هاوڕێ حەسەن مارف عارف لە ٢٩/٢/١٩٦٨ لە سلێمانی لە گەڕەکی سەرشەقام لە خانەوادەیەکی کرێکارو زەحمەتکێش، چاوی بە دونیا هەڵهێناوە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی هەر لە سلێمانی تەواوکردووە.
هاوڕێ حەسەن بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی خۆی و خێزانەکەی چەندین کاری جۆراوجۆری ئەنجامداوە. لە کۆتایی هەشتاکاندا لە بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانی دامەزراوە و چەند ساڵێک لەوێ کاری کردووە. لە ساڵانی نەوەتەکاندا چەند ساڵێك کاری کتێبفرۆشی کردووە لە شەقامی مەولەوی لە شاری سلێمانی، ماوەیەك کاری چێشت لێنانی کردووە لە مەقەڕی کۆمەڵە لە زڕگوێز، پاشان وەك کارمەندێك لە کتێبخانەی قوتابخانەکانی گەڕەکی ئازادی و زەرگەتە لە شاری سلێمانی دامەزراوە و دواتر وەك وێنەگری گەڕۆك لە سلێمانی و سەرچنار کاری کردووە و ماوەیەکیش کاری دەستفرۆشی کردووە.
بەهۆی ئەوەی برا گەورەکەی هاوڕێ حەسەن کە ناوی (حەمە ئازاد) بوو لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی ئەبێت لە ناوچەی قەرەداغ، هاوڕێ حەسەن وەک گەنجێکی تازە هەڵچوو لەگەڵ خانەوادەکەیدا سەرەڕای مەترسی رژێمی بەعس چەندینجار سەردانی ئەکەن. ئامۆژگاری حەمە ئازادی برای بۆ هاوڕێ حەسەن و خانەوادەکەی ئەوە ئەبێت کە هەڵەیەك ئەو کردوویەتی و پەیوەست بووە بە یەکێك لە حیزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستەکانی کوردایەتیەوە، ئەوان دووبارەی نەکەنەوە و پێیان خۆشخەیاڵ نەبن! وتوویەتی ئەمانە هەرچی ئەیڵێن درۆیە، ستەمکارن، تەعەدا لە خەڵک ئەکەن، گەندەڵکار و دژی ئازادین، تانانەت ڕێگەی ئەوە نادەن کە ئەو سەربازە هەڵاتوانەی لە خزمەتی سەربازی بەعس ڕایانکردووە و لەو ناوچەیەدان، تەنها لەبەرئەوەی کتێبی مارکسی و چەپ ئەخوێننەوە، بە ئارامی بژین و گێچەڵیان پێدەکەن، ئازاریان ئەدەن و ئازادییان لێ زەوت ئەکەن و بە مەترسی گەورە لەسەر خۆیانیان ئەزانن. ئەم ئامۆژگارییەی (حەمە ئازاد) ی برا گەورەی کاریگەرییەکی قوڵ لەسەر دنیابینی هاوڕێ حەسەن جێدەهێڵی و هەر لەسەرەتاوە خۆشخەیاڵی ئەو بە بزووتنەوە و حیزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستییەکان ئەڕەوێنێتەوە.
بەداخەوە (حەمە ئازاد) لە ساڵی ١٩٨٥دا لە شەڕێکدا لە ناوچەی دیانا گیان لەدەست دەدات و تەرمەکەشی نادۆزرێتەوە و تائێستاش کەسوکارەکەی نازانن گۆڕەکەی لە کوێیە!
هاوڕێ حەسەن لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە، هەر لە سەردەمی زۆر گەنجییەوە وەک کرێکارێکی سۆشیالیست و کۆمۆنیستێک، نزیکبووە لەو ئەڵقە کرێکاری و گروپ و ڕێکخراوە چەپ و مارکسییانەی لەو سەردەمەدا هەبوون.
هاوڕێ حەسەن ئینسانێکی هونەر و ئەدەب دۆست بوو، ئارەزووی نیگارکێشانی هەبووە و هەندێ جار شیعری جوانی ئەنووسی و لەو ڕێگەیەوە هەست و ڕەخنەی خۆی لە دیاردەکان دەردەبڕی.
لە ساڵی ١٩٩١دا، لە ڕاپەڕین و ڕاماڵینی بەعسدا چالاکانە بەشداری ئەکات و یەکێک ئەبێت لە هەڵسوڕاوانی چالاکی بزووتنەوەی شورایی کوردستان و لەم ئەلگۆ نوێیەی بزووتنەوەی جەماوەریدا ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێرێت. یەکێک ئەبێت لە دامەزرێنەرانی شووراکانی شاری سلێمانی و بەدیاریکراوی لە شورای سەرشەقام و زەرگەتە ماندوونەناسانە بەشداری ئەکات و دەبێتە سیمایەکی ناسراو.
لە ٥/٥/١٩٩٢ دا هاوڕێ حەسەن لەگەڵ هاوڕێ چیمەن عارفی هاوسەری ژیانی هاوسەری پێکئەهێنن.
لە دوای ڕاپەڕینەوە و بەر لە دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکایی عێراق، هاوڕێ حەسەن لە ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستیەکانی ئەوکاتەدا چالاکانە کاری کردوە و یەکێک لەو کۆمۆنیستانە بوو کە بە شۆڕوشەوقەوە چاوی بڕیبووە دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق کە لە ٢١/٧/١٩٩٣دا دامەزرا و لە یەکەم ڕۆژەوە ئەبێتە ئەندامی حیزب. هاوڕێ حەسەن ماوەیەک بەرپرسیارێتی پەخشی رادیوێی حیزب لە سلێمانی دەگریتە ئەستۆ. لەگەڵ دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستاندا کە لە ١٥/٣/٢٠٠٨دا ڕاگەیەندرا، هاوڕێ حەسەن پێوەی پەیوەست دەبێت و تێیدا درێژە بە خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستی خۆی دەدات. دوای چەندین ساڵ لە چالاکی سیاسی و حزبی، بەرپرسیارێتی کۆمیتەی حیزب لە ئوسترالیا دەگرێتە ئەستۆ.
هاوڕێ حەسەن لە ساڵی ١٩٩٩ دا لەگەڵ چیمەنی هاوسەری و زاریای کچی کوردستان جێدەهێڵن و دەبنە پەنابەر لە تورکیا، هەر لە تورکیا مناڵی دووەمیان (پۆشکین) لەدایک ئەبێت و لەساڵی ٢٠٠٠دا لە ئوسترالیا وەردەگیرێن و ئەگەنە ویلایەتی تازمانیا. لە ساڵی ٢٠٠١ دا ئەگوازێتەوە بۆ شاری سیدنی تا هاوشان لە نزیک هاوڕێیانی لە ڕێکخراوی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا درێژە بە کاری حیزبی و کۆمۆنیستی خۆی بدات. هاوڕێ حەسەن بۆ درێژەدان بە ژیان و گوزەرانی خێزانەکەی بۆماوەی ١٥ ساڵ و تا ساڵی پار تا ئەو کاتەی دکتۆرەکانی پێشنیاری ئەوەیان بۆ کرد کە واز لە ئیشکردن بهێنێ، کاری شۆفێری تاکسی دەکات.
بەداخەوە هاوڕێ حەسەن تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بوو بەناوی (ڤیکسەس سیندرۆم)، کە ئەم نەخۆشییە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە پەیدا بووە و پێشتر نەبووە. هەرچەندە نەشتەرگەری بۆکرا و نەشتەرگەریەکە سەرکەوتوو بوو، بەڵام بەداخەوە تووشی هەوکردنی خوێن بوو. پاش دوومانگ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا، بەداخەوە لەڕۆژی ١٢/٧/٢٠٢٥دا گیانی لەدەستدا و بۆ هەمیشە ئەم هاوڕێ خۆشەویستەمان بەجێی هێشتین.
هاوڕی حەسەن لەماوەی نزیک بە ٤٠ ساڵ تێکۆشانیدا بۆ ساتێک لە خەبات لە دژی سیستەمی سەرمایەداری و لەپێناو بنیاتنانی سۆشیالیزم و دنیایەکی باشتر و بێ چین و چەوسانەوە کۆڵی نەدا و بە باوەڕێکی قوڵەوە بە کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازی و ئازادی وەک کادرو تێکۆشەرێکی کۆمۆنیست لە ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا خەباتی کرد.
هاوڕی حەسەن لە ساڵی ٢٠٢٠دا زنجیرەیەک وتاری بە ناوی (چۆن بووم بە کۆمۆنیست؟) لە واڵی فەیسبووکی خۆی بڵاوکردۆتەوە کە گۆشەیەک لە ژیانی و خەباتی کۆمۆنیستانەی خۆی تیادا خستووەتە ڕوو.
هاوڕێ حەسەن کۆمۆنیستێکی لێبڕاو، خۆشبین و ئومێدەوار، تیژ و سازش هەڵنەگر و پڕ جوڵە و ووزە بوو. ئەو بەردەوام لە هەموو چالاکیەکی کۆمۆنیستی و کرێکاری و ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەدا بەشداربوو، ڕێکخەری زۆر لە چالاکییەکان بوو، وە ڕۆڵی چالاکانە و ڕابەری دەگێڕا. هاوڕێ حەسەن وەک هاوڕێ و کۆمۆنیستێکی خۆشەویست بەردەوام ڕێکخەری کەمپینە سیاسیەکان و تەنانەت گەشتە تەرفیهیەکان بوو لەگەڵ هاورێکانیدا و هۆکاری کۆکردنەوەی دۆستان و هاوڕێیانی بوو لەدەوری یەکتر و بەسەربردنی کاتی خۆش و بەسود و پڕ خەندە پێکەوە. هاوڕێ حەسەن زەریایەک بوو لە خۆشەویستی، قەڵایەک بوو لە خۆڕاگری، کێوێک بوو لە ورە و چیایەک بوو لە کۆڵنەدان.
یادی هاوڕێ حەسەنی خۆشەویست هەردەم بەرز و بەڕێز دەمینیتەوە لە دڵ و دەرونماندا و ڕێگەی خەباتی بەردەوام دەبێت.
تێبینی: ئەم ژیاننامەیە لەلایەن هاورێ عامر سابیرەوە نوسراوە بەهاوکاری هاوڕێ چیمەن عارفی هاوسەری و خوشکەکانی هاوڕێ حەسەن. لەلایەن ئۆکتۆبەرەوە بە کەمێك دەسکاریەوە بڵاوکراوەتەوە.