بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لەبەردەم باڵۆیزخانەی عێراقی لە لەندەن ڕێکخرا
رۆژی هەینی ٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٥ خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی، بەبۆنەی هەلمەتی ١٦رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی جیهانی دژ بە توندوتیژی دژی ژنان لە بەردەم باڵوێزخانەی عێراق لە لەندەن بەڕێوەچوو کە لەلایەن “ڕێکخراوی ژنانی کوردو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێکخراوی رابتەی ژنانی عێراق، فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی و رێکخستنی بەریتانیایی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ” و چەند هەڵسوراواێکی بەرگریکار لەمافەکانی ژنانەوە رێکخرابوو.
خۆپیشاندەران چەندین دروشمیان بەرزکردەوە لەوانە: ” نەخێر بۆ یاسای جەعفەری- بەڵی بۆ یاسای مەدەنی، بەشودانی مناڵان تاوانە، نا بۆ یاسای فرەژنی لە عێراق، یاسای جەعفەری هەڵبوەشێننەوە..” کە بەزمانەکانی کوردی عەرەبی و ئینگلیزی دەوترانەوە.
پاشان دەشتی جەمال دەقی ئەو نامەی ناڕەزایەتیەی خۆیندەوە کە ئامادەکرابوو بۆئەوەی ڕادەستی باڵوێزخانەی عێراق بکرێت. خاڵە سەرەکیەکانی نامەکە بریتی بوو لە:
- حکوومەتی عێراق دەستبەجێ هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای جەعفەری و بەشودانی منالان و رێگریکردن لە هاوسەگیری مناڵان.
- دەبێ حکومەتی عێراق تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری کچان بۆ ١٨ ساڵ بەرزبکاتەوە. هەموو هاوسەرگیریەکی مناڵان وەکو تاوان مامەڵە بکرێت
- دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەلیکترۆنیو ئیستغلالکردنی ژنان و کچان، لەوانەش دامەزراوەیەکی تایبەتمەند و ئەرکێکی ڕوون و هێڵی گەرمی کاریگەر
- فراوانکردنی بازنەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی و دابینکردنی سەرچاوەی پێویست بۆیان لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان
- دەستەبەرکردنی میکانیزمی ڕاپۆرتکردنی نهێنی و پاراستنی ڕزگاربووان لە تۆڵەسەندنەوە
- پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان.
بەدوای ئەودا ساجدە ئەموری بەرپرسی ڕێکخراوی رابتەی ژنانی عیراقی – لقی بەریتانیا و سەوسەن سەلیم بەرپرسی ڕیکخراوی ژنانی کوردوخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کاوە بێسارانی هەڵسوڕاوی داکۆکیکار لەمافەکانی ژنان هەریەك وتەیان پیشکەشکرد و باسیان لەئاکامە زیانبارەکانی هەمواری یاسای باری کەسێتی و بیمافی و چەوساندنەوەی ژنان و ئەرکێك کرد کەدەکەوێتە سەرشانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و هەڵسوڕاوان لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی یاسای جەعفەری و دانانی یاسایەکی مەدەنی کە مافەکانی ژنان و مناڵان دەستبەربکات.
لە کۆتایی خۆپیشاندانەدالیژنەیەکی سێکەسی کە پێکهاتبوو لە: “سەوسەن سەلیم، ساجدە ئەموری و دەشتی جەمال” نامەکەیان ڕادەستی کارمەندانی باڵوێزخانە کرد.