بانگەوازێك بۆ هاوڵاتیانی کوردی نیشتەجێی بەریتانیا!
با چالاکانە بەشداربین لە بزوتنەوەی دژی فاشیزم و ڕاسیزمدا
وەکو ئاگادارن ماوەیەکە حزبە ڕاستڕەوەکانی بەریتانیا پڕوپاگەندەیەکی ژەهراوی دژی پەنابەران بڵاودەکەنەوە بەوەی کە پەنابەران مەترسین لەسەر کۆمەڵگای بەریتانیا و هۆکار و سەرچاوەی هەموو کێشە و گرفتەکانی خەڵکی بەریتانیان. ئەوان پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە دەوڵەت پەنابەران لە ئوتێلی (٥) ئەستێرەدا دادەنێت و هەموو خزمەتگوزاریەکیان بەخۆڕایی بۆ دابین دەکات لەکاتێکدا کرێکاران و هاوڵاتیانی کەمدەرامەتی بەریتانی خۆیان بەسەختی دەستیان بەو خزمەتگوزاریانە دەگات و دەبێ پارەیەکی زۆر بدەن بۆ بەهرەمەندبوون لێیان.
ئەم پڕوپاگەندەیەی باڵی ڕاستی بۆرژوازی بەریتانی و حزب و سیاسەتمەدارە ڕاستڕەوەکانی لەبابەتی حزبی (Reform UK) و نایجل فەراجی سەرۆکی ئەو پارتە لەدژی پەنابەران لەکاتێکدایە کە چینی سەرمایەداری بەریتانیاو حکومەتی لەیبەر، کە زیاتر لە حکومەتی پارێزگاران، وەکو نوێنەری سیاسی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان، هێرشێکیان بۆسەر چینی کرێکار و کەمدەرامەتی بەریتانیا دەستپێکردوەو هەموو ئەو کۆمەکانەی دەوڵەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکانی هاوڵاتیان تەرخانکراوە، کەمدەکرێتەوەو دەستی بازاڕ ئاوەڵاکراوە بۆ تاڵانکردنی گیرفانی چینی کرێکار و هاوڵاتیانی کەمدەرامەتی بەریتانیا. ئەم دۆخە سەختەی ژیانی هاوڵاتیان و پڕوپاگەندەی ڕاسیستی حزبە ڕاستڕەوەکان و سیاسەتمەدار و چالاکوانەکانیان و میدیاکانی نزیك لەوان، کاریگەری خراپی لەسەر بەشێك لە هاوڵاتیان دروستکردووە، لەجیاتی ئەوەی یەخەی حکومەت و سەرمایەداران بگرن بۆ وەرگرتنی مافەکانیان، رووی هێرش و رەخنەکانیان کردۆتە پەنابەرانێك کە لە شەڕ و ئاوارەیی و برسێتی و ئەشکەنجەو زیندان هەڵهاتوون، کە خودی حکومەتی بەریتانیا نەخشی هەیەو هەبووە لە دروستکردنی ئەو دۆخە بۆئەوەی ئەو پەنابەرانە وڵاتەکانی خۆیان جێبهێڵن و ڕووبکەنە بەریتانیا.
تائێستا چەندین جار لەئاکامی ئەو پڕوپاگەندە ڕاسیستیانەی حزبە ڕاستڕەوەکانەوە دژی پەنابەران، لەلایەن گروپی شەقاوەی فاشیست و ڕاسیستەوە هێرش کراوەتە سەر شوێنی مانەوەی پەنابەران و ئاگریان تێبەرداوە. دوا چالاکی ڕاسیستەکان رۆژی شەممە رێکەوتی ١٣ سێپتێمبەر بوو کە لەسەر بانگەوازی تۆم ڕۆبنسۆن، چالاکوانی ڕاستڕەوی بەریتانی کە چەندین دۆسیەی تاوان و سزادانی هەیە، بە پشتیوانی ڕەوتە ڕاستڕەوەکانی ئەوروپاو ئەمریکاو تەنانەت بە هاوکاری دارایی ئیلۆن ماسکی گەورە سەرمایەداری ئەمریکا، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس شەقامەکانی لەندەنیان داگیرکردو دژی پەنابەران دروشمیان ووتەوە و تەنانەت هێرشیان کردە سەر ئەو خۆپیشاندەرانەی کە بۆ بەرگری لە پەنابەران و دژی فاشیزم و ڕاسیزم ڕوبەرویان بوونەوە.
ئێستا رێکخراوو سەندیکا کرێکاریەکان و کەسایەتی و گروپ و حزبە چەپ و سۆشیالستەکانی بەریتانیا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسیە کە ئەگەر بەری پێ نەگیرێت، نەك هەر مەترسی لەسەر ژیانی سەرجەم پەنابەران و هەموو ئەو هاوڵاتیە غەیرە ئینگلیزانەش دەکات کە ساڵانێکی زۆرە لەم ووڵاتەدا نیشتەجێن، بەڵکو مەترسی لەسەر کۆمەڵگای بەریتانیاو خودی چینی کرێکار و کەمدەرامەتی بەریتانیا دروست دەکات و دەرگای بەڕووی نائارامی و تەراتێنی باندو گروپە چەقۆکێشە فاشیستەکاندا دەکاتەوە دژی هەرجۆرە بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز و ئینساندۆستی لە بەریتانیادا..
ئێمە خۆمان و ئەندامان و دۆستانمان بەشێکین لەو جوڵانەوە ناڕازییەی دژی فاشیزم و ڕاسیزم بەڕێکەوتووە و بە تەواوی توانامانەوە بەشداری لە بەهێزکردنیدا دەکەین. بەهێزی ئەم بزووتنەوەیە بچوککردنەوە و بەرتەسککردنەوەی ئەو مەترسییەیە کە فاشیزم و ڕاسیزم کۆمەڵگەیان لەبەردەمدا ڕاگرتووە.
ئێمە هەرە زۆرمان بەشێکین لە چینی کرێکاری ئەم ووڵاتە و هەرجۆرە سەرکەوتنێکی ڕاستڕەو و فاشیستەکان ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر ژیان و ئەمنیەتی خۆمان و خێزان و مناڵەکانمان دروست دەکات. بۆیە ئێمە بەشێکین لەو بزوتنەوە ئینساندۆستیەی کە بڕیارە بەرامبەر بە شەپۆلی ئەم فاشیزمە بوەستێتەوە. ئێمە ناتوانین لە ماڵەکانی خۆماندا بە سەلامەتی دابنیشین و چاوەڕێ بکەین ڕاستڕەو و فاشیستەکان هێوربنەوەو درێژە بەژیانی ئارامی خۆمان بدەین.
ئێمە بانگەوازی هاوڵاتیانی کوردی بەریتانیا، رێکخراوە کوردیەکان، رێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی ژنان و پەنابەران وە سەرجەم پەنابەران دەکەین کە خۆیان بە بەشێک لەم جوڵانەوە ناڕەزایەتیانە بزانن و لە کار و چالاکییەکانی Stand up to Racism و یەکێتییە کرێکاری و ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لە پەنابەراندا بەشداری بکەن. رێگە نەدەن گوتاری ژەهراوی راستڕەوانە و توندرەوی کۆنەپەرستانە باڵبکیشێت بەسەر کۆمەڵگای بەریتانیادا و ژیانی پێکەوەییمان تێکبدەن و رقوکینەتۆزی بچێنن. پێویستە لەپاڵ یەکدا بۆ ئایندەی ژیان و سەلامەتی و ئەمنیەتی خۆمان بجەنگین.. بۆیە داواتان لێدەکەین لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی بزوتنەوەی دژی راسیزم و فاشیزم و ڕاستی توندڕەو چالاکانە بەشداری بکەن کە لەئایندەدا لە لەندەن و شارەکانی دیکەی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
کۆمیتەی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢١ی سێپتێمبەری ٢٠٢٥