەوی کە لەبەردەم باڵۆێزخانەی ئێران پۆستەر و وێنەی رەزا پەهلەوی و ئاڵای ئیسرائیل و ئەمریکاو ئاڵای سەڵتەنەتی شایان دانابوو، بەڵام ژمارەیەکیان لەناو هایدپارک، بەرامبەر بە سەفارەت خێمەیان هەڵدابوو، لەگەڵ دەرکەوتنی ئێمە و ووتنەوەی ئەو دروشمانە، کەوتنە هوتافکێشان دژی ئێمە، بەئامانجی تێکدانی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەکە. کاتێک ئەم هەوڵە رەزیلانەیان تێکشکا، دەستیانکرد بە ڤیدۆ و وێنەگرتن بەمەبەستی جاسوسیکردن و ئیستیفزازی هاوڕێیانمان. سەرەڕای ئەوە یەکێك لە چەقۆکێشەکانی رەزا پەهلەوی کە دەیویست لەنزیکەوە وێنەی هاورێیەکی ئێمە بگرێ، وە رووبەڕووی کاردانەوەی ئەو بوەوە، لەناکاو پەلاماری ئەو هاوڕێیەمانی دا و زۆر ترسنۆکانە لەبەردەم کاردانەوەی دەستبەجێی ئێمەدا هەڵهات!

    ئەمە یەکەمینجار نیە چەقۆکیشەکانی سەر بە رەزا پەهلەوی، کە وەکو بەکریگراوی ئەمریکاو ئیسرائیل دەجوڵێنەوە و خوازیاری کاولکردنی ئێران و کوشتاری خەڵکەکەی بوون لەڕێگای بۆمبارانی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە، بەو هیوایەی کە ئەمریکا پاداشتێکی بەکرێگراویەکەیان بداتەوە، پەلاماری هەڵسوڕاوانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئێرانی و بەتایبەتی ئۆپۆزیسیۆنی چەپ دەدەن و هەوڵ دەدەن کە فەزای سیاسی هەڵسوڕانی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی ووڵات نا ئارام بکەن. ئەم گروپە بەڵتەجیە، کە لەسەردەمی شای تڕۆکراوی باوکیاندا دەیان هەزار نەیاری سیاسی و هەڵسوڕاوی سیاسی و کۆمۆنیست و چەپیان کوشتار و زیندانی کردوە و کۆمەڵگای ئێرانیان لەژێر پۆستاڵی سەرکوتی پەهلەویدا خنکاندبوو، ئێستاش کە گوایە ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی ئیسلامی ئێرانن، بەڵام هەمان دەورو نەخشی سەردەمی باوکیان دژی خەڵکی ئازادیخواز و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و چەپ و کۆمۆنیست دەبیینەوە، ئەویش لە شوێنێكدا کە هیچ دەسەڵاتێکیان نیە! هەر ئەم ماهیەتە کۆنەپەرست و دژە ئازادی و دژە کۆمۆنیستیەی خۆیانە کە ئەوانی لەپاڵ ڕاسیسترین و دژە پەنابەریترین و فاشیست ترین ڕەوتی سیاسی ئەم ووڵاتانەی ئەوروپا و بەتایبەتی بەریتانیا داناوە!

    بەدوای ئەم پەلامارەی ئەوان و دروستبوونی بارگرژی، پۆلیسی بەردەم سەفارەتخانە ئاگاداری پۆلیسیان کردو ئەوەبوو مەفرەزەیەکی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوادوەکە. ئێمەش دوای رونکردنەوەی روداوەکە سکاڵامان دژی ئەو بەڵتەجیەی هێرشەکەی کرد، تۆمار کرد. پۆلیس سەرباری وەرگرتنی ووتە لەو هاوڕێیەمان، هاوکات بڕیاری دا کە سەرجەم ئەو ڤیدیۆیانەی کە کە کامێری چاودێریەوە تۆمارکراون لەگەڵ ڤیدیۆی ئەو پۆلیسەی بەردەم سەفارەت کە تۆماری کربوو وە خۆی شاهیدی روداوەکە بوو، وەربگرن بۆ لێکۆڵینەوەو ئاگادارکردنەوەمان لە هەنگاوەکانی داهاتوو.

    ئێمە لە رێکخراوی دەرەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتێکدا لەپاڵ خەڵکی ئازادیخواز و چینی کرێکار و هەڵسواراوانی کرێکاری و کۆمۆنیستی ئێراندا لە خەباتیاندا بۆ سەرنگونکردنی رژێمی دڕندەی ئیسلامی ئێران ڕادەوەستین و بۆ یەك ساتیش لەو ئەرکە چینایەتی و ئینتەرناسیۆنالیستیەی خۆمان درێغی ناکەین، هاوکات بەرامبەر بە بەڵتەجیەکانی بەکرێگیراوی رەزا پەهلوی بێدەنگ نابین و رێگا نادەین فەزای سیاسی ئۆپۆزیسیۆن لەدەرەوەی ئێران ئالودەو نائارام بکەن. ئێمە لەو کردەوە دڕندانەو بەڵتەجیانەیان خۆش نابین و هەموو هەوڵە یاساییەکانی خۆمان دەگرینەبەر بۆ بەسزاگەیاندن و پاشەکشە پێکردنیان.

    هەر لێرەوە بانگەوازی حزب و رێکخراوە کرێکاری و کۆمۆنیستی و سوشیالست و ئازادیخوازەکانی ئێران و بەریتانیا دەکەین کە بەرامبەر بەم رەوتە فاشستە هەوسار پچراوە بوەستنەوەو نابێت رێگا بدرێ ئەم رەوتە بەڵتەجی و کۆنەپەرست و دژی کرێکاری و دژە ئازادیە فەزای سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەدەرەوە نا ئارام بکەن و مەترسی بۆ سەر هەڵسوڕاوانی دژی رژێمی ئیسلامی پێکبهێنن. ئەمانە بەو کارە قێزەونەیان خزمەتێکی گەورە بە رژێمی ئیسلامی ئێران دەکەن. ئێمە لەپاڵ کۆمۆنسیت و ئازادیخوازای بەریتانی و ئۆپۆزیسۆنی ڕادیکال و ئازادیخوازی ئێرانیدا هەوڵ دەدەین ئەو بارگەو بنەیان پێ بپێچینەوە کە لەو ناوجەیە دایاننناوەو نائارامی بۆ چالاکی و ناڕەزایەتیەکانی هێزو لایەنە سیاسیە ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست و چەپەکان دروست دەکەن!

    _سەرشۆڕی وریسوایی بۆ بەڵتەجیەکانی رەزا پەهلەوی!

    _ بروخێ رژێمی کۆنەپەرست و دڕندەی ئیسلامی ئێران!

    حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان/ ڕێکخراوی دەرەوە

    ١٢/٧/٢٠٢٦

     

     

     

    Share.