ئاژانسی خۆراکی جیهانی (World Food Programme):
لانی کەم ٣١٩ ملیۆن کەس لە برسێتیدا ژیان بەسەر دەبەن!
ئاژانسی خۆراکی جیهانی رۆژی ١ی تەموز ڕایگەیاند کە لانی کەم ٣١٩ ملیۆن کەس لە برسێتیەکی ترسناكدا ژیان دەگوزەرێنن. ئەو ژمارەیە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ژیانیان لەسەر لێواردایە- ئەو خێزانانەی ژەمەکان دەبوێرن، ئەو مناڵانەی بە برسێتی دەچنە سەر جێگا، ئەو گروپانە لە خەڵك کە روبەرووی قەیران دەبنەوە.
ململانێکان، گۆڕانکاریە سەختەکانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، دەبنە هۆی ئەوەی خۆراک لەدەرەوەی دەستڕاگەیشتنی ملیۆنەها کەسدا بێت!
ئاژانسەکە دەڵێت کە کارەکەی بریتیە لە وەڵامدانەوە بە هاوکاری خۆراکیی دەستبەجێ بۆئەوەی ئەوەی مرۆڤ پێویستیەتی بۆمانەوە دەستی بکەوێ، بۆئەوەی خواردنێکیان هەبێ بیخۆن بەئومێدی مانەوە تا بەیانی! هەروەها دەڵێ: برسێتی دەتوانرێ رێگری لێبکرێ!
هەڵبەتە برسێتی دەتوانێ کۆتایی پێبهێنرێت. بەڵام ئەوەی کە ئاژانسی ناوبراو ئاماژەی پێناکات، سەرچاوەی ڕاستەقینەی هۆکارەکانی برسێتیە. ئاژانسەکە جەنگ و کەشوهەوا و بەرزبونەوەی نرخی خۆراك بە هۆکارەکانی گرانی دائەنێت. بەڵام بۆچی شەڕەکان روودەدەن!؟ بۆچی کەشوهەوا دەتوانێ کارەساتی ژینگەیی و برسێتی دروست بکات؟ بۆچی دەبێ نرخی خۆراکی پێویستی بەڕێوەچوونی ژیانی مرۆڤ گران بکرێ!؟ ئەمانە لای ئاژانسی ناوبراو، مەسەلە نین.
هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو هۆکارانەی کە ئاژانسی خۆراکی جیهانی باسی دەکات، دەسەڵاتی سەرمایەو قانجپەرستی بۆرژوازیە کە نرخەکان گران دەکات بەمەبەستی قازانجی زیاتر و بۆی گرنگ نیە کە مرۆڤە کەمدەرامەتەکان دەستیان پێی ڕادەگات یان نا؟ کۆمپانیاکانی خۆراك ئامادەن دەیان تۆن خۆراك فڕێبدەن دەریاوە یان لە جێگاکانی فڕێدانی خاشاك بیخەنە ژێر زەویەوە، بۆئەوەی نرخەکانیان دانەبەزێت! دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و لەپێشیانەوە ئەمریکا، لە چەندین ناوچەی جیهان، دەولەتەنا دەڕوخێنن یان رێکخراوی چەکداری تیرۆریستی دروست دەکەن و کێشە و ململانێی سەربازی و نائارامی پەرەپێدەدەن، لەپێناو بەرژەوەندیە سیاسی- ئەمنی و ئابوریەکانی خۆیاندا، بەوجۆرە ملیۆنەها هاوڵاتی گیرۆەدەی کارەسات و ئاوارەیی و بێکاری و برسێتی دەبنەوە. شەڕەکان و پیلانگێریە سەربازی و ئەمنیەکانی ئەمریکاو ئەوروپا لە عێراق، ئەفغانستان، سوریا، سودان، غەززە، یەمەن و ووڵاتانی ئەمریکای لاتین، ووڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا، هەموویان ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن کە ئەوە سەرمایەداریە شەڕ و کارەسات دەخوڵقێنن و ئاکامەکەشی، سەرەڕای کوشتاری سەدان هەزار خەڵکی مەدەنی، برسێتی و ئاوارەیی دەکاتە نسیبی ملیۆنەها ئینسان.
سەرەنجام پرسی کەشوهەوا، دیسانەوە ناتوانرێ لە دەسەڵات و چاوچنۆکی بۆرژوازی بۆ قازانج داببرێت. سەرباری هەوڵی سەرمایەداران بۆ قازانجی زیاتر بەبێ گوێدان ئەو گۆڕانکاریە ژینگەییەی بەهۆی کارەکانی گەڕان و هەڵکۆڵین و بڕینی دارستانەکان و دەرپەڕاندنی دەیان گازی کوشندە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا بۆناو ژینگەی کۆمەڵگاکان، روودەدەن، ئامادەنین کە بڕێکی کەم لە داهاتی گشتی بۆ چارەسەری کاریگەریەکانی کەشوهەواو ووشکەساڵی تەرخان بکەن، بەڵام بە ملیارەهاو بگرە تریلیۆنەها دۆلار بۆ خۆ پڕچەک کردن و هەڕەشەکردن لە مرۆڤایەتی خەرج دەکەن!
ئاژانسی ناوبراو، ئەگەرچی دەیەوێ روخسارێکی مرۆیی بەخۆی بدات، بەڵام لەراستیدا خۆی بەشێکە لە سەرجەم ئەو سیستەمەی ئێستا کە بوەتە هۆی ئەو کارەساتانە بۆ مرۆڤایەتی. ئەو رێکخراوە بۆ سوککردنی ئازارەکانە تا مرۆڤایەتی تەحەمولی سیستەمە نائینسانیەکەی بۆرژوازی بکەن. بەڵام ئەو داتایەنە هاوکات دڕندەیی ئەم سیستەمەش نیشان دەدات کە زمانی خۆیانەوە.
ئامادەکردنی: ئۆکتۆبەر