کردەوەی تیرۆریستی مانچستەر سەرکۆنە دەکەین!
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢ی ئۆکتۆبەر، کەسێک بە ئۆتۆمبێل خۆی دەکات بەناو کۆبوونەوەی ژمارەیەك هاوڵاتی جولەکە کە لەبەردەم پەرستگاکەیان لە شاری مانچستەر، بەبۆنەی جەژنەوە کۆبووبونەوە و هاوکات بە جەقۆ هێرش دەکاتە سەریان و لەئاکامدا دوو کەس دەکوژێت و سێ کەسیش بریندار دەکات. هێرشبەرەکە لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێدەکرێت و دەکوژرێت. بەپێی ڕاگەیاندنی پۆلیسی مانچستەر، ناوبراو ناوی جیهاد ئەلشامییەو خەڵکی سوریایە و خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانیە. هەروەها سێ کەسی دیکەش بەتۆمەتی ئامادەکاری بۆ کردەوە تیرۆریستیەکە دەستگیرکراون.
ئەم رووداوە تیرۆریستیە لەکاتێکدا روودەدات کە بەریتانیا بە دۆخێکی سەختی ئابوریدا تێدەپەڕێت کە کاریگەری لەسەر ژیانی سەرجەم خەڵکی کەمدەرامەت داناوە و حکومەتی لەیبەریش بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆسەر ئاستی ژیان و گوزەرانیان. رەوت و لایەنە سیاسیە ڕاستڕەوە بۆرژواییەکانیش، بەسوود وەرگرتن لە شکستەکانی حکومەتی لەیبەر، دەیانەوێ لەسەر حسابی پەنابەران و تاوانبارکردنیان بە سەرچاوەی هەموو کێشەکانی ژیانی خەڵك، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگەکانیان زیاد بکات، پڕوپاگەندەیەکی ژەهراویان دژی پەنابەران و کۆچبەران لە باکگراوندی ئیسلامی و رۆژهەڵاتی و… تاد. بەڕێخستوە. هێرشی بەردەوام لەلایەن فاشیست و ڕاسیستەکانەوە بە هاندان و ڕابەری لایەنە ڕاستڕەوەکان بۆسەر ئوتێڵ و شوێنی داڵدەدانی پەنابەران، ئاکامێکی ڕاستەوخۆی ئەو رقو کینەیەیە کە ڕاسترەوەکان لەناو خەڵکدا بڵاویدەکەنەوە و کاردانەوەی ترسناکی لێدەکەوێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، بەردەوامبوونی تاوانی جینۆسایدی ئیسرائیل بەرامبەر خەڵکی فەلەستین و لایەنگریی حکومەتی لەیبەر بۆ حکومەتی ئیسرائیل، رقوکینەی دژە جولەکە لەناو کەسانێکدا پەرە پێدەدات کە خاوەنی باکگراوندی ئیسلامی- عەرەبی و .. بن. ئەم دوو فاکتەرە، دەوریان هەبوە لەوەی کە تاوانی تیرۆری ئەو هاوڵاتیە جولەکانە لەلایەن هاوڵاتیەکی بەریتانی خاوەن باکگراوندی عەرەبی- ئیسلامی لێبکەوێتەوە.
ئێمە لە رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەتوندی سەرکۆنەی ئەم کارە تیرۆریستیە دەکەین و هاوکات بەشداری خەمی کەسوکاری قوربانیەکان و ئومیدی چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەکەین. هەروەها بەتوندی سەرکۆنە هەرجۆرە پڕوپاگەندەیەکی ڕاسیستی و فاشیستی و بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە رقو کینەو نەفرەتێکی ئاینی و رەگەزی لەنێوان دانیشتواندا دەکەین. حکومەتی بەریتانیا بەبەرپرسیار دەزانین بەرامبەر بەو سیاسەتە لایەنگریەی بۆ ئیسرائیل کە دەرفەت بۆ دژایەتی و رقوکینە لەناو دانیشتیواندا دەکاتەوە و زەمینەی ئەو جۆرە تاوانانە ئاسانتر دەکات. هاوکات داوا لە بەرەی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست و یەکێتیە کرێکاری و حزبە چەپ و سۆسیالیستەکان دەکەین کە وەکو چۆن یەکریز بەدژی کۆمەڵکوژی حکومەتی ئیسرائیل و بەدژی راسیزم و فاشیزم وەستانەوە، بەهەمان نەفسەوە رووبەرووی ئەو هەوڵانە بوەستینەوە کە ئەمجۆرە روداوە دەکەنە بیانوو بۆ زیاتر دابڕینی هاوڵاتیان و دانشتیوانی بەریتانیا لەیەکترو کردنیان بە گژی یەکتردا.
کۆمیتەی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥