ئۆکتۆبەر:

هاورێ عوسمان لە بەیاننامەی حزبدا سەبارەت بە خولی شەشەمی هەڵبژاردن هۆکاری بەشدارینەکردنی حزب بۆ چەند مەسەلەیەك دەگێرێتەوە، لەوانە سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستانەوە لەجیاتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، یاخود پاكنەکردنەوەی لیستی دەنگدەران و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان و .. تاد، کە سەرەنجام هەڵبژاردن بەپێی ویستی یەکێتی و پارتی دیزاینکراوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئۆپۆزیسیۆن باس لەوە دەکەن کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان دەکات، باس لەوە دەکەن کە کورسی کۆتاکان نەماون و بەوجۆرە لانی کەم پارتی ١٠ کورسی کەمکردوە. یاخود دەڵێن پارەو موچە لەدەستی بەغدادایەو یەکێتی و پارتی ناتوانن بە هەرەشەی مووچەبڕین خەڵك ناچار بە دەنگدان بەوان بکەن. یاخود دەڵێن گۆڕینی شیوازی دەنگدان لە یەك بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، دەستی دوو حزبی دەسەڵات کورت دەکاتەوە لەوەی دەنگی شوێنەکانی دیکە بدەن بەو کاندیدانەی لەجێگای دیکە دەنگی کەم دەهینن.. بەوجۆرە هەموو ریکارەکان لەزیانی ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەیەو دەکرێ بە دەنگدان بە ئۆپۆزسیۆن و کردنیان بە زۆرینە، رێگا لە یەکێتی و پارتی بگرن کە حکومەت پێک بهێنن. سەرەنجام هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەتوانن حکومەت پێكبهێنن و بەوجۆرە کۆتایی بەدەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بهێنن! بۆیە ئەوان لە دوو حزبی دەسەڵاتدار زیاتر هانی خەڵک دەدەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا. ئێوە دەربارەی ئەو بانگەشانەی ئۆپۆزیسیۆن چی دەڵێن؟
عوسمانی حاجی مارف:
هەلبەتە بەشدارینەکردنی حزبمان لەم هەڵبژاردنەدا، لەسەربنەمای ئەو خاڵانەی لە بەیانەکەدا ئاماژەی پێکراوە، چەندخاڵیکی سەرنجڕاکێش و واقعین، ئەوەی شاراوە نیە ئەوەیە کە پارتی لەو شوێنەوە بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنەی ڕاگەیاندا کە لەبەرامبەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵدا ڕاوەستایەوە، ئەم بایکۆتەی بارزانی هەڵبژاردنی خستە سەر ڕێگایەکی بنبەست و داخراوەوە، ئەوەی نیشاندا کە بەبێ بەشداری پارتی هەڵبژاردن ناکرێت، بۆیە دادگای فیدراڵی ناچارکرد دەستبەرداری بەشێک لە بڕیارەکانی بێت و گۆڕانی تیا بکات، تا بارزانی قەبوڵی کات بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکات، واتە زۆر بەسادەیی دەتوانین بڵێین هەرکات بارزانی بەرەوڕوی هەڵبژاردنێک بێت زیانی هەبێت بۆی، ئەتوانێ ئیفلیجی بکات، ئەمەش واقعی سروشتی دەسەڵاتی سیاسیە لە کوردستانی عێراقدا، کە خاوەن هێزی میلیشیا باڵادەستە نەک دەنگ و دەخالەتی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا، ئەزمونی جۆری دەسەڵاتی سیاسی زۆنی زەردو زۆنی سەوز لە سیوسێ ساڵی ڕابردودا ئەوەی نەشاردۆتەوە، کە هەڵبژاردن چ گاڵتەجاریەکەو هیچکات نەیتوانیوە هیچ گۆڕانێک بکات یا کۆتایی هێنانبێت بەدەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی. واتە پێش هەر شتێک پێویستە ئەوە بە هەند وەرگرین کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەیتوانی سیاسەتەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کە پێکهێنەری حکومەتی عێراقن، لەبارەی هەڵبژاردنەوە خۆی بسەپێنێت، نەیتوانی بارزانی ملکەچ کات بۆ ئەو سیاسەتەی تاڕادەیەک بە بەرژەوەندی تاڵەبانی دەشکایەوە.
واتە چوونەسەری بڕیاری بەشدارینەکردنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، وادەکات لەوە بگەین کە هەڵبژاردن ناتوانێ دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بگۆڕدرێت، چونکە گەر وانیە، ئەوە ئاسانترین ڕێگە بوو کە بایکۆتی پارتی بکریتە هۆکارێک کە پارتی تەریک بکرێتەوەو هەڵبژاردن بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئەنجام بدرایەو دەسەڵاتی پارتی کۆتایی پێبهێنرایە، بەڵام دیمان کە ناتوانرێت کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدرێت، دادگای فیدراڵی بەناچاری بڕیارەکانی گۆڕی.
بۆیە ئەتوانین بڵێین ئەو خەیاڵات و چەواشەکاریانەی ئۆپۆزسیۆن وەک ئومێدێک بۆ کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی بانگەشەی بۆدەکەن، بێناوەڕۆک و بێمانایە، چونکە لەگەڵ هەر ئاڵوگۆڕێک کە لەدۆخی سیاسی کوردستاندا ڕویدابێت، یان پەیوەندیەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بارگرژی تێکەوتبێت، هەروەها حکومەتی عێراق و هێزەکانی شیعە فشارێکی زۆریان لەسەر بارزانی و تاڵەبانی دانابێت و میلی هاوسەنگی هێزیان بەقازانجی حکومەتی عێراق وەرچەرخاندبێت، مانای ئەوە نیە کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیە، دەسەڵاتی زۆنی زەردو سەوز لاوازن لەبەرامبەر حکومەتی عێراقداو ناچارکراون ملکەچی ئەو واقعیەتەبن، حکومەتی عێراق ئەم دووهێزە میلیشیایەی بزوتنەوەی کوردایەتی بەوشێوەیە لاپەسەندە کە پاشکۆی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق بن، پارتی و یەکێتیش لەچوارچێوەی ئەو ململانێیانەی لە چەند ساڵی ڕابردودا لەبەرامبەر حکومەتی عێراقدا هەولیان بۆداوە، نەک مایەپوچ مانەوە، هەنگاوبەهەنگاو ئایندەی بەرژەوەندیەکانیان لەژێر سێبەری سیاسەتی حکومەتی عێراقدا پێناسەدەکەنەوەو پێگەی خۆیان دەپارێزن، بەڵام لەبەرامبەر خەڵک و ئەو لایەنانەی وەک ئۆپۆزیسۆن خۆیان پێناسە دەکەن، پارتی و یەکێتی بەداخەوە کە توانایان نەگۆڕدراوەو بەردەوامی بەدەسەڵاتەکەیان ئەدەن و بەهیچ جۆرێک هەڵبژاردن ناتوانێ ئەو پرۆسەیە بێت مانای کۆتایی دەسەڵاتەکەیانی لێکەوێتەوە. لەلایەکی تریشەوە ئۆپۆزسیۆن بانگەشە بە ئومێدێکەوە دەکات کە گوایە لەڕێگەی پشتیوانی بە حکومەتی عێراق و دادگای فیدراڵیەوە ئەتوانن سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەڵام ئەوەی زۆر ڕۆشنەو حکومەتی عێراق و هێزەسیاسیەکانی عێراق بەهیچ جۆرێک حسابی لەسەر ناکەن، ئەو لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەی کوردستانە کە جێگای متمانەی سیاسی و بەرێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی نین، ئەو ئەرک و کارەو پێشخزمەتیەی بارزانی و تاڵەبانی ئەتوانن بۆ حکومەتی عێراق ئەنجامی بدەن، ئۆپۆزسیۆنەکەیان کۆمەڵێ لایەنی بێکارو هیچ لەبارانەبون.
هەروەها شێوازی ئەم هەڵبژاردنە ٢٠/١٠ی ئەمساڵ بەهەر جۆرێک بەڕێوەببرێت و هەرلایەنێک بەڕێوەی بەرێت، مانای ئەوە نیە ئەتوانرێت دەرگای ساختەکاری بەرامبەر بەهێزی میلیشیا ببەسترێت، ئەوەش بەدوور نازانم کە لایەنەکانی حکومەتی عێراق یارمەتی پارتی و یەکیتی لە ساختەکاریدا بدەن، جگە لەوەش هەردوو هێزی دەسەڵاتدار نفوزێکی تایبەتی بەخۆیان هەیە وەک دەنگدەری جێگیر حسابیان لەسەر کراوە، کە ناتوانن دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی و یەکێتی نەدەن و ژماریەکی کەم نین، کە ئۆپۆزسیۆنەکان لەم جۆرە دەنگدەرانە بێبەشن، دەنگدان بۆیان پەیوەستە بە مەزاجی دەنگدەرانەوە، بۆیە داوا دەکەن زۆرترین کەس بەشداری بکات.
ئەگەر کورتی کەینەوە، دۆخەکەو پێگەی تائێستای بارزانی و تاڵەبانی ناتوانێ ئەوەمان نیشاندات تا خەڵك فریوی ئەوە بخوات کەبە دەنگدان ئەتوانن ئەم دەسەڵاتە ئاڵوگۆڕ پێبکەن، بۆیە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکان و دەنگنەدان بەشێک دەبێت لە پیادەی ئەو ئاڕاستەیە کە خەڵکی ناڕازی لەڕاستای ئەو ئامانجەدان کە بە ڕاپەڕینی جەماوەری دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە کۆتایی پێبهێنن.
ئۆکتۆبەر: قسەیەکیش هەیە کە دیسان ئۆپۆزیسیۆن دەیکات و رەنگە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی هەندێ کەسیش دانابێت، ئەویش ئەوەیە کە دەڵێ؛ ئەگەر خەڵك بایکۆت بکات وەکو ئەوە وایە دەنگبدەن بە مانەوەی یەکێتی و پارتی! ئایا بەڕاست بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن و دەنگنەدان خزمەت بەمانەوەی ئەو دوو حزبە دەکات لەسەر دەسەڵات؟ ئایا ئیمکانی ئەوە هەیە بە دەنگدان دەسەڵات لەو دووحزبە بسەنرێتەوە؟
عوسمانی حاجی مارف: هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا هیچکات دەنگدان سەنگی مەحەکی مانەوە یان نەمانەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نەبووە، هەڵبژاردن لەکوردستان ئەو تایبەتمەندیەی هەیە کە تەنها ئامرازێکە بەدەستی بارزانی و تاڵەبانیەوە کە بەناوی هەڵبژاردنەوە شەرعیەت بەدەسەڵاتەکەیان بدەن، دەنا هەلبژاردن بکرێت یان نەکرێت زۆنی زەردو و زۆنی سەوز باقیە، فرسەتدان بەبەشداری لایەنەکانی تریش بەهەر ناوێکەوە یان بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە، تەنها ئارایشکردنی شێوازی هەڵبژاردنەکەیە، جا ئەو لایەنانە هەر ڕێژەیەک لە دەنگیان بەدەست هێنابێت، نەیانتوانیوە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکەو گۆڕانی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی هەبێت، جگە لەوەی کە دواتر بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەی حکومەتەکەیان، واتە ئێستاش بەومانایە کە دۆخەکە پێشوەخت هیچ ئاڵوگۆڕێکی لە توانای دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەبەرامبەر خەڵک و بەناو ئۆپۆزسێۆنەکەیدا پێکنەهێناوە، ئاشکرایە کە ئەنجامی دەنگدانی ئەم هەڵبژاردنەش هەر جۆرێک بێت ناتوانێ ئاڵوگوڕ لەدەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی پێشبینی بکرێت، بەڵام دیارە ئەم دۆخی بێزاری و تورەیی و ناڕەزایەتیە فراوانەی خەڵک لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمدا، ڕێژەی دەنگدەر کەمدەکاتەوە، ئەمەش زیاتر بەزیان بۆ لایەنەکانی بەناو ئۆپۆزسێۆن تەواو دەبێت، چونکە ئۆپۆزسیۆنی بەشدار لەم هەڵبژاردنەدا، تەنها ئومێدیان بەدەنگدانە، نەچونی خەڵک بۆ دەنگدان، بێئومێدیان دەکات لەو چاوەروانیەی کە بە هەڵبژاردن بۆ بەدەستهێنانی چەند کورسیەک هەیانە، ئەمەش مایەی ئەو مەترسیەیە بۆیان کە نەتوانن کورسی پێویست بەدەست بهێنن، پێموایە خۆشیان باش دەزانن کە پارتی و یەکێتی مایەیەکی ئەوتۆیان لەسەر دەنگدان دانەناوە، لە هەر حاڵەتێکدا ئەوەی گرنگە بۆیان پرۆسەکە بەبێ کێشەو دەردیسەری تێپەرێنن، دەوری خەڵکیش ئەوەیە بتوانێ ئەو کێشەو دەردیسەریانە زیادکات بەسەریانەوە، ئەمەش لەرێگەی بایکۆتی بەرفراوانەوە بەدەست دێت.
ئۆکتۆبەر: حزب بڕیاری داوە بەشداری هەڵبژاردن نەکات و بێگومان داواش لە خەڵك دەکات کە بەشداری نەکەن و دەنگ نەدەن. ئایا یەکەم؛ بەشداری نەکردن لە هەلبژارندا چ مانایەکی هەیە بۆ خەڵك و بۆ دەسەڵات؟ دووەم؛ شێوازی بەشدارینەکردن چۆن بێت؟ هەندێ کەس بڕوای وایە کە بەشداری دەنگدان بکرێ، بەڵام دەنگەکەیان بسوتێنن تا یەکێتی و پارتی نەتوانن دەنگەکانیان بەکاربهێنن!؟ ئێوە لەوبارەوە چ بۆچوونێکتان هەیە؟
عوسمانی حاجی مارف: نەچوون بۆ دەنگدان پێویستیەکی گەشەسەندنی نارەزایەتیەکانی خەڵکە، کە لە ڕۆژی دەنگداندا نەچینە دەرەوە و نەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان، نەچوون بۆ دەنگدان مانای نایەکی گەورەیە بۆ ئەم دەسەڵاتە، چونکە تەواوی لایەنەکان بۆ ساختەکاری و بەسەرکەوتن گەیاندنی هەڵبژاردنەکەیان پێویستیان بە نیشاندانی وەستان و ڕیزبونی خەڵکە لە بنکەکانی دەنگداندا، پێویستە لەبەرامبەر ئەو ڕاستیەدا بەئاگابین کە دەنگی ئێمەیان ناوێت، تەنها وەک ئەکتەرێک بەکارمان دەهێنن، بۆیە یەکەم؛ نەچوون بۆ دەنگدان ڕیسواکردنی تەواوی پرۆسەی گاڵتەجاری هەڵبژاردنەکەیانە، چونکە ئەوان بەهەر فروفێڵ و شێوازێکی ناشایستەو ساختەکاری بێت ئەتوانن یاری بەدەنگەکان بکەن. دووەم؛ ئەوان پێویستیان بە کۆبونەوەی خەڵکە بەدەوری بنکەکانی دەنگدان تانیشانی بدەن کە هەڵبژاردنەکەیان شەرعیەتی هەیە. بەڵام ئەوانەی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن و کاندیدیان هەیە، بە فریودانی ئەوەی دەنگی خەڵک نەسۆتێ لەخەڵک دەپاڕێنەوە بچن دەنگ بدەن، بەڵام کەسی ناڕازی بچێت بۆ دەنگدان یا نەچێ دەنگەکەی هەرسوتاوە، نەچوون بەهێزکردنی پرۆسەی ناڕەزایەتیەکانمان نیشان ئەدات، چوون بۆ دەنگدان دەنگی ناڕەزایەتی دەسوتێنێت.
ئەوان هەوڵئەدەن ئەم پرۆسەیە تێپەرێنن، بۆیە پێویستە هوشیاری خەڵک لەوە زیاتربێت کە فریوکاری تەواوی لایەنەکان کاریگەری لەسەریان هەبێت. ئەو ڕاستیەش نابێت فەرامۆش بکەین کە پارتی و یەکێتی وەک دەسەڵاتدار بەهەر شێوەیەک بۆیان بچێتەسەر ئەتوانن ساختەکاری بکەن، وەک پێشتر وتم هیچ دوورنیە کە حکومەتی عێراقیش یارمەتی ساختەکاریان بدات، لەبەرامبەر خەڵکی ناڕازی عێراقدا حکومەتی عێراقیش جێگای متمانە نیە.
ئەوەی ڕاست بێت بەجۆرێک کە لە گاڵتەجاری ئەم هەڵبژاردنە تێگەیشتوین، بەتایبەتی لە دۆخی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، ئەوە باش دەبینین کە جۆری بانگەشەیان بۆ هەڵبژاردن ناتوانن بە بەڵێنی دابینکردنی خواست و موچەو پیداویستیەکانی ژیان خەڵک فریوکاری بکەن، چونکە بە لاوازی پێگەیان لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا ئەو هەلەیان لەدەستداوە کە ڕوویان بێت بانگەشەیەکی لەو چەشنەبکەن، زیاتر لە گۆشەیەکەوە بانگەشەکانیان ڕادەگەیەنن، کە ڕیسواکردن و تاوانبارکردن و شکاندنی یەکترە تائاستی دروشمی کۆتایی دەسەڵات، بەمجۆرە بانگەشەکەیان زیاتر نیشاندانی دۆخی شەڕە تا ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بێت، ئەتوانم بڵێم هەڵخڕاندنی دۆخێکی لەم چەشنە زیاتر پێویستی بە نەچوون بۆ دەنگدان و ڕیسواکردنی پرۆسەکەیانە، ئۆپۆزسیۆنێکیش هەستی دڵسۆزی و پشتیوانی بۆ خواست و ئایندەی خەڵک هەبێت، لەڕیزی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا دەوەستێت بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە لە ڕێگەی ڕاپەڕین و شۆڕشی جەماوەریەوە، نەک بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا کە دەسەڵاتداران بۆ شەرعیەتدان بەدەسەڵاتەکەیان بەکاری دەهێنن.