شەوی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی ئابی ٢٠٢٥ لە یەکێك لە بەنزینخانەکانی هەولێر لەسەر شەقامی کۆیە، لەکاتی تێکردنی بەنزین لەلایەن دوو هاوڵاتی عەرەبەوە، لەگەڵ یەکێك لە کرێکارەکانی بەنزینخانەکە دەبێتە دەمەقاڵەیان و یەکێك لە دوو هاوڵاتیە عەرەبەکە چەندجارێك پاڵ بە کرێکارەکەوە دەنێ. کرێکارەکەش کە ئەو کارەی ئەوان بە سوکایەت پێکردن دەزانێ، چەکێکی کڵاشینکۆف دەهێنێ و تەقە لە هەردوو هاوڵاتیە عەرەبەکە دەکات و هەردوکیان دەکوژێت. هاوکات کرێکارێکی دیکە کە لەوناوەدا تێدەپەڕێت، بەهۆی فیشەکەکانەوە دەپێکرێت و گیان لەدەست دەدات.
ئەم روداوە دڵتەزێنە، ڕاستەوخۆ بەرهەمی ئەو دۆخە سیاسی و ئەمنیەی کوردستانە کە بەهۆی دەسەڵاتی میلیشیایی حیزبە ناسیونالیستەکانەوە بەسەرخەڵکی کوردستاندا سەپاوە. دۆخەکە بەجۆرێکە کە هەر سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیا و سەرۆك عەشیرەتێک، بەدەر لە هێزە چەکدارە رەسمیەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، دەیان چەکدار پارێزگاری لە سامان و کۆمپانیاکانی ئەوان دەکات و ئامادەن لەسەر بچوکترین کێشە میلی چەك لە خەڵك ڕابکێشن و کارەساتی لەوجۆرە بخوڵقێنن. کاتێك لەسەر فول لایت کوڕە بەرپرس یان پاسەوانی بەرپرسێك خوێنساردانە هاوڵاتیەك دەکوژێت و رووبەرووی هیچ جۆرە لێپێچینەوەیەك نابێتەوە یان بە سوڵحی عەشایەری پینەو پەڕۆی دەکەن، یاخود لەسەر خۆپیشاندان بۆ خواستی کارەبا بەرپرسێکی ئاسایشی پارتی هاوڵاتیەك دەکوژێت و کەیسەکەی دیزەبەدەرخۆنە دەکەن، و دەیان روداوی دڵتەزێنی دیکە، ئەمجۆرە کارەساتانە دەبنە روداوی ئاسایی و کۆمەڵگا و هاوڵاتیان روبەرووی مەترسی و نائەمنی دەکاتەوە.
بەڵام ئەم ڕوداوە، ئەمجارە سەرباری گەورەیی تاوانەکە، فرسەتی داوە لایەنگرانی ناسیونالیزم و نەتەوە چێتیە فاشیستەکان، کەلەسایەی حیزبە دەسەلاتدارەکاندا، دەلەوەڕن، لە دولاوە هانی بڵاوکردنەوەی رقو کینەی نەتەوەیی بدەن و ڕوخساری دزێو و پڕتاوانکاری حکومەت و سیستەمی دەسەلاتدارێتی، پەردەپۆش بکەن. ناسیۆنالیستە کوردەکان پاکانەی کوشتنەکە بەوە دەکەن کە ئەوانە عەرەبن و لەناو شارێکی کوردستاندا سوکایەتیان بە کرێکارێکی کورد کردوە! ناسیۆنالیستە عەرەبەکانیش دەیانەوێ ئەم رووداوە لەدژی خەڵکی کورد و هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن! هەردوولا خەریکن تاوانێک کە رویداوە و بەلاڕیدا بەرن و هەوڵدەدەن تاوانەکە بخەنە چوارچێوەی بەرژەوەندی سیاسی و سیاسەتە دژی ئینسانی و فاشیستیەکانی خۆیانەوە.
ئێمە لە کۆمیتەی هەولێری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتێکدا هەرجۆرە پاساوێك بۆ ڕەواییدان بەو تاوانە و هەمووجۆرە پڕوپاگەندەیەکی نەتەوەپەرستی و کینەتۆز و تەفرەقەئامێزی ناسیۆنالیستە کوردەکان و عەرەبەکان بە هەوڵیکی قێزەون دەزانین و سەرکۆنەی دەکەین، هاوکات بەشداری خەمی کەسوکاری هەرسێ قوربانیەکە دەکەین کە لەو روداوە دڵتەزێنەدا گیانیان لەدەستداوە.
ئەرکی دادگایە کە بەشێوەیەکی شەفاف لێکۆڵینەوە لەو روداوە بکەن و رێگانەدرێ کە وەبەرهێنانی سیاسی فاشیستانە بەم روداوە تراژیدیەوە بکرێت.
کۆمیتەی هەولێری
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٨ی ئابی ٢٠٢٥