ناڕەزایەتی جیهانی دژ بە جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران!
ئەم چەندرۆژەی رابردوو لەگەڵ درێژەی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران و وەڵامی کۆماری ئیسلامی ئێران، نا ئارامی و کوشتارو کاولکاری نەک تەنیا ئێرانی گرتەوە، بەڵکو بەجۆرێک پەرەی سەندەوە کە سەراپای ناوچەکەی گرتۆەوە و نازانرێت ئایندەی خەڵک لەو ناوچەیەدا بەهۆی حکومەت و هێزە کۆنەپەرست و فاشیست و دژی ئینسانیانەی سەرمایەداری بەرەو کوێ دەڕوات، لەکاتێکدا کێشەکانی نێوانیان و جەنگ و کاولکاریان هێندەی دڵۆپە ئاوێک پەیوەندی بەباش بژێوی و ژیانی خەڵكەوە نیە!
هەربۆیە ریزی ملیۆنی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی و یەکێتیە کرێکاری و کۆمۆنیست و چەپەکان لەدنیادا رژانە شەقامەکانی زۆرێک لەشارەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، و زۆر شاری بەریتانیا، سوید، نەرویج، بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی راوەستانی دەستبەجێی جەنگ دژی ئێران، نا بۆ رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆماری ئیسلامی دەبێت بە هێزی خەڵک بڕوخێت، نا بۆ بۆمبارانی ئێران، نا بۆ جەنگی ترەمپ و دروشمەکانی دژی ترەمپ، کیەر ستارمەرو ناتانیاهۆ بەرزکرابوونەوە.
رێکخستنەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە چەند ووڵات بەشداری ناڕەزایەتیەکانی کرد بە دروشمەکانی: راوەستانی دەستبەجێی جەنگی بۆسەر خەڵكی ئێران، خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی و یەکسانی زەوت مەکەن! شەڕ وەڵام نییە — ئاشتی بۆ خەڵک! بەشداری کرد، هەروەها بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وحزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق سەبارەت بە جەنگەکە بەزمانی ئینگلیزی بڵاوکرایەوە.
لە زۆرێک لە وڵاتەکاندا رێپێوانەکان لای پەرلەمان و ناوەندەکانی شارەکانەوە بەرەو سەفارەتی ئەمریکا بەڕێدەکەوتن و لەوێدا دروشمی دژی جەنگخوازی ئەمریکاو ترەمپ دەوترانەوە.